"بەرخودانی زەندورا بۆ ئێمە بووەتە سەرچاوەی هێز و ورە"

گەریلاکانی هەڵمەتی جەنگی خابوور لە هێڵی قاشورا لە سەنگەرەکانی بەرەنگاری و بەرخوداندا لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار – داگیرکەر شەڕ دەکەن. ئەو گەریلایانە رایانگەیاند، "زەندورا بۆ ئێمە سەرچاوەی هێزە و ورە و بەرخودانە".

راستیی شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا رۆژ بە رۆژ زیاتر روون دەبێتەوە. هێزەکانی گەریلا، کە سوپای تورک-یان لەو ناوچانەدا تێکشکاندووە، بە پێداگرییەوە بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن. گەریلاکانی هەڵمەتی جەنگی خابوور لە هێڵی قاشورا لە مەتینا لە سەنگەرەکانی جەنگ و بەرخوداندا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

گەریلا عەلی شێر باسی دۆخی رووخان و تێکشکاندنی سوپای تورک و چالاکییەکانی هێزەکانی گەریلای کرد و وتی، "هەموو رۆژێک ئێمە چالاکی لە دژی جموجوڵە داگیرکەرییەکان ئەنجام دەدەین. دوژمن لەو شوێنەدا، کە خۆی جێگیر کردووە ناتوانێت بە ئاسانی بمێنێتەوە و بجوڵێتەوە. هەر چەند رۆژ جارێک سەربازەکانیان دەگۆڕن. دەوڵەتی داگیرکەر تاوەکو ئێستا ئەو ئەنجامەى بە دەست نەهێناوە، کە چاوەڕێی دەکرد و تاوەکو دێت تێکدەشکێت. هەوڵ دەدات لە رێگەى شەڕەوە تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە".

'بەرخودانی زەندور چاوگەیە'

گەریلا عەلی شێر رایگەیاند، بەرخودان لە ناوچەى زەندورا بووەتە قیبلەى گەریلا و رۆحی سەردەم تیایدا روون بوویەوە. راشیگەیاند، "لە جەنگی خابووردا بەرخودانی شاخی زەندورا بۆ گەریلا لە مەتینا بووەتە چاوگەى هێز و ورە و بەرخودان. لەو شەڕەدا خوڵقکاریی گەریلا خۆی دەرخست و گەریلا بەو خوڵقکارییانە شەڕ دەکات. تاوەکو دێت هێرشە ئاسمانییەکانیان و ئەو تەکنیک و تەکنەلۆژیایەى بەکاری دەهێنن، بەهۆی شێوازەکانی گەریلای مۆدێڕنەوە بێ ئەنجام و بێ کاریگەر دەبن.

'لە کاتی چالاکییەکاندا سەربازانی تورک بە دوای رێگای راکردندا دەگەڕێن'

سوپای داگیرکەر هەوڵ دەدات سەربازەکانی خۆی بۆ مانەوە و بەردەوامیدان بەو شەڕە قەناعەت پێ بکات، بەڵام ناتوانێت، چونکە کاتێک ئێمە چالاکی دەکەین و لێیان دەدەین سەربازەکان هەموویان بە دوای رێگای راکردندا دەگەڕێن. دوژمن لە بەرامبەر بەرخودانی گەریلا تووشی شۆک بووە. گەریلا لە هەلومەرجی بێ ئاوی، بێ نانی و بە کەمترین ئیمکانیەتەوە هیچ شتێک بۆ خۆیان بە رێگر نازانن و هەموو لەمپەرەکان تێکدەشکێنن. ئەوەش بیرو و باوەڕی گەریلایە و هێزەکەشی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت".

'بڕیار و پێداگریی ئێمە بۆ شەڕ گەورە و بەهێزە'

لە شەڕی گەریلادا ژن خاوەن رۆڵێکی گەورەیە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەوە دەترسێت و کەوتووەتە حسابات و لێکدانەوە. لەبەر ئەوەش قورسترین هێرشەکان لە دژی ژنان ئەنجام دەدات.

گەریلا ئارین یەکێک لە گەریلاکانی هێڵی بەرخودانی قاشورایە لە مەتینا و لە سەنگەرەکانی بەرەنگاریدا ئەم شیکارییەى بۆ کردین، "بڕیار و پێداگریی ئێمە لەم شەڕەدا زۆر گەورە و بە هێزە. سوپای تورکی داگیرکەر بێچارە و بێ وەڵام ماوەتەوە و ئەنجامیش بە دەست ناهێنێت. مرۆڤ هەر چەند باسی بەرخودانی گەریلا بکات ناتوانێت مافی خۆی پێ بدات و بە تەواوی روونی بکاتەوە. زۆرترین مانادان بە بەرخودان لەلایەن بەرەنگاران و بەرخودێرانەوە دەکرێت.

'بە شێوازی نوێ و هاوچەرخ لە زەویدا دەجوڵێینەوە'

ئێمە بە شێواز و رێبازی نوێمان لەسەر زۆر بابەت هەڵوەستەمان کردووە. ئێستا ئێمە شەڕی تیم بەڕێوەدەبەین و بەو شێوازە بە زەویدا بڵاودەبینەوە. یەکێکیتریش بابەتی خۆشاردنەوەیە و بەو هەستیارییەى هەیە ئێمە زیاتر کاری لەسەر دەکەین. لە بابەتی خۆشاردنەوە و ناسینی جوگرافیا و زەوییەکاندا لە هەموو روویەکەوە گەریلا باڵادەستە. ئێمە گۆڕەپانەکە چۆن بەپێی پێویستی بەکار بهێنین ئێمە تیادا سەردەکەوین".

'ئێمە دوژمن لە هێڵی قاشوردا لەگەڵ زەوی تەخت دەکەین'

گەریلا ئارین رایگەیاند، زەندورا جێگە و هەواری عەگیدەکان و زیلانەکانە و گەریلا بە هەست و باوەڕبوون شەڕ دەکات و وتی، "بەرخودانی زەندورا لە کەسایەتیی ٦ عەگیددا پێکهات و ئەو بەرخودانە بۆ ئێمە لێوەردبوونەوەیەکی قوڵی دروستکرد. بەڕاستی مرۆڤ بیردەکاتەوە ئەگەر لە شوێنی ئەو هەڤاڵانە بوایە چیی دەکرد. یانی ئەو بەرخودانە بۆ ئێمە وەک هێڵێکە، کە ئێمە لەسەری دەڕۆین و درێژەى پێدەدەین. کاتێک دەوترێت زەندورا، فەرماندە هەژار و هاوڕێکانی دەکەونەوە بیری مرۆڤ. فەرماندە رێبەر بە یادی مرۆڤ دێتەوە. بۆ ئەوەى ئێمە خاوەندارییان لێ بکەین بێگومان ئێمە لەسەر رێگاکەى ئەوان شەڕ دەکەین. بۆ من وەک کەسایەتییەک زەندورا شتی زۆری لە مندا گۆڕی.

هێزی ژن لەو جەنگەدا هێزی یەکلاکەرەوە و چارەنووسسازە. کاتێک مرۆڤ خۆی لە ناویدا دەژی، هێزی ریشەیی ژنان لە رەگەوە دەناسێت. هەر منیش بۆ خۆم لە ناو شەڕدا زیاتر هێزی خۆم ناسی و هەستم پێکرد. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ئیدعای زۆرمان هەیە. ئێمە دوژمن لە هێڵی قاشورا لەگەڵ زەوی تەخت دەکەین".

ژ.ت