دانیشتوانی تلبەراك لەدژی هێرشی سەر زیندانی ئەوین رێپێوانیان كرد

دانیشتوانی تل بەراك بەمەبەستی شەرمەزاركردنی هێرشی هێزەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر زیندانی ئەوین لە شاری تارانی پایتەخت، رێپێوانێکیان ئەنجامدا.

ئەنجوومەنی كۆنگرەی ستار و دانیشتوانی تلبەراك لە كانتۆنی قامیشلۆ بۆ شەرمەزاركردن و ئاگربەردان لەزیندانی ئەوین لەتاران، رێپێوانێكی جەماوەریان رێكخست و بەدەیان خەڵك بەشداری رێپێوانەكە بوون و بانگەوازیان لەهێزە نێونەتەوەیەكانیان كرد، ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و بەرامبەر بە كردەوە دژە مرۆڤانەیەكانی رژێمی ئێران، کە لە دژی گەلان ئەنجامی دەدات، بوەستنەوە.

رێپێوانەكە لە فلكەی فڕن لەباشوری ناوچەكە دەستی پێكرد و لەرێپێوانەكەدا وێنەكانی رێبەری گەلی كورد عەبدوڵڵا ئۆجالان و ژینا ئەمینی بەرزكرانەوە و درۆشمی"ژن، ژیان، ئازادی" و "نا بۆ دیكتاتۆر"یان وتەوە.

رێپێوانەكە لەفلكەی شەهیدان و لەناوەندی شارەكە بۆ گردبوونەوەی جەماوەری گۆڕا. لەوێدا جەماوەر خۆلەكێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدان راوەستان و پاشان ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری كۆنگرەی ستار لە تلبەراك "ئایلا ئەللوێس"، تیرۆركردن و كۆشتنی ژینا ئەمینی و توندوتیژی لەبەرامبەر بەژنان شەرمەزار كرد و وتی؛ پاش چەند هەفتەیە لەسەر تیرۆری ژینا ئەمینی تێپەڕ نەبووە، كەچی رژێمی ئێران بەرێبازێكی هۆڤانە "وەحشیانە"، زیندانی ئەوینی ئاگرتێبەردا، ئەم رێبازە بەردەوامی سیاسەتی دەسەڵاتداری دیكتاتۆرە، كە ترس و دڵەڕاوكێ بڵاودەكاتەوە و هەژەمۆنی خۆی دەسەپێنێت.

ئایلا بانگەوازی لەهێزی نێونەتەوەیی كرد ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و كردەوە دژە مرۆڤیەكانی رژێمی ئێران بەرامبەر بەمرۆڤایەتی و گەلان راوەستێنن.

ژ.ت