دۆستایەتی لەگەڵ سێ کەسایەتیی گرنگی مێژوویی کورددا

دۆستایەتیی عەبدوڵا ئۆجان رێبەری گەلی کورد لەگەڵ عوسمان سەبری، مەلا ئەڤدلای (عەبدوڵای) تمۆقی و ئیبراهیم ئەحمەد زۆر قوڵ بوو.

دۆستایەتیی عەبدوڵا ئۆجان رێبەری گەلی کورد لەگەڵ عوسمان سەبری، مەلا ئەڤدلای (عەبدوڵای) تمۆقی و ئیبراهیم ئەحمەد زۆر قوڵ بوو. دیالۆگەکانی عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەدا زۆر یارمەتیدەر بوون بۆ روونکردنەوەى رووداوە تاریک و قەیراناوییەکانی مێژووی کوردستان.

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ و ١٩٩٨ دا و ئەو کاتەى لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو تەنها بزووتنەوەى ئازادیی کوردانی بەڕێوەنەدەبرد و گەریلا / کادیرانی پەکەکەى پەروەردە نەدەکرد، بەڵکو لە هەمان کاتدا بۆ دەیان سیاسەتمەدار، رووناکبیر و هونەرمەندی کوردستان لە هەر چوارپارچەى کوردستانەوە بووە ناوەندێک. بە تێکۆشانی چەکداریی ١٥ی ئابی ١٩٨٤ گەلی کورد لە دەوری عەبدوڵا ئۆجالان بوونە بازنە و ئەوە سەرنجی رووناکبیران و سەرۆکەکانی تریشی رادەکێشا.  

دوای ساڵانی ١٩٨٤ یەکێک لەو کەسایەتییانە پەیوەندیی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دروستکرد، عوسمان سەبری بوو. سەبری ساڵی ١٩٠٥ لە گوندی نارنج لە سەمسوور لە دایکبوو بوو. لە تەمەنی گەنجیدا بەشداریی لە راپەڕینەکەى شێخ سەعید دا کردبوو، ٢ مامەى لە سێدارەدران، بۆ چەندین رۆژ بە تینیویەتی و برسێتی بە شەمەندەفەر بەرەوە ئەنادۆڵ دووریانخستەوە، بۆ ئەوەى "پسووڵەى نهێنیی" خۆیبوون بە سەید رەزا بگەیەنێت لە بن خەتەوە (سنووری رۆژئاوای کوردستان)ەوە کەوتە رێ و دوای چەند مانگ گەیشتە دێرسیم. هەموو تەمەنی خۆی بۆ هێنانەدیی خەونی شۆڕش تەرخانکردبوو.

لە سەرەتای ساڵانی ١٩٣٠ دا رۆیشت بۆ رۆژئاوای کوردستان و چووە ناو دەستەى نووسەرانی گۆڤاری هاوار، کە لەلایەن جەلادەت بەدرخانەوە بە پیتی لاتینی چاپ و بڵاودەکرایەوە. دوای ئەوە فەەنسا دووری خستەوە بۆ ماداگاسکار. عوسمان سەبری ساڵی ١٩٥٧ لە حەڵەب لە ماڵێکی بچووکدا پێشەنگایەتیی بۆ دامەزراندنی یەکەمین حیزبی کوردان بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا (پەدەکە-س / PDK-S) کرد. رژێمی شام (سوریا) دەستگیریان کرد و زۆر بە قورسی ئەشکەنجەیان کرد و ساڵەهای ساڵ زیندانیان کرد.

لە دژی ئۆپراسیۆنی بە عەرەبکردنی رژێمی سوریا لە ساڵی ١٩٦٥ بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان و لە دژی پشتێنەى عەرەبی دەستی بە بەرخودان کرد. بەهۆی هەندێک دەستە و گروپەوە لەناو حیزبەکەیدا ساڵی ١٩٧٠ دەستی لە پەدەکەسە هەڵگرت و لە "گەڕەکی رووکنەدین"، یان "گەڕەکی کوردان" بۆ خۆی خانوویەکی دوو ژووریی گرت و دوا تەمەنی خۆی بۆ وێژە و ئەدەبی کورد تەرخانکرد.

عوسمان سەبری لەو سەردەمەدا و دوای دەستپێکردنی سەدەی ٢٠، بەشداریی لە هەموو بزووتنەوە کوردییەکاندا کردبوو، بەڵام لە هەموویاندا خەون و خەیاڵی شکابوو. کاتێک ئەو بزووتنەوەیە، کە عەبدوڵا ئۆجالان پێشەنگایەتیی بۆ دەکرد و هاتە سەر تەختەى مێژوو، ئەویش حەماسەت و خرۆشانی بۆ گەڕایەوە، لە دوای نیوەی ساڵانی ١٩٨٠ زۆر جار عەبدوڵا ئۆجالانی بانگهێشت دەکرد بۆ ماڵەکەی خۆی و لەگەڵیدا باس و گفتوگۆی لەبارەی شێخ سەعید تاوەکو خۆیبوون، لە مەهاباد تاوەکو مەلا مستەفا بارزانی و زۆرێک لە قۆناغە گرنگەکانی مێژووی کوردستانی دەکرد.  

"ئێوە خەونەکانی ئێمە بەدیدەهێنن"

عوسمان سەبری تاوەکو ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ ، کە کۆچی دوایی کرد ماڵەکەى خۆی کرد بوو بە وێستگەیەکی روناکبیریی کوردان. کاتێک روناکبیران و کەسانی سەر بە رێکخستنەکانی تری کوردستان دەڕۆیشتن بۆ لای و لەوییەوە دەرۆیشتن بۆ ئەوروپا، عوسمان سەبری پێی دەگوتن، 'ئەگەر ئێوە بڕۆن بۆ ئەوروپا لە ناو دەچن، ئاپۆییەکان دەڕۆنەوە بۆ وڵات، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەوان سەردەکەون'.

عومسان سەبری بە عەبدوڵا ئۆجالانی دەوت، 'ئێوە خەونەکانی ئێمە بەدی دەهێنن، لە هیچ سەردەمێکدا من بەم رادەیە سەربەز و دڵخۆش نەبووم'. دوای کۆچی دوایی، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەوی وەک شەهیدێکی گەورە راگەیاند و وتی، "من زۆر جار دەڕۆیشتم بۆ سەردانی شەهیدی گەورەمان ئاپێ عوسمان (عوسمان سەبری) و ئەو ئێمەى ناسی و لێمان تێگەیشت و ئێمەش ئاپێ عوسمانمان ناسی و لێ تێگەیشتین. سەدان شەهیدمان پێش ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ وڵات دەڕۆیشتن بۆ لای و سەردانیان دەکرد. لە رووی رۆحی و ورەوە یەکتریان تەواو دەکرد، هێز و ورەیان لە یەکتر وەردەگرت. لە هەموو شوێنێکدا دەیوت، لە کوردستان بە ئەندازەی ٥٠ ساڵ وڵاتپارێز ماوە، تێکنەچوون و ئالودە نەبوون، تاوەکو دوا هەناسەى پێبەندی سەربەخۆیی و ئازادی بوو، هەرگیز سازشی نەکردبوو. ئەو وەسیەتی بۆ هەموومان کردبوو، دەبێت ئەو وەسیەتەی جێبەجێ بکرێت. هەڤاڵان باسیان دەکرد و دەیانوت، ئەو مردنی قبوڵ نەدەکرد و رەتیدەکردەوە. بەڵێ خەونی ئەو کوردستان بوو. لە دوایین چاوپێکەوتنماندا ئەوە خەون و تامەزرۆیی ئەو بوو.

منیش وەک ئاپێ عوسمان بە تەنها هاتم. نە ناسراوێک هەبوو و نە دۆستێک و نە کەسێک. کەس نەیدەزانی من کێم. هەندێک کەسی تریش هاتبوون. گەڕانەوە لەم رێگایەدا بە مانای مردنی نەتەوەیەک بوو، ئێمە نەماندەوێرا کارێک بکەین ببێتە هۆی مردنی نەتەوەیەک. ئەگەر ئێمە بە خێرایی خۆشمان لە سنوورەکان بدایە ئەوە دەبووە هۆی مردنمان. ئێمە هەر دوکمان قبوڵمان نەکرد، کە نە لە وڵات دوور بکەوینەوە و نە بەرەو مردنیش رابکەین. ئاپێ عوسمان باسی ئەوەیکرد، کە ئەوان چۆن لە ساڵی ١٩٢٥دا نەیانتوانی پێشەنگایەتی بکەن. باسی ئەوەیکرد، کە دوای ١٩٤٥ بۆ نەیانتوانی رێبەرایەتی بکەن، باسی ساڵانی ١٩٦٠ی کرد. ئێمە ئەوەمان بینی وڵاتپارێزی لەلای ئەو ماوەتەوە. ئەو ئازایەتیی بە ئێمە دا. ئەو کەسانەى کە دەڵێن، ئێمە پەیوەستین بە یادکردنەوەى ئاپێ عوسمانەوە، دەبێت پەیوەست بن بە ژیان و بیر و رۆح و ورەی ئەویشەوە، چونکە ئەو بۆ خۆی پەیوەست و پابەندی شتێک و دۆزێک و ئامانجێک بوو.

ئاپێ عوسمان لەگەڵ وڵاتدا بوو، لەگەڵ کوردستاندا بوو. رەنگە بنەماڵەیەکی زۆر گەورەی نەبوو بێت، رەنگە کەسی نەبوو بێت، بەڵام ئەو بە بیر و رامانی خۆی گەورە بوو. بیر و رامانی گەورە ئەوەیە، کە مرۆڤ بیر لە وڵات بکاتەوە. دەبێت تاوەکو دوا هەناسەى پێوەی پێبەند بێت و لەگەڵی بێت، ئەوە وڵاتپارێزییە. ئەوە چۆن پێکدێت؟ ئەوە بە سەربەخۆبوون و ئازادی پێکدێت. ئەو تەنازولی بۆ هیچ دەوڵەتێک، بۆ هیچ کەسێک و بۆ دوژمن نەکرد. میللەتێک بەو شێوە بونیاتدەنرێت و دەئافرێنرێت. من بۆ ئەوە دەڵێم؟ چونکە لە ناو کورداندا کەسی وەها زۆر کەمە. کورد لە بیری گەورە رادەکەن، زوو لە رۆحی بڵند و بەرز دوور دەکەونەوە. لەبەر ئەوانەش ئاپێ عوسمان نوێنەرایەتیی ژیانێکی گەورە بوو. رەنگە ئێوە ئێستا بە باشی لە من تێنەگەن، من تەنها لێکدانەوە و مەزەندە دەکەم و بە بڕوای من وەهایە. من ئاپێ عوسمان تا دوا هەناسە بە هاوڕێ و هەڤاڵ دەزانم و ئەو بە شەهید قبوڵ دەکەم. ئەو بە شەڕ و روو سووری و دەم بە پێکەنینەوە رۆیشت، لەبەر ئەوە نیگەران نیم".

چنارە بەرزەکەى کوردستان بوو

دوای هەڵمەتی ١٥ی ئاب یەکێک لەو کەسایەتییانە، کە لە پەکەکە و ریبەرەکەى نزیک بوویەوە، زانای کورد مەلا ئەڤدلای (عەبدوڵای) تمۆقی بوو. مەلا ئەڤدلای تمۆقی (عەبدوڵا بەگیک) لە سەردەمی خۆیدا زانایەکی ئایینی بوو و لە کۆتایی تەمەنیدا بووە هەڤاڵ و هاوڕێی رێبەری گەلی کورد. مەلا ئەڤدلا لە ساڵی ١٨٨٩ لە گوندی تمۆق لە ناوچەى هەزۆی ئێلح (باتمان) لە دایکبوو. لە مزگەوتەکاندا باسی وڵاتپارێزی و تێکۆشان لە دژی داگیرکەری دەکرد، لەبەر ئەوەش زۆر جار بووە ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر.

مەلا عەبدوڵا دوای ساڵانی ١٩٤٠ زۆر جار دەستگیر و ئەشکەنجە کرا. لە کاتی کودەتا سەربازییەکانی ١٩٦٠، ١٩٧١ و ١٩٨٠ دا دەستگیرکرا. دوای ئەوەى گەریلاکانی ئازادیی کوردستان گەیشتنە خەرزانی بەدلیس، ئەو دەرگای ماڵەکەى بۆ گەریلاکان کردەوە. بەهۆی هەواڵ لێدانەوە دەوڵەتی تورک هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەى. لەو هەڵکوتانەدا گەریلاکانی هێزی زرگاریی کوردستان (هەرەکە / HRK) دیلکران. مەلا عەبدوڵا بە رێککەوت لەو رۆژەدا لە ماڵەوە نەبوو، سەرباری تەمەنە زۆرەکەى ماوەى ٨ مانگ بە شێوەی نهێنی لە ناو گەلدا مایەوە و بەشداری لە کاری رێکخستنی گەریلایدا کرد و دوای ئەوەى رۆیشت بۆ رۆژئاوای کوردستان.

کاتێکیش لە رۆژئاوا بوو زۆر جار بۆ چەندین رۆژ لە ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز لەگەڵ رێبەری گەلی کورد، کادێرانی پەکەکە و گەریلاکاندا دەمایەوە. مەلا ئەڤدلای تمۆقی لەبارەی نزیکایەتی و پەیوەندیی تێکۆشانی ئازادی لە دین و ئایین لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دا گفتوگۆی قوڵی دەکرد. مەلا ئەڤدلا تمۆقی لە ٢ی شوباتی ١٩٩٢ لە حەسەکە کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی میرات و نەریتێکی بەهێزی لە تێکۆشان بە جێهێشت.

 دوای کۆچی دوایی مەلا ئەڤدلا رێبەری گەلی کورد بەمجۆرە لەبارەی تێکۆشانەکەیەوە قسەى کرد و وتی، "مەلا ئەڤدلا ٥٠ – ٦٠ ساڵ لە دژی زوڵمی مستەفا کەمال بەرەنگاریی کرد و خۆی لە دەستدا نەدا، کاتێک هات بۆ لای ئێمە تەمەنی ٩٧ ساڵ بوو، بەڵام وەک گەنجێکی بەهێزی ١٨ ساڵی بوو. بە سیستم و شێوەی گەریلایی هەڵسوکەوتی دەکرد. مەلا ئەڤدلا تمۆقی مێژوویی ترین کەسایەتیی بەرەنگار و خۆڕاگر، شەرەف و شکۆی گەلەکەمانە. کاتێک ئێمە یادی دەکەینەوە، بەهێزترین وەڵامدەربوون ئەوەیە 'رێگاکەى بە زیندووی رابگرین و سەرکەوتن و سەرفیرازیی بۆ بەدیبهێنین'.

مەلای ئەڤدلا کە من و حیزبەکەمان بەهایەکی زۆرمان پێدەدا، گەلەکەمان ئەوی بە باشی دەناسی و دەیوت 'خۆزگە تەمەنم بچووک بوایە و من کوردستانی سەربەخۆم ببینیایە'. بۆ ئەوەى ئێمە ئەو وەسیەتەی پێبکبهێنین دەبێت ئەمڕۆ بە جۆش و خرۆش و حەماسەوتەوە تیکۆشانەکەمان درێژە پێبدەین، لەبەر ئەوەى لە رووی جەستەییەوە ئەو لە ناوماندا نەماوە و کۆچی کردووە، ئێمە خەمبارین.

مەلا ئەڤدلا وەک کەسایەتییەکی پاک و بەرەنگار و خۆڕاگری گەلی کوردستان لە دژی بێگانەبوون و لە خۆنامۆبوون، خۆفرۆشی، سیخوڕی لە دژی ساختەکاری بە ناوی دین و ئایینەوە، تێکۆشانێکی گەورەی بەڕێوەبرد.  ئەو لە بەرامبەر مێژووی ٧٠ ساڵەى کەمالیزمدا لە دژی مێژووی ٥٠ ساڵەی نەتەوە پەرەستیی تونددا بەرەنگاری و خۆڕاگریی کرد و لە دوایدا لەگەڵ پەکەکە بە خەون و ئارەزووەکەى خۆی گەیشت. لە راستیدا ئەو پەکەکەی لەگەڵ راستیی خۆیدا ئاوێتە کردبوو، لەبەر ئەوەش زۆر کەسێکی بەرەنگار و خۆڕاگر بوو. وەک گەنجێکی ١٥ ساڵ، وەک گەنجێکی پەکەکەیی دەجوڵاییەوە، ئێمە چەند لەو تێبگەین و بیناسین و بیناسێنین، بەو ئەندازەیە ئێمە لە ئەرکەکەماندا سەرکەوتو دەبین. ئەو لە راستیدا هەر خۆی داری سەرخۆبوون بوو".

خەونی نەتەوەیی ئیبراهیم ئەحمەد

لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠دا و کاتێک بزووتنەوەکەمان بە پێشەنگایەتیی پەکەکە شەپۆل بە شەپۆل بە کوردستاندا بڵاودەبوویەوە، ئەو بزووتنەوەیە کاریگەریی لەسەر رووناکبیرانی باشووری کوردستان دروستکرد. دەستەیەک، کە پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجالان تامەزرۆیان بوون، وەک شاندێک لە زستانی ١٩٩١ەوە لە باشووری کوردستانەوە رۆیشتن بۆ ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز. لەو سەردانەدا بزووتنەوەى ئازادیی باکووریان لە نزیکەوە ناسی و کەوتنە ژێر کاریگەریی رێبەری گەلی کورد.

نووسەر و شاعیر محەمەد ئەمین پێنجوێنی، کە دواتر زۆرجار راستەوخۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دا دانیشت و گفتوگۆیان کرد، لە ناو ئەو شاندەدا بوو. پێنجوێنی لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی سەردانەکەى خۆی بۆ ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز دەکات و دەڵێت، "ئۆجالان لە نزیکەوە گرنگیی پێدەداین. دیسیپلینی کامپەکە، کە ٧٠٠ کەسی تیادا بوو، زۆر سەرنجڕاکێش بوو. مەراسیمی سوێندخواردنی گەریلا نوێکان کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر من دروستکرد. ئەو تابلۆیە بۆ من زۆر نوێ بوو، نەک تەنها بۆ بزووتنەوەى کورد، بەڵکو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێ بوو".

هاوکات لەگەڵ پێنجوێنیدا لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠دا ئیبراهیم ئەحمەد پەیوەندیی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دروستکردبوو. نووسەر و سیاسەتمەدار ئیبراهیم ئەحمەد ساڵی ١٩١٤ لە سلێمانی لە دایکبووە و لە گەنجێتیدا بەشداری بزووتنەوەى کوردان و وێژە و ئەدەبی کورد بوو. ئەو نەک تەنها شاهیدی زیندووی مێژووی باشووری کوردستان بوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا یەکێک لە کەسایەتییە زۆر گرنگەکانیش بوو.

دوای ئەوەى مەلا مستەفا بارزانی رۆیشت بۆ سۆڤیەت ئەو بوو بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (PDK-I) و لە نێوان ساڵانی ١٩٥٣ و ١٩٦١دا سکرتێری گشتیی پەدەکە بوو. دواتریش لە شۆڕشی ئەیلول دا لەگەڵ کادێرانی پێشەنگی بزووتنەوەى باشووری کوردستاندا بوو. دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ دەستی لە سیاسەتی چالاک هەڵگرت و رۆیشت بۆ بەریتانیا. پێش ئەوەى عەبدوڵا ئۆجالان بێتە سەر تەختە و جەماوەر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، وەک عوسمان سەبری و مەلا ئەڤدلا تمۆقی، ئەویش خۆی کشاندبووە. بە ناسینی رێبەری گەلی کورد و خەباتی پەکەکە و گفتۆکانیان بۆ هێنانەدیی کۆنگرەیی نەتەویی تێکۆشا. ئیبراهیم ئەحمەد لە ٨ی نیسانی ٢٠٠٠دا لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە لەندەن کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەى برایەوە بۆ شاری سلێمانی و لە رێورەسمێکی گەروەی جەماوەریدا بە خاکسپێردرا.

ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵی ١٩٩٤دا لەگەڵ محەمەد رەسول هاوار مێژووناسی کورد لە سوریا رۆیشتن بۆ سەردانی رێبەری گەلی کورد. سەرباری تەمەنە زۆرەکەى، بەڵام تووشی حەماست و جۆش و خرۆشێکی زۆر گەورە بوو. لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان گفتوگۆی قوڵی  لەبارەی هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی بزووتنەوەکانی کورد و وردەکارییەکانی تێکۆشان بە پێشەنگایەتیی مەلا مستەفا بارزانی کرد. محەمەد رەسوڵ هاوار و ئیبراهیم ئەحمەد دواتر ئەو گفتوگۆیانەى خۆیان بە ناوی "دادگای مێژوو" کرد بە کتێب و بڵاویانکردەوە. لەو گفتوگۆیەدا ئیبراهیم ئەحمەد دەیوت، "کۆنگرەی نەتەوەی بۆ گەلی کورد زۆر پێویست و گرنگە بۆ ئەوەى نوێنەرانی گەلی کورد بتوانن دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و گەشە بە پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەدا بدەن، بۆ ئەوە کۆنگرەی نەتەوەی بۆ ئەوە زۆر پێویستە. من دەبینم و دەزانم بزووتنەوەى کورد لە دوای ساڵانی ١٩٤٠ سەرنجی خۆی نەخستووەتە سەر شتێکی وەها. ئێستا کاتی هاتووە و دەبێت بە خێرایی لەسەری بوەستن. دوژمنانی گەلی کورد لە ساڵی ١٩٣٧ەوە لە کۆشکی سعادەت ئاباد لە تاران لەگەڵ خۆیاندا رێککەوتنێکیان مۆر کرد. دەبوایە کوردیش لە بیری شتێکی وەهادا بووایە، رێکخستن، بزووتنەوە، عەشیرەتەکان و پێشەنگەکانی کورد دەبوایە یەکیان بگرتایە و لە بەرامبەر ئەو رێککەوتنەدا یەکێتیی کوردیان دروست بکردایە.

لە ساڵی ١٩٩٢دا من و هاوڕێم هاوار پێکەوە قسەمان کرد و وتمان، "دەبێت کۆنگرەی نەتەوەی پێکبهێنرێت"، بەڵام حیزبە کوردییەکان، کەسایەتییەکانی کورد نەهاتەنە لای یەک و ئەو کارەیان نەکرد. ئێمە لە ساڵی لە سالی ١٩٩٢دا لە رێگەى تاڵەبانیەوە لە بیر و رای ئاپۆی برام ئاگادار کراینەوە. لەو کاتەوە ئێمە لە بیر و رای ئێوە لەبارەی کۆنگرەی نەتەوەییەوە ئاگادار بووین.. ئێمە لە مام جەلالمان پرسی 'ئێمەش بیرێکی وەهامان هەیە. ئاخۆ پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدا دەجوڵێتەوە؟ یان ناجوڵێتەوە؟ مام جەلال بە منی وت، 'سەد لەسەد ئەوان لەگەڵ ئەم بیر و رامانەدان. هەر خۆی ئەوە بیری پەکەکەیە. ئێمە نەیکەن، پەکەکە هەر خۆی دەیکات. من  دەزانم، کە پەکەکە لەو بوارەدا لە ئێمە زیاتر کار دەکات".

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لێکدانەوەى خۆی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی خستەڕوو. ئێستاش دوای ٢٥ ساڵ لە گفتوگۆی نێوانیان لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی کۆنگرەی نەتەوەییەوە، ئەو شیکاری و گفتوگۆیانە بۆ ئەمڕۆش گرنگن، کە وتی، "منیش لەسەر بیر و رای مامۆستام. ئەو بۆ کوردان زەحمەت و رەنجێکی زۆری داوە. ئێستا ئێمە هاتووینەتە لای یەک. ئەم یەکێتییەی ئێمە، بۆ ئێمەی گەلی کورد هەنگاوێکی گرنگە. من هیوادارم ئێمە لەسەر ئەم بیر و رایە کۆنگرەی نەتەوەیی دروست بکەین. جێی هەموومان لە کۆنگرەی نەتەوەیدا دەبێتەوە. ئێمە بە هاتنی مامۆستا زۆر خۆشحاڵ بووین. مامۆستا وەک گەنجێکی ١٨ ساڵ پڕ لە وزەیە. من لە مامۆستا هاواریشدا ئەو دڵخۆشییە دەبینم. ئەوە رۆح و ورەیەکی نەتەوەی و شۆڕشگێڕییە...".

ژ.ت