دانیشتوانی کۆبانێ لەدژی دەوڵەتی تورک و پەدەکە ڕێپێوانیان ئەنجامدا

دانیشتوانی شاری کۆبانێ بۆ یادکردنەوەی سێ شەڕڤانی یەپەژە کە لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوون ڕێپێوانێکی فراوانیان ئەنجامدا.

دانیشتوانی کۆبانێ بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد کۆبونەوە و بەرەو گۆڕەپانی ئاشتی ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ڕێپێوانەکە لەدژی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک ئەنجامدرا کە لە ٢٠ی نیساندا لە کۆبانێ ٣ شەڕڤانی یەپەژە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە  بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوون.

لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی ' بمرێت خیانەت' ، ' ڕێگە بە داگیرکەری و خیانەت نادەین' و ' کات کاتی ئازادی کوردستانە' بەرز کرانەوە.

لە چالاکیەکەدا لەسەر ناوی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە سارا خەلیل قسەی کرد و ئاماژەی بە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و وتی، " بە ئەو کەسانەی کە لەدژی گەلی کورد پیلان دەگێڕن دەڵێین کە ئێوە هەموو کاتێک تێکدەشکێن."

سارا خەلیل ئاماژەی بە هاوکاری پەدەکە کرد لەگەڵ داگیرکەران و وتی، " پەدەکە جارێکی دیکە نیازی خۆی ئاشکرا کرد. چاوپێکەوتنی ئەم دواییەی بەرپرسانی پەدەکە لەگەڵ بەرپرسانی تورک هەموو شتێکی خستە بەر چاو. لەبەرئەوەش ئێمە داوای لە گەلی کورد لە باکور، باشوری کوردستان دەکەین کە لە بەرانبەر پلانەکانی دوژمن بوەستنەوە."

ف.ق