بەڕێوەبەری خۆسەر ئەندامانی خانەوادەی چەتەکانی داعشی رادەستی هۆڵەندا کرد

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەر ژنێک و ٣ منداڵی چەتەکانی داعشی رادەستی حکومەتی هۆڵەندا کرد.

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ژنێک و سێ منداڵی خانەوادەی چەتەکانی داعشی لە کەمپی رۆژی شاری دێرک رادەستی حکومەتی هۆلەندا کرد.

ئەمڕۆ ٥ی حوزەیران شاندێکی فەرمی هۆڵەندا لەگەڵ کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە قامشلۆ کۆبوە.

شاندەکە لە ئیمیل دی بۆند نوێنەری تایبەتی دۆسیەی سوریای هۆڵەندا و دێریک جان بەڕێوەبەری کۆمیەتی دەرەوەی کۆنسولخانەی هۆڵەندا پێک دەهات و لەلایەن عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی کۆمیەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئەبیر ئیلیح و فەنەر ئەلگئێت جێگرەکانیەوە پێشوازیان لێکرا.

هەردوولایەن کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و دواتر پرۆتۆکۆلی رادەستکردنی منداڵەکان و ئەو ژنەیان ئیمزاکرد.

دواتر عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، بەڕێوەبەری خۆسەر منداڵەکان و دایکەکەیان رادەست دەکاتەوە و بەڵێننامەیەکیش بە دایکەکە ئیمزا دەکات و رادەستی حکومەتی هۆڵەندای دەکات.

هەروەها باسی ئەوەی کرد کە بەپێی سیاسەتی بەڕێوەبەری خۆسەر، ئەو ژنانەی کە هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نییە تاوانیان ئەنجامدابێت، رادەستی دەوڵەتەکان دەکرێنەوە، بەڵام ئەگەر ئەو دەوڵەتانە بەڵگەیان هەبێت کە تاوانیان ئەنجامداوە، دەتوانن، دادگاییان بکەن.

عەبدولکەریم عومەر داوای لە دەوڵەتانی ئەوروپا کرد کە بەرپرسیاری دۆسیەی چەتەکانی داعش بگرنە ئەستۆیان و وتی، "دۆسیەیەکی زۆر کێشەیە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیاری هەموو چەتەکانی داعش و خانەوادەی ئەوانە لە هەرێمەکە. لەبەرئەوەی مەترسین بۆ سەر هەموو وڵاتان. بۆیەش لەگەڵ هاوپەیمانان لەدژی داعش هاوکاریمان کرد."

باسی ئەوەشی کرد، ئەم دۆسیە یەکێک لە ئەنجامەکانی هەنگاوی هاوبەشی ئێمەیە لەدژی داعش. بۆیەش پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تاوانباران دادگایی بکات و بەرپرسیاسی هاوڵاتیەکانی هەڵبگرێت، ئەگەر منداڵ بن یان ژن. هەروەها پێویستە پشتگیری لە بەڕێوەبەری خۆسەر بکەن بۆ ئەوەی لە ناو کەمپی هۆڵ ئارامی هەبێت لەبەرئەوەی مەترسیدارترین کەمپی جیهانە.

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وتیشی، ئەوان هەوڵ دەدەن کەمپی هۆڵ دابەش بکن بۆ ئەوەی دیسیپلین دروست ببێت و کردەوەی رفاندنی تۆڕە نهێنیەکانی قاچاخچی تورک سنوردار بکەن. لەلایەکی دیکەوە ناوەندی پەروەردەی ژن و منداڵان، خوێندنگا و یاریگا لە کەمپەکە دروست بکەن و وتی، "ئێمە لەبارەی دۆسیەکە بانگەوازی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، هاوکاری لە منداڵی شەهیدان و بێکەسوکارەکان بکەن."

لەلایەکی دیکەوە ئیمیل دی بۆند نوێنەری تایبەتی دۆسیەی سوریای هۆڵەندا سپاسی بەڕێوەبەری خۆسەر کرد کە دەستپێشخەری بۆ رادەستکردنی خانەوادەی داعشەکان کە هاوڵاتی هۆلەندان کردووە و وتی، "من ئەمڕۆ بۆ ئەرکێکی تایبەت لێرەم کە گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی هۆڵەندایە کە لە کەمپی رۆژدان."

باسی ئەوەشی کرد کە، ئەم خەباتە بۆ دادوەری هۆڵەندا زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی دادوەری هۆڵەندا ماوەیەک لەمەوبەر هەندێک ئاگاداری بەپێی دۆخەکان راگەیاند، هەروەها بەڕێوەبەری خۆسەر زۆر هاوکاری بۆ رادەستکردنی هاوڵاتیانی ئێمە کرد و رۆڵێکی چالاکی بینی و بەرپرسیاری خستە سەر شانی."

ف.ق