فڕۆكەكانی روسیا و سوریا مۆڵگەیەكی داعش-یان بۆردومان کرد

ئەمڕۆ فرۆكە شەڕكەرەكانی روسیا و سوریا لە بیابانەكانی سوریا بەدەیان هێرشی ئاسمانیان ئەنجامدا و مۆڵگەیەكی چەتەكانی داعشیان كردە ئامانج، كە خۆیان تیادا حەشاردابوو.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ناوەندی مافی مرۆڤی سوریا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ فڕۆكە شەڕكەرەكانی روسیا و حكومەتی سوریا ئەشكەوتێكیان لە بیابانەكانی رەسافەی  سەر بە رەقا و سێ گۆشەی حەلەب ـ حەما ـ رەقا بۆردومان کرد.

ئاماژە بەوەش دەکرێت، گومان دەكرێت چەتەكانی داعش لەو ئەشکەوتانەدا بن و لەبەر ئەوەش دەیان هێرشی ئاسمانیان لە دژی ئەو ئەشکەوتە و دەورووبەری ئەنجامدا، بەڵام تا ئێستا زانیاری لەسەر كۆژراوان و بریندارانی هێرشەکە بڵاونەکراوەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە لەسەرەتای مانگی حۆزەیرانەوە فڕۆكە شەڕكەرەكانی روسیا بەرامبەر بە مۆڵگەكانی چەتەكانی داعش لە بیابانەكانی سوریا نزیكەی ٢٢٠ هێرشیان ئەنجامداوە. فڕۆكە شەڕكەرەكانی رژێمی سوریاش نزیكەی ٥٠ هێرشیان ئەنجامداوە.

ژ.ت