بەڵگەیەکی دیکەی بەتاڵانبردنی شوێنەوارە دێرینەکانی عەفرین

لە گۆگل ئێرس (مانگی دەستگرد) دیارە کە سوپای داگیرکەری تورک لە باکوری عەفرین گردی مێکوویی شۆربەی تاڵانکردووە.

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارناسی عەفرین وێنەی گردی شۆربەی لە گۆگل ئێرس بەدەست هێنا کە ٢٨ی کانونی یەکەم تۆمارکراوە و بەپێی دیمەنەکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک گردە دێرینەکەی تاڵانکردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی هاوار، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بەرزاییەکانی گردی شۆربەی عەفرین، چاڵی گەورەی هەڵکۆڵیوە و هەموو شوێنەوارە مێژووییەکانی هەڵوەشاندووە.

بەپێی زانیاریەکان، دارە زەیتونەکانی باکور و باکوری رۆژئاوای گردەکەش تاڵانکراون.

گردی شۆربە ٢٠ کیلۆمەتر لر عەفرینەوە دوورە و سەر بە گوندی گەمروک و سێمالکایە.

گردەکە ٧٠٠ مەتر لە گوندی گەمروک دوورە. وەزارەتی کشتوکاڵی سوریا و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارناسی سوریا بە بریاری ١٩٨١ (خاڵی ٢٤٤)، گردەکەیان وەک گردێکی مێژوویی تۆمار کرد.

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارناسی عەفرینیش باسی ئەوەی کرد، زانیاریان لەبەردەست نییە، ئایا ئەو چاڵانەی گردی شۆربە چەند قوڵن و بەرهەمی مێژوویی بەدەستهێنراون یان نە.

ف.ق