دەوڵەتی تورک کارگەکانی حەلەب، زەیتونەکانی عەفرین و رێگەی ئاسنی ئیدلبی دزیوە

بەدران چیاکورد ڕایگەیاند: دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەزار گارگەی لە حەلەب و سەدان هەزار دارزەیتونی لە عەفرین دزیوە و ساڵانە ٨٠ ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت.

بەدران چیاکورد هاوسەرۆکی خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەسەر تاڵانکاریی و تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ئاژانسی فورات قسەیکردووە.

چیاکورد ئاماژەی بەوەداوە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سوریا سیستمی دزی و تاڵانی دامەزراندووە و هەموو شتێکی سوریا دەدزێت و دەفرۆشێت و وتی: هەموو کەسێکیشی بۆ ئەم کارە بەڕێکخستن کردووە، لە ناوچەکەش کارەکانی لە ڕێگای گروپە چەتەکانەوە لەوانە ‘بەرەی نوسرەوە، داعش و پارتی ئیسلامی تورکستان’، بەڕێوەدەبات.

چیاکورد لە بەردەوامیی قسەکانیدا، وتی: بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستمانە، زیاتر لە هەزار کارگەی لە حەلەب دزییە و بردوویە بۆ تورکیا، ٧٥٠ وەرشەی تێکداوە، چەتەکانیشی لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٦ بە ڕێژەی ١٠٠ ملیارد دۆلار زیانیان بە ناوچەکە گەیاندووە، دەوڵەتی تورک بە نیازی تاڵانکردنی ناوچەکە دەستی دایە دزی و وێرانکاری، ئەگەر دەستیشی نەدەگەیشتە شوێنێک، ٨٠٪ی وێران دەکرد، ڕێگای ئاسنی حەلەبیان هەڵوەشاندەوە و بە پارچە بردیان بۆ تورکیا، لەم ڕێگایەوە ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیارد دۆلار دەچووە خەزێنەی دەوڵەتی تورکەوە.

چیاکورد بە ئاماژەدان بەوەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عەفرین زیاتر لە ١٠٠ هەزار دارزەیتونی بڕیوە، وتی: هەروەها دەستی گرتووە بەسەر زەیت و زەیتونی عەفرینەوە و دەیباتە تورکیا لەوێشەوە دەیفرۆشێت بە وڵاتانی ئەوروپا، لەم ڕێگاشەوە ساڵانە ٨٠ ملیارد دۆلار دەچێتە خەزێنەی دەوڵەتی تورکەوە.

چیاکورد هەروەها ئاماژەی بە تاڵانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکان دەکات و دەڵێت: دەوڵەتی تورک ٢٥ ناوەندی شوێنەواریی مێژوویی تاڵانکردووە و دزیوە، کە هێشتاس لە ڕێگەی سوپا و گروپە چەتەکانییەوە بەردەوامیی پێدەدات، کە لەژێر چاودێری ئەردۆغان بازاڕیان بۆ کراوەتەوە و دەفرۆشرێن، کە لەم ڕێگەشەوە بە ملیۆنان دۆلاری دەستکەوتووە.

بەدران چیاکورد هەروەها ئاماژە بە فرۆشتنی نەوتی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکات و دەڵێت: نەوت لە ڕێگەی داعش و بەرەی نوسرەوە دەبرایە تورکیا، لەم ڕێگەشەوە قازانجێکی زۆر دەستی دەوڵەتی تورک کەوتووە.

چیاکورد هەروەها باس لەوە دەکات کە تورکیا بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ دزیی و تاڵانکارییەکانی، شەڕ و ئاڵۆزیی لە ناوچەکە دروست دەکات و وتی: دەوڵەتی تورک بە کامیۆن چەکی دەهێنایە سوریا و چەتەکانی پێی پڕچەک دەکرد، چەکی کیمیایی و قەدەغەکراویشی دەدایە چەتەکان، ئەوانیش لەدژی خەڵکی حەلەب و عەفرین بەکاریان دەهێنا، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە دزی و تاڵانکاریی تا قڕکردن و کوشتنی هاوڵاتیان، تاوانی شەڕ و تاوانی دژەمرۆڤانەیان ئەنجامدا.

لە بەشێکی دیکەشدا بەدران چیاکورد وتی: وەک خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەسەر دزیی و تاڵانکارییەکانی ئەردۆغان لە حەلەب و هەروەها لەسەر ژینۆساید و گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین، زۆر ڕاپۆرت، دۆسیە و بەڵگەمان داوەتە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی پەیوەندیدار، داوشمانکردووە کە ئەردۆغان و چەتەکانی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، دادگایی بکرێن، هەروەها هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی، لە ڕۆژەڤمان دایە، پیویستە حەسابی ئەو تاوانانەی لەوێ دەکرێت بپرسینەوە.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، هاوسەرۆکی خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وتی: بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە، جگە لە خەڵکی ناوچەکە، هەموو کەسێک ئازارێکی قورس دەچێژێت، وڵاتە گەورەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، پیویستە لەدژی ئەم سیاسەتەی تورکیا خاوەن هەڵویست بن، دەوڵەتی تورک بەم سیاسەتە هەڕەشە لە ئارامیی، ئاسایش و هەبوونی هەموو کەسێکی ئەم ناوچەیە دەکات، ڕێگە نادات کە چارەسەریی سیاسیی پێکبێت، دانوستانەکان بۆ ئاشتی ئاستەنگ دەکات، بۆیە پێویستە حەسابی لێبپرسرێتەوە.

ف.ق