مەزلۆم عەبدی لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕێ شەهیدانی عەفرین: ئەم قڕکردنە ڕاگرن

مەزڵوم عەبدی، ڕایگەیاند، سوپای داگیرکەری تورک، گۆڕی ئەو شەهیدانە هەڵدەدەنەوە، کە لەکاتی بەرگرییکردن لە عەفریندا شەهیدبوون و وەک گۆڕی بەکۆمەڵ پیشانی ڕای گشتیی دەدەن.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، لە تویتێکدا لە تویتەری خۆی نووسیویەتی، سوپای تورکی داگیرکەر، گۆڕی ئەو شەهیدانە هەڵدەدەنەوە، کە لەکاتی بەرگرییکردن لە عەفرین شەهیدبوون، دواتر ڕاستییەکان دەشارنەوە و وەک گۆڕێکی بەکۆمەڵ پێشکەشی ڕای گشتیی جیهانیان دەکەن.

مەزڵوم عەبدەی، بانگەوازیی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کردووە، کە دەستبەجێ ئەو کۆمەڵکوژییە ڕابگرن و عەفرین و دانیشتووانەکەی لە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بپارێزرێن.

جێگای ئاماژەیە، سوپای داگیرکەری تورک، دەستیان بە دەرهێنانی تەرمی شەهیدانی عەفرین لەناو گۆڕەکانیان کردووە و وێنە و ڤیدیۆی لە ڕاگەیاندنەکانیان بڵاودەکەنەوە، کە گوایە ئەوانە گۆڕی بەکۆمەڵن و شەڕڤانانی پێ تۆمەتبار دەکەن، لەکاتێکدا ئەوانە گۆڕی خودی ئەو شەڕڤانانەن، کە لەکاتی بەرخۆدانی عەفریندا شەهیدبوون.

ف.ق