عەفرینییەکان لە دژی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین ناڕەزایەتیان نیشاندا

کۆمیتەى بەڕێوەبەری خۆجێی هەرێمی عەفرین داوای لە کۆمەڵگەى نێونەتەوەیی کرد، کە بەرامبەر بە سیاسەتی داگیرکەری لە عەفرین بێدەنگ نەبێت و بۆ ئازادیی عەفرین پێویستی بە یەکێتی و بەردەوامیی بەرخودان هەیە.

 

دەیان ئەندامی دەستە بەڕێوەبەری هەرێمی و شارەوانییەکانی هەرێمی عەفرین لە پارکی رێبەر ئۆجالان لە گوندی تل سۆسن لە کانتۆنی شەهبا کۆبوونەوە و لەبارەی سیاسەتە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و دروستکردنی کۆمەڵگەى نیشتەجێبوون بۆ چەتەکان، راگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

هاوسەرۆکانی دەستەکە مەلەک حسێن بە زمانی کوردی و فایەق ئەحمەد بە زمانی عەرەبی راگەیاندراوەکەیان خوێندەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا باس لە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین کراوە و رایانگەیاندووە، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دوای ئەوەی دانیشتوانی رەسەنی عەفرینیان کۆچبەرکرد و ئەوانەى لە عەفرین مانەوە رفاندنیان و کوشتنیان، چەتەکان و بنەماڵەکانیان لە شوێنەکانیاندا نیشتەجێ کرد و بە هاوکاریی قەتەر و کوێت بە ناوی هاوکاریی مرۆییەوە کۆمەڵگەى نیشتەجێبوونی داگیرکەری دروست دەکەن.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ژمارەیەکی زۆر رێکخستنی حقوقی و یاسایی نێونەتەوەیی لە راپۆرتەکانیاندا باسی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانیان لە عەفریندا کردووە، بەڵام هەموان بێدەنگن.

لە درێژەى راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات عەفرین لە ناسنامەى سوری و کوردیی رەسەنی خۆی داببڕێت. شوێنەوار و شوێنە شارستانییەکانی تاڵان دەکات تاوەکو مێژووەکەى بگۆڕێت و لە ناوی ببات. هەروەها بەکارهێنانی زمانی تورکی و بەکارهێنانی پارەی تورکی بەسەر عەفریندا سەپنێراوە و ئاڵای تورکیا هەڵدراوە و ناوی شارەکان و گوندەکانیان گۆڕیوە. لە لایەکی ترەوە بنەماڵەى چەتە عەرەب و تورکمانەکان لە عەفرین نیشتەجێ دەکەن و دانیشتوانی رەسەن دەفڕێنن و لێسەندی فیدییەیان بەسەردا دەسەپێنن و لە دژی ژنان تاوان ئەنجام دەدەن".

دەستەکە سەرنجی خستەسەر هەلومەرجی سەخت و دژواری زیاتر لە ١٥٠ هەزار کۆچبەری عەفرینی، کە لە کامپەکانی شەهبادان و چاویان لە شارە داگیرکراوەکەیانە، بەڵام کۆمەڵگەى نێونەتەوەیی بە تایبەتی رووسیای گارەنتیکار و زامنی حکومەتی سوریا بەرامبەر بە تاوانە داگیرکەرییەکانی تورک بێدەنگە.

لە راگەیاندراوەکەدا داوا لە هەموو دەوڵەتانی جیهان و هێزە ئاشتیخوازەکان کراوە، کە دەست لە بێدەنگییان هەڵگرن و گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین راوەستێنن. هەروەها داوایان لە کۆچبەران کرد، بە شێوەیەکی یەکگرتوانە و زیاتر لەوەی هەیە بۆ ئازادکردنی عەفرین و درێژەدان بە هێڵی بەرخودان و بەرەنگاری تێبکۆشن.

ژ.ت