دەوڵەتی تورک ژنێکی دووگیانی بە ئەشکەنجە کوشت

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ژنێکی دووگیانی لە زیندانێکی عەفریندا بە ئەشکەنجە کوشت.

میتی تورک لە زیندانی ناوەندی عەفرین کە داگیرکراوە ژنێکی دووگیانی کوشت. ئەو ژنە ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ هاوسەرەکەی لەبەردەم نەخۆشخانەی قەنبەری عەفرین ڕفێنرابوو.

سەرچاوەکە رایگەیاند، میتی تورک ژنێکی دووگیانی لە زیندانی ئەمیر خەباری تایبەت بە میت لە ناوەندی شاری عەفرینی داگیرکراو، بە ئەشکەنجە کوشتووە.

بەپێی سەرچاوەکان، ناوی ژنەکە نەعمەت بەحجەت شێخۆیە (٣٢)، ناوی هاوسەرەکەشی خەلیل نەسانە (٣٦) و خەڵکی گوندی قۆپێی سەر بە ناوچەی راجۆی عەفرینە.

سەرچاوەکە باسی ئەوەی کرد کە نەعمەت شێخۆ هاوسەرەکەی ئەشکەنجە دراون.

سەرچاوەکە تەئکیدی کردەوە کە میت هەڕەشەی لە خانەوادەی ئەو ژنە کردووە کە هۆکاری کوشتنی کچەکەیان ئاشکرا نەکەن، بە پێچەوانەوە هەمووان دەستگیر دەکرێن و پێویستە بڵێن بەهۆی نەخۆشیەوە و بەهۆی کورپەلە ٦ مانگەکەی گیانی لەدەستداوە.

چارەنووسی هاوسەری نەعمەت نادیارە.

ف.ق