دانیشتووانی حەلەب لەدژی کۆمەڵکوژی جندرێس رێپێوانیان ئەنجامدا

بە سەدان کەس لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخمەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب لەدژی کۆمەڵکوژی جندرێس رێپێوانیان ئەنجامدا.

بە سەدان کەس لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخمەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب بە رێپێوانێک کۆمەڵکوژی جندرێسیان شەرمەزار کرد.

دانیشتووان لەبەردەم هۆڵی گەنجان لە رۆژئاوای گەڕەکی شێخمەقسوود دەستیان بە رێپێوان کرد. لە رێپێوانەکەدا پانکارتی ' بمرێت خیانەت و چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک'،'خەڵکی مەدەنی مەکوژن'، ' بە فیداکاری شەهیدانی نەورۆزی جندرێس راپەرینی عەفرین سەردەکەوێت' بەرزکرانەوە.

رێپێوانەکە تاوەکو گۆڕەپانی ٧ شەهیدانی رۆژهەڵاتی شێخمەقسوود بەردەوام بوو. لەوێ فەهیمە حەمۆ ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار قسەی کرد و کۆمەڵکوژی جندرێسی شەرمەزار کرد و وەک تاوانی نەژادپەرستی لەدژی دانیشتووانی رەسەن لەقەڵەمدا. فەهیمە حەمۆ داوای کرد تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژیە سزا بدرێن.

فەهیمە حەمۆ راشیگەیاند کە بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتیەکان لەبەرامبەر ئەو تاوانانە بە واتای هاوکاریکردنی داگیرکەران دێت و بانگەوازی لە هاوڵاتیان کرد کە تێکۆشان لەدژی چەتە و داگیرکەران بەهێز بکرێت و عەفرین رزگار بکرێت.

هەروەها جیهان بەرکەل ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بانگەوازی لە کوردستانیانی جیهان کرد کە پشتگیری لە کوردانی عەفرین بکەن.

جیهان بەرکەل رایگەیاند  کە پێویستە حساب لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بپرسن.

ف.ق