بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەپەگە: هێزەکانمان پلان و پرۆژەکانیان تێکشکاندن

سیابەند عەلی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەپەگە ڕایگەیاند، لە پشت پلانی هێرشکردنە سەر زیندانی غوێران هێزێکی زۆر هەبووە و وتی، "لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی قەسەدە و دژە تیرۆر و ئاسایشی ناوخۆ ئەو پلان و پرۆژانەیان تێکشکاندووە".

ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەم، داعش لە شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ شانە نووستوەکانی هێرشێکی گەورەی کردە سەر ئەو زیندانە، کە پێنج هەزار چەتەی تیادا راگیراوە. چەندین چەتەی داعش لە زیندان هەڵاتن و هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، هێزەکانی دژە تیرۆر و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش هاوکات و بە توندی وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە و هێرشی چەتەکانی داعشیان پوچەڵکردووەتەوە. ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمەکە بەردەوامە.

سیابەند عەلی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەبارەی دۆخی ئەم دواییەی حەسەکە و ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە چەتەکانی داعش بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

"هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بوو"

سیابەند عەلی ئاماژەی بەوەدا، چەتەکانی داعش تەنها ئەو هێرشەیان ئەنجام نەداوە و لە پشت هێرشەکەوە هێزێکی زۆر هەبوون، بەڵام شەڕڤانانی قەسەدە جارێکی دیکە پلانەکەیان تێکشکاندن. عەلی وتی: پێش ئەوەی چەتەکان هێرشەکەیان دەستپێبکەن، ویستویانە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم دەروازەی زیندانەکە بتەقێننەوە و وتیشی: "لەو هێرشەدا زیاتر لە سەد چەتە بەشدار بوون. نزیکەی ٦ مانگە خۆیان بۆ ئەو هێرشە ئامادەکردووە و دەیان شانەی نهێنیش بەشدارییان لە هێرش و جموجوڵەکەدا کردووە. چەتەکان چەند مانگێک زانیارییان کۆکردووەتەوە و لە ئەنجامدا هێرشیان ئەنجامدا. بە دەستێوەردانی هێزەکانمان لە خولەکی یەکەمەوە، هێزەکانمان ئەوەیان سەلماند، کە هێرشەکە سنووردار دەکەن و بە ئامانجی خۆی ناگات و ئەوەشیان کرد".

"زیندانەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانماندایە"

عەلی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی چەتەکان داگیرکردنی شاری حەسەکە بوو و وتیشی: "بەڵام لە ئەنجامی دەستێوەردانی جدیی هێزەکانمان ئەم پلانەی چەتەکان نەگەیشتووەتە ئامانج. ئێستا زیندانی سەناعە لە غوێران لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانماندایە. هەموو دەرگاکان و دەورووبەری لەلایەن شەڕڤانانی ئێمەوە گەمارۆدراون و شەڕڤانان لە ئۆپەراسیۆندان. نزیکەی سەد چەتە خۆیان لە بینایەکی نوێدا، کە لە کاتی دروستکردندایە، حەشارداوە و شەڕێکی گەورە لە دژیان دەکرێت. بەو ئۆپەراسیۆنانە پلانەکانی داعش پووچەڵ دەکرێنەوە".

"پلانەکە لەلایەن شەڕڤانەکانمانەوە پووچەڵکرایەوە"

سیابەند عەلی بەرپرسی راگەیاندنی یەپەگە ئەوەشی وت: لە خولەکی یەکەمدا ئەوە ڕوون بووەتەوە، کە هێزێکی زۆر لە پشت ئەو  پلانەوە هەیە و وتی: "بەهۆی ساڵیادی عەفرین و ساڵیادی دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە، هەم لەلایەن حەسەکە و هەم لەلایەن تل تەمر و زرگان و عەین عیساوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشی ئەنجامدا. هەروەها حکومەتی دیمەشق هەوڵدەدات سوود لەو هێرشە وەربگرێت. دەبێت بەباشی لەو پلانە تێبگەین. پلانێک لە دژی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتی بەڕێوەدەبرێت، بەڵام ئێستا هەموو ئەو پلانانە لەلایەن شەڕڤانانی ئێمەوە پووچەڵکراونەتەوە".

ژ.ت