چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین ژنێکی تریان رفاند

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین – سوریا رایگەیاند، چەتەکانی فەیلەقی شامی سەر بە دەوڵەتی تورک لە گوندی باسوفانی عەفرین ژنێکی ئێزدیی تەمەن ٤٥ ساڵیان بە ناوی خەزالێ مەنان سەلمۆ رفاند.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان، چەتەکانی فەیلەقی شامی سەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵی ئێزدی بە ناوی خەزالێ مەنان سەلمۆ خەڵکی گوندی باسوفانی ئێزدی لە ناوچەى شەرای عەفرینی داگیرکراودا بە تۆمەتی کوژرانی سەرەک چەتەیەکیان  رفاند.

چەتەکانی فەیلەقی شام بە پاساوی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی سەرەک چەتەیەکیان بە ناوی هەمزە ئەبو زیاد لە ٤ی شوباتدا و کوژرانی ئەو سەرەک چەتەیە، دەیان دانیشتوی گوندەکانی باسوفان، بیی، کبێشین و برج حەیدەریان لەناوچەى شێراوای عەفرین رفاند.

چەتەکان لە بەردەوامیی تاوانەکانیاندا و بە هەمان پاساو خەزالێ مەنان سەلمۆی تەمەن ٤٥ ساڵی دانیشتوی گوندی باسوفان-یان رفاند.

چەتەکانی فەیلەقی شام بە هاووڵاتییانی ئەو گوندانەیان راگەیاندبوو، ئەگەر سەرەک چەتەکەیان هەمزە ئەبو زیاد بمرێت، سەری هەموو دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەبڕن. خەزالێ سەلمۆ ئێستا بوەتە قوربانیی هەڕەشەى چەتەکان و رفاندویانە و تۆمەتی تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێلی سەرەک چەتەکە و کوژرانیشی خراوەتە ئەستۆی خاتوو خەزالێی تەمەن ٤٥ ساڵ.

بەپێی زانیاریی خۆجێی لە هاووڵاتییانی گوندی ئیسکای عەفرینەوە، کە شوێنی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی خاتوو خەزالێ بووە، چەتەکان ئەوەندە ئەشکەنجەى ئەو خانمە کوردەیان کردووە، کە زیان بەر سەر و مێشکی کەوتووە و کێشەى قورسی بۆ دروستبووە.

چەتەکان سەرباری ئەو هەموو تاوان و کوشتار و رفاندن و ئەشکەنجە کردنە، خاتوو خەزالێ-یان بۆ دادگایکردن ناردووە بۆ تورکیا.

ژ.ت