دانیشتوانی عەفرین دژی داگیرکەری وەستانەوە: عەفرین هی ئێمەیە و رزگاری دەکەن

دانیشتوانی عەفرین کە ٥ ساڵە لە شەهبا لە نزیک عەفرین لە پێناو زێدی خۆیاندا تێدەکۆشن، لە پێنجەم ساڵیادی داگیرکەری دەوڵەتی تورکدا بە شێوەیەکی جەماوەری رێپێوانیان کرد و وتیان "عەفرین هی ئێمەیە و رزگاری دەکەین".

بە دەستێکیانەوە پەلی زەیتون و بە دەستەکەی تریانەوە وێنەی شەهیدان. خەڵکی عەفرین بەو دوو هێمایانەی عەفرینەوە لە دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە عەفرین رێپێوانیان کرد.

دانیشتوانی عەفرین کە ٥ ساڵە لە سەهبان، لە عەفرینی زێدی خۆیان دوورناکەونەوە و بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین هەموو رۆژێک، هەر ساتێک خۆڕاگری دەکەن، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی جەماوەری رێپێوانیان کرد.

عەفرینییەکان کە لە چوارڕێیانی ناوچەی تل رەفعەت کۆبوونەوە، تا گۆڕەپانی ناوچەکە بە دروشم وتنەوە لە پێناو رزگارکردنی عەفرین رێپێوانیان کرد.

دواتریش گردبوونەوەیەکیان ساز کرد و دوای خولەکێک رێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووان، یەک لە بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ستار عەفرین-شەهبا مەنال شێخۆ راگەیەندراوێکی خوێندەوە.

مەنال شێخۆ هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر عەفرین شەرمەزار کرد کە بەر لە ٥ ساڵ دەستیان پێکرد و وتی، "ئەو عەفرینەی بە ئاشتی و ئاسایش دەناسرا، دەوڵەتی تورک بە ٧٢ فڕۆکە گۆڕی بۆ گۆڕەپانی شەڕ".

مەنال شێخۆ وتی، "عەفرین هی ئێمەیە و هی ئێمەس دەمێنێتەوە. ئێمە بە گیانی خۆڕاگیریمان لە شەهبا، رزگارکردنی عەفرین مسۆگەر دەکەین، دەگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان".

هـ . ب