دەوڵەتی تورک ١٨ جار هێرشی زەمینی و ٢ جاریش هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە

هەرچەندە لەدوای بومەلەرزەکەوە قەسەدە چالاکییە سەربازییەکانی راگرت، بەڵام دەوڵەتی تورک ١٨ جار هێرشی زەمینی و ٢ جاریش هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە.

دوابەدوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە باکوری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، سوریا و تورکیا هەموو رۆژەڤەکان گۆڕدران و سەرنجەکان چوونە سەر ئەو هەرێمانە. لە هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بابەتی سەرەکی لەلایە خۆبەڕێوەبەری و قەسەدە ئەوەبوو کە هەموو توانایان بخەنە خزمەت کۆمەڵگاوە. خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە ئامادەکرد بەڵام دەوڵەتی تورک و چەتەکانی رێگەی تێپەڕبوونیان پێنەدان.

بەهۆی ئەو دۆخەوە قەسەدە هەموو چالاکییە سەربازییەکانی راگرت. لەبەر دۆخی نائاسایی کۆمەڵایەتی-مرۆیی قەسەدە ئامادەکاری ئەوەی هەبوو کە تیمی تایبەت لەسەر بنەمای خزمەتی کۆمەڵایەتی دەستوەردانی بەپەلە بکەن. دوای بومەلەرزەکە قەسەدە ئاشکرای کرد کە ئامادەن تیمە تایبەتەکانیان رەوانەی تەواوی سوریا و هەرێمە داگیرکراوەکان بکەن بۆ ئەوە گەل لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکان رزگار بکەن.

بەڵام دەوڵەتی تورک، چەتەکانی و حکومەتی دیمەشق رێگەیان نەدا کە تیمە تایبەتەکان بەرەو ناوچەی بومەلەرزەلێدراو بپەڕنەوە. جگە لە رێگری لە چوونی تیمە تایبەتەکان دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەم دۆخی بومەلەرزەدا هێرشەکانیان زیاتر کرد. لە ماوەی ١٨ رۆژدا دەوڵەتی تورک ٢ هێرشی ئاسمانی و ١٨ هێرسی زەمینی ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دوو هاوڵاتی شەهیدبوون و چەندین کەسیش برینداربوون. هاوڵاتییەکی تەمەن ٧٠ ساڵ کە دوای بومەلەرزە لە حەڵەبەوە روویکردبووە شەهبا، لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەهبا شەهیدبوو.

ئاژانسی هەواڵی هاوار (ئانها) لە زاری فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بڵاوی کردەوە کە لە رۆژی یەکەمی بومەلەرزەوە هێزەکانی قەسەدە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی، رزگارکردنی گەل لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکان و لابردنی کەلاوەکان ئامادەیی دەربڕیوە. شامی باسی لەوەکرد کە هەوڵیانداوە تیمی تایبەتی قەسەدە رەوانەی هەرێمەکانی سوریا و هەرێمەکانی ژێر داگیرکەری دەوڵەتی تورک-چەتەکان بکەن، بەڵام دەوڵەتی تورک، چەتەکانی و حکومەتی سوریا بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەیان نەکردووە.

شامی سەرنجی راکێشا بۆ سەر راگرتنی چالاکییە سەربازییەکانی قەسەدە و باسی لەوەکرد کە ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆییە و وتی، "بریارەکەمان بۆ راگرتنی چالاکییە سەربازییەکانمان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە خراپ بەکارهێنرا. دەوڵەتی تورک هەرگیز لە دژی ئێمە و هەرێمەکەمان شەڕی رانەگرت. بەر لەئێستا ئێمە رەخنەمان لە هێزە نێونەتەوەییەکان لە هەرێمەکە گرتبوو و ئێستاش رەخنەیان لێدەگرین. هەوڵوێست و دەنگی نزمی ئەوان بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی ئەوەی دەوڵەتی تورک زیاتر بوێری وەربگرێت و درێژە بە هێرشەکانی بدات".

شامی ئەوەشی خستەڕوو کە دەوڵەتی تورک ویستی بانەوازە مرۆییەکانی هێزە هەرێمی-نێونەتەوەییەکان جارێکیتر بخاتە خزمەت شەڕ، چونکە لەم دۆخەشدا هێرش دەکات. شامی هێمای بۆ ئەوەش کرد کە دەوڵەتی تورک بەو هێرشانەی لەپێناو داگیرکەردنی هەرێمەکە دەیەوێت قەسەدە لاواز بکات.

هـ . ب