داگیرکەران لە عەفرین ٣ هاووڵاتیی دیکەیان ڕفاند

لە عەفرینی داگیرکراوی ژێر چەپۆکەى دەوڵەتی تورک و چەتەکان، لە گوندی غەزەوی لە ناوچەى شێراوا ٣ هاوڵاتیی مەدەنی لەلایەن چەتەکانەوە، کە خۆیان بە "پۆلیسی سەربازی" دەناسێنن، رفێنران.

تاوانە دژ بە مرۆییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکان کۆتایی پێنایەت.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، چەتەکانی بە ناو 'پۆلیسی سەربازی' ٣ کەسی ئەندامی یەک بنەماڵەیان لە گوندی غەزەوی لە ناوچەى شیراوای عەفرین بۆ شوێنێکی نادیار رفاند.

ناوی کەسە ڕفێنراوەکان بریتین لە: ئەیمەن محەمەد کێفۆ تەمەن ٢٨ ساڵ، هاوژینەکەى ئەیمەن بە ناوی بەنەفش تەمەن ٢٥ ساڵ، کە دایکی دوو منداڵە و خوشکەکەی ئەیمەن بە ناوی نۆڤین محەمەد عەلی کێفۆ تەمەن ٢٥ ساڵ.

لە ٢٣ی تشرینی یەکەم دا داگیرکەران پارێزەرێکی کوردیان بە ناوی نەجاه عومەر ئەرۆس ڕفاند.

بەپێی زانیاریەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا - عەفرین، بە ڕفاندنی بەنەفش و نۆڤین، ژمارەی ئەو ژنانەی، کە لە مانگی تشرینی یەکەم لە کانتۆنی عەفرین ڕفێندراون گەیشتە ١٦ ژن، کە تەمەنی ٢ ئافرەتیان بچووکە. یەکێک لە ژنە رفێندراوەکان بە ناوی نەعیمە بەهجەت شێخۆ، کە رفێندرابوو و دوو گیان بوو لەلایەن چەتەکانەوە کوژرا.

ژ.ت