دانیشتوانی عەفرین و شەهبا داگیرکەری دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد

بە دەیان هەزار دانیشتوانی عەفرین و شەهبا بە رێپێوانێکی جەماوەری داگیرکەری دەوڵەتی تورکیان لەسەر هەرێمی عەفرین شەرمەزار کرد.

بە دروشمی ' عەفرین زێدی ئێمەیە' دانیشتوانی عەفرین و شەهبا رێپێوانێکیان ئەنجامدا و داگیرکەری دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد و رایگەیاند کە ئەوان بە پیر، ژن، منداڵ و گەنجەکانیان عەفرین رزگار دەکەن.

رێپێوانەکە لەسەر رێگەی گوندی هربلێ دەستی پێکرد و تاوەکو ناوچەی ئەهراز بەردەوام بوو.

لە گۆڕەپانی ئەهراز، دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سلێمان جەعفەر لەسەر ناوی بەڕێوەبەری خۆسەر و فاتیمە جمۆ لەسەر ناوی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان قسەیان کرد.

قسەکەران سەرەتا یادی هەموو شەهیدەکانیان کردەوە و سەرەخۆشیان لە خانەوادەی ٩ شەهیدەکە کرد کە لە باشوری کوردستان شەهید بوون. باسی ئەوەشیان کرد کە لەگەڵ هەموو جۆرە هێرش و داگیرکەریەک بەرخۆدانیان بەردەوامە و وتیان، " ٥ ساڵە لەگەڵ ئەوەی هێزە نێودەوڵەتیەکان ویستیان هەرێمی شەهبا چۆڵ بکەن، بەڵام گەلی عەفرین لە شەهبا نەچووە دەرەوە، لەگەڵ منداڵەکانیان لە کەشێکی زەحمەتدا تەئکیدیان لەسەر هەبوونیان لە شەهبا کرد. گەل لە نزیک عەفرین بەردەوامیان بە بەرخۆدانیاندا و ئەوەش هەمووی بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین."

ف.ق