دانیشتووانی حەسەکە یادی ١٣٨ شەهیدی مانگی ئازار و حەفتەی قاڕەمانیان کردەوە

لە حەسەکە یادی ١٣٨ شەهیدی مانگی ئازار و حەفتەی قاڕەمانی کرایەوە کە لە کات و شوێنی جیاوازدا شەهیدبوون.

بۆ یادکردنەوەی ١٣٨ شەهیدی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و یەکینەکانی ژنانی ئازاد – ستار (یەژەئاستار)، هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە لە مانگی ئازاردا لە کات و شوێنی جیاوازدا شەهید بوون، رێورەسمێک ئەنجامدرا.

رێورەسمەکە لە هۆڵی سەردەمی گەڕەکی مشێرفی حەسەکە بە بەشداری سەدان دانیشتووانی شار و گوندەکان، کۆچبەرانی سەرێکانی و خانەوادەی شەهیدان ئەنجامدرا.

لە رێورەسمەکەدا فیدان سەیدۆ ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کانتۆنی حەسەکە قسەی کرد و باسی لە فیداکاری شەهیدان کرد و وتی، " سەرمان لەبەرامبەر یادکردنەوەی شەهیدان دادەنەوێنین. ئەو شەهیدانە بۆ ئارامی هەرێمەکە گیانیان بەخت کرد. لە مانگی ئازاردا یادی بەرخۆدانی شەهیدان دەکەینەوە."

فیدان حەفتەی قاڕەمانی لە کەسایەتی شەهید مەحسوم قۆرقمازدا سڵاو کرد و وتی، " شەهید ماحسوم قۆرقماز  بڕوای بەوە هەبوو کە فیداکاری و خۆبەختکردن فاکتەری سەرەکی شۆڕشە. لەسەر ئەم بناغەیە و بە باوەڕیەکی گەورەوە شەهید مەحسوم و هەموو تێکۆشەرانی سەرەتای شۆڕشمان تێکۆشان و بەم شێوەیە جووڵانەوە."

یەکێک لە فەرماندەکانی ئەنجومەنی سەربازی هەرێمی جزیر شۆڕش حەسەکە قسەی کرد و یادی شەهیدانی حەفتەی قاڕەمانی کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، " شەهید مەحسوم قۆرقماز و مەزلۆم دۆغان، بەڕێوەبەرانی پێشەنگی شۆڕشمان بوون. ئەو بەرخۆدانەی کە مەحسوم قۆرقماز پیشانیداوە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە."

دوای کۆتاییهێنان بە قسەکان، بەڵگە فیلمێک لەبارەی ژیانی شەهید مەحسوم قۆرقماز، تێکۆشان، بەرخۆدانی لەنێو تەڤگەری رزگاری کوردستان و وێنەی ١٣٨ شەهید پیشاندرا.

لە کۆتاییدا بەشداران، سڵاویان لە بەرخۆدانی شەهیدان و بەرۆخۆدانی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد.

ف.ق