دیمەنەکانی کۆمەڵکوژیی دێرک و هێرشەکەی سەر مشتەنور

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەوی ڕابردوو و بەیانیی ئەمڕۆ بە هێرشی ئاسمانی دەیان کەسی کۆمەڵکوژ کرد. لە دێرک ٩ کەس کۆمەڵکوژکران، کە یەکێکیان ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) بوو.

لەگوندی تەقەل بەقەل-ی سەر بە دێرک هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لەو هێرشەدا ٢ هاوڵاتی شەهید بوون. دانیشتوانی ناوچەکە چوون بە هانای بریندارەکانەوە، بەڵام جارێکی دیکە هەمان شوێن لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومانکرایەوە.

لە هێرشی دووەمدا ٧ هاوڵاتی شەهیدبوون و ٣ هاوڵاتیش برینداربوون. یەکێک لەو کەسانە، کە گیانی لەدەستداوە عیسام عەبدوڵا پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) بوو.

 دانیشتوانی ناوچەکە لە دوای هێرشەکان چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەڵێن، ناوەند و وێستگەى کارەبا بۆردومانکراوە.

گروپەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێرشەکە لە نزیک خاڵی پشکنینی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە، بەڵام ئەو هێزانە بێدەنگ بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە خوێندرایەوە، تیایدا هاتووە، دەوڵەتی تورک هاوڵاتیانی بە چەکی ناتۆ بۆردوومان کردووە.

لەو دیمەنانە، کە گەیشتوونەتە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئەوەی تیادا بە ئاشکرا دیارە، کە بینایەک بەتەواوی خاپوور کراوە و شوێنەواری خوێن لە شوێنی ڕووداوەکەدا دەبینرێت.

هێرشکردنە سەر مشتەنور

دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر ٠٩:٣٠ بەکاتی خۆجێیی، گردی مشتەنوری بۆردومان کرد. تا ئێستا زانیاری ڕوون لەبارەی زیانی هێرشەکەوە بەدەست نەگەیشتووە.

ژ.ت