بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە: ئێمە لەهەر چركەساتێكدا ئامادەین بۆ پاراستنی شەنگاڵ

سیامەند عەلی رایگەیاند؛ لەهەر چركە ساتێكدا ئامادەین شەنگاڵ بپارێزین و وەكو شەڕڤانانی یەپەگە قەبووڵ ناكەین جارێكی تر شەنگاڵ رووبەرووی هێرشێكی نوێ بكرێتەوە.

بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە سیامەند عەلی كە ئەو خۆشی یەكێك لەو شەڕڤانان بوو كە لەسەرەتای هێرشی سێ ئابی ٢٠١٤ گروپە چەتەكانی داعش بۆ سەر شەنگاڵ، خۆی گەیاندە شەنگاڵ، رایدەگەیەنێت، شەڕڤانانی یەپەگە قوربانی زۆر بەنرخیان بۆ شەنگاڵ داوە، چونكە پاراستنی شەنگاڵ بەواتای پاراستنی هەموو دین، باوەری و ئەتنیك و پێكهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوینە، یەپەگە و یەپەژە بەپاراستنی شەنگاڵ هەموو پیرۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوینیان پاراستووە.

سیامەند عەلی لەچاوپێكەوتنێكدا كە ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز لەسەر بیانوگرتن و هێرشەكانی دەوڵەتی عێراق و پەدەكە بەفیتی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر شەنگاڵ و هێزی پاراستنی ئێزیدیەكان "یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان" لەم ماوەی دواییدا پێكیدێنن، دەڵێت: "ئەگەر لەدژی شەنگاڵ هێرشێكی نوێ پێكبێت، ئەوا یەكینەكانمان ئامادەن وەڵامی داواكاری خەڵكی شەنگاڵ بدەنەوە. لە ئێستادا ئەرتەشی عێراق و پەدەكە هێرشی شەنگاڵ دەكەن و دەیانەوێت شەنگاڵ بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە و بەمشێوەیەش شەنگاڵ لەژێردەستی هێزەكانی پاراستنی شەنگاڵ و خۆبەرێوەبەری شەنگاڵ دەربهێنن. لەو هێرشانەیاندا چەكی قورسیان بەكارهیناوە. مێژوو شایەدی ئەوە دەدات كە لەكاتی هێرشی چەتەكانی داعشدا هێزە عێراقیەكان و پەدەكە لەشەنگاڵ چۆن چۆنی هەڵهاتن و ئەو خەڵكەیان لەنێو چنگی داعشدا بەتەنیا هێشتنەوە وبوونە هاوبەشی تاوانەكانی داعش. بەچە مافێك پەدەكە هێرش دەكاتە سەر شەنگاڵ؟

سیامەند عەلی لەبەردەوامی چاوپێكەوتنەكەیدا دەڵێت: "كاتێك ئێمە لە رۆژئاواوە روومان لە شەنگاڵ كرد، ئێمە لەقۆناخی پاراستندا بووین، چونكە داعش بەقورسی هێرشی دەكرد. بەڵام كاتێك لەسەر شەنگاڵ زانیاریمان بۆ هات، هەموو شەڕڤانان بڕیاریاندا، كە روو لەشەنگاڵ بكەن. كاتێك ئێمە روومان لەشەنگاڵ كرد لەنێوان یەپەگە و یەپەژە و چەتەكانی داعش شەڕێكی قورس روویاندا. لەئەنجامدا زۆر هەڤاڵی هێژامان شەهید بوون بەتایبەتی لەهەرێمی سنوونێ، خانەسور و رێگەی بەرەو چیای شەنگاڵ.

عەلی لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا دەڵێت: "ئێمە بۆ چی روومان لەشەنگاڵ كرد؟ یەكەم؛ بەهۆی ئەوەی ئەو گەلە، پارچەیەك لەگەلی كوردن و پاڵشتمانن. دووهەم؛ ئێمە داعشمان باش دەناسی، چونكە ئەو چەتانە بكەوتبانە هەر كوێ لەوێدا كۆمەڵكۆژییان پێكدەهێنا و سێیەمین ئامانجمان، نەماندەویست گەلەكەمان لەشەنگاڵدا جارێكی تر رووبەرووی كۆمەڵكۆژی ببنەوە. ئێمە نامانەوێت شەنگاڵ بن بكەوێت، چونكە شەنگاڵ ناوەندی بنگەهین و مێژوویی گەلی كوردە و مێژوویەكی هەزاران ساڵەی هەیە و هەرێمی هەرە كۆنی رۆژهەڵاتی ناوینە. داعشیش دەیوویست ناوەندی مێژوویی كوردان وێران بكات.

بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی شەنگاڵ سیامەند عەلی لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا دەڵێت: "كاتێك ئێمە گەیەشتینە شەنگاڵ ئێمە هیچ هێزێكمان نەبینی. كاتێك بەرەو شەنگاڵ دەچووین، تەنیا دەمانبینی كە بەهەزاران پێشمەرگە هەڵدێن. كاتێكیش خەڵكی شەنگاڵیش بە هەزاران كەس روویان لەرۆژئاوا كرد، هەڤاڵانی یەپەگە و یەپەژە هاوكاریان بوون.

سیامەند عەلی دەشڵێت: "من بەچاوی خۆم بینیم، كە چۆن هەڵدێن، ئێمە زۆرێك لەو پێشمەرگانەمان لەهەندێ خاڵدا كۆكردەوە، ژمارەیەك برینداریان هەبوو. هەندێكیان ترسیان لێنیشتبوو، ئێمە ئەوانەمان گۆاستەوە بۆ رۆژئاوا. تا ئێستاش قسەی هەندێك لەو پێشمەرگانە لە مێشكمدایە. دەگوتن چەكی گران بێنن، ئەگەر چەكی گران نەبێت، ناتوانن شەڕی داعش بكەن، بەڵام وەكو شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لەدەستی ئێمەدا تەنیا چەكی كڵاشینكۆف و رۆمانە و نارنجۆک هەبوون.

چەكەكانی پێشمەرگەش هەم نوێ و هەمیش پێشكەوتوو بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیرادەیان نەبوو، دەستیان لەشەنگاڵ بەردا، خەڵكی شەنگاڵ بەپیر و گەنجان، ژن و منداڵەوە بەتەنیا لەنێو چنگی داعشدا هێشتەوە. ئەوەش بڵێم؛ پاراستنی شەنگاڵ، بابەتێكی ئێرادە بوو نە چەك.

ژ.ت