دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە عەین عیسا هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی

هاووڵاتییانی گوندی دیبیس رایانگەیاند، دەوڵەتی تورک هەم خاکەکەمان داگیر دەکات و هەم بۆ ئەوەى ئاوارەمان بکات هەموو رۆژێک هێرش دەکاتە سەرمان.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر عەین عیسا و گوندەکانی دەورووبەری بەردەوامییان هەیە. تاوەکو ئێستا ٦ گوندی ناوچەى عەین عیسا بەهۆی هێرشەکانەوە خاپوور بوون. هێرش بە تایبەتی لە دژی ماڵ و خانووی هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت. گوندەکانی هۆشان، مەیلەق، خالیدییە، مشەرفی، جەبەل، سەیدا و دیبیس بە بەردەوامی لە ژێر هێرشەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەردان.

گوندی دیبیس لە ١٢ کلیۆمەتریی ناوەندی شاری عەین عیسا و لەسەر رێگای ئێم ٤ بە بەردەوامی لەلایەن دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانیەوە هێرش دەکرێتە سەری. هاووڵاتییانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە سەرباری هێرشەکانیش تاوەکو ئێستا گوندەکانی خۆیان چۆڵ نەکردووە. هاووڵاتییانی ئەو گوندانە دەڵێن، چی دەبێت با ببێت ئێمە گوندەکەى خۆمان چۆڵ ناکەین. دەوڵەتی تورکی داگیرکەریش لە بارەگاکەیەوە لە یەک کیلۆمەتریی گوندەکەدا بە بەردەوامی گوندەکە دەکاتە ئامانج.

 فاتیمە یەکێک هاووڵاتییانی گوندی دیبیس رایگەیاند، بە هۆی ئەو هێرشانەوە ٢ هەفتەیە ناچارن لە دەرەوە بمێننەوە و راشیگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە ئارامیی ژیانی منداڵەکانیان تێکچووە و ژیانیان پارێزراو نییە. ئەوەشی راگەیاند، "نیوە شەو بەهاوەن ماڵەکەیان کردینە ئامانج و بۆردومانیانکرد. ماڵەکەمان بە تەواوی سوتا. ئێمە بەوە دەڵێن، ئیدی بەسە. ئێمە دەمانەوێت لە ماڵی خۆماندا لە گوندی خۆماندا بە ئارامی بژین. ئێمە و منداڵەکانمان نامانەوێت لە ترس دا بژین. ئەردۆغان چیی لە ئێمە و منداڵەکانمان دەوێت؟".

دەوڵەتی تورک هات و ئارامی نەما

محەمەد عیسا یەکێکی تر لە هاووڵاتییانی گوندی دیبیس دەڵێت، لە نیوە شەوەدا هێرشیان کردە سەر گوندەکەیان و زوڵم و زۆردارییان بەرامبەریان ئەنجامداوە و وتی، "لە ناکاو بە تۆپ هێرشیان کردە سەرمان. ئێمە نەمانزانی چی بووە. بە تانک لێیاندەداین. هەموو شتەکانمان لە ناو چوون. هیچمان بۆ نەمایەوە. پێش ئەوەى دەوڵەتى تورک ھێرش بکاتە سەر خاکەکەمان ئێمە لە گوندەکەماندا پارێزراوبووین و ژیانێکی ئاراممان هەبوو. لەو کاتەوە، کە ئەوان هاتوون ئاسایشمان نەماوە، ئارامی لە گوندەکەماندا نەماوە. تەنانەت لە بەرامبەر گوندەکەماندا بنکەیەکی سەربازییان دروستکردووە. لەو بنکە سەربازییەوە تۆپ دەگرنە گوندەکەمان. ئێمە دەمانەوێت ئیدی کۆتایی بەو هێرش و بۆردومانانە بهێنرێت. ئێمە دەمانەوێت لە گوندەکەى خۆماندا لە ناو ماڵی خۆماندا بە ئارامی بژین".

هەر کاتێک جوڵەیەک بکەین هێرش دەکەنە سەرمان

عایشە محەمەد یەکێکی تر لە هاووڵاتییانی گوندی دیبیس دەڵێت، کچە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەى بەهۆی ئەو هێرشانەوە دۆخی زۆر خراپتر بووە و وتی، "باری دەروونی منداڵەکانمان شێواوە. کچەکەم خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە دۆخی زۆر خراپتر بووە. لە هێرشەکەى پێشوودا سەری بریندار بوو بوو. ئێدی ئێمە نازانین چی بکەین. هاتون تاوەکو بەردەرگاکانمان و هەر شتێک کە خۆی بجوڵێنێتەوە هێرشی دەکەنە سەر و دەیکەنە ئامانج. ئارامییان لە گوندەکەمان بڕیوە".

ژ.ت