فەرماندەی گشتی یەپەژە: ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین بۆئەوەی خەونەکانی گەلی كورج بەدی بهێنن.”

فەرماندەی گشتیی یەپەژە ڕایدەگەیەنێت: “بەهۆی هەڵوێستی هەندێک لایەنەوە، دەستکەوتە نەتەوەیییەكان ناپارێزرێن، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە، کورد سیاسەت، ستراتیژ، دیپلۆماسی و سوپایەکی هاوبەش بونیاد بنێت”.

ئارزی حەسەن، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) دەربارەی ڕێگرییەکانی بەردەم یەکێتیی نەتەوەیی کورد و چارەسەرییەکانی، قسەی بۆ تەلەفزیۆنی (مەدیا هابەر) کردووە.

ئارزی حەسەن ڕایگەیاند: گەلی کورد بۆ ژیانێکی سەربەرزانە، باجی گەورەی داوە، بەڵام بەهۆی ئەو تێرامانانەی کە یەکدەست نین، دەستکەوتە نەتەوەییەکان، ناپارێزرێن.

فەرماندەی گشتیی یەپەژە باسی لەوەیش كرد كە هەموو جارێک، هەندێک ئاستەنگ بۆ یەکبوونی کورد هەن و وتیشی: “هەندێک لایەن، بوون و سیاسەت و ئامانجی خۆیان پێش ئامانجە گشتییەکەی گەلی کورد دەخەن، ئەمەش هەمیشە بۆشایییەک لە دروستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کورد دروست دەکات، بۆیە دەبێت واز لە هەموو بەرژەوەندییەکی بنەماڵەیی و حیزبی بهێنن ‌و بۆ ئەو مەبەستەیش، پێویستە هەموو لایەک هەوڵ بدەن ئاستەنگ لەبەردەم یەکڕیزیی گەلی کورد لاببەن و بە یەکگرتوویی كار بكەن”.

ئارزی حەسەن، وتیشی: هەڵوێستی لایەن دەبێتە هۆی پێکنەهێنانی یەکڕیزیی نەتەوەیی و وتیشی: شەڕی کورد لەگەڵ کورد کە کورد بە (براكوژی) ناوی لێناوە، ساڵانێک بووە هۆی ئەوەی بە ئازارەکانییەوە بژین كە هیچ دەستکەوتێکی بۆ کورد نەبووە، تەنیا منداڵانی کورد گیانیان لەدەست دا و یەکتریان کوشت كە ئەوەیش خزمەتی بە دوژمنانی گەلی کورد کردووە.”

هەروەها ئارزی حەسەن، لەبارەی هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆئەوەی پەدەكە شەڕی پەکەکە بكات وتی: “کاتی ئەوەیە، کورد سوپایەکی هاوبەش، ستراتیژ ‌و دیپلۆماسیی هاوبەش بونیاد بنێت ‌و بەو شێوەیە دەتوانین خەونەکانی هەموو گەلی کورد و شەهیدان بەدی بهێنین.”

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئارزی حەسەن سەبارەت بە ئەرکەکانی هێزەکانی پاراستنی ژنان جەختی كردەوە لەوەی “ئامادەن ئەوەی داوایان لێدەکرێت لەو بارەیەوە، ئەنجامی بدەن بۆ ئەوەی خەونەکانی گەلی كورج بەدی بهێنن.”

ف.ق