عەفرینییەکان: تاوەکو ئازادیی عەفرین بەردەوام دەبین لە بەرخودانەکەمان

عەفرینییەکان بە رێکخستنی چالاکییەک داگیرکەریی دەوڵەتی تورک-یان ئیدانە کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو خاکەکەمان ئازاد نەبێت بەردەوام دەبین لە بەرخودانەکەمان".

بە بۆنەى نزیکبوونەوەى سێهەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین، ئەنجوومەنی کانتۆنی عەفرین بە دروشمی "بە ورە و رامانی ئازاد، ٢٠٢١ دەبێتە ساڵی سەرکەوتن و رزگارکردنی عەفرین" رێپێوانێکی جەماوەریی بە بەشداریی دانیشتوانی کامپی بەرخودان و دانیشتوانی ناوچەکانی فافین و ئەحداس رێکخست.

رێپێوانەکە لەسەر رێگای فافین و کامپی بەرخودان رێکخرا و وێنەکانی شەهیدانی بەرخودانی سەردەم، وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ژمارەیەک پۆستەر، کە لەسەریان نووسرابوو "ئیدی بەسە بۆ داگیرکردنی خاک" و "عەفرین لە دڵماندایە" و "بە ورە و ئیرادەی شەهیدەکانمان، ئێمە سەردەکەوین و پارێزگاری لە ژن و ژیان دەکەین"، "نا بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوە و گۆڕینی دیمۆگرافیا" بەرزکرابوونەوە.

بە گەیشتنی جەماوەری گەل بە گۆڕەپانی کامپی بەرخودان، دەقەیەک رێز راگەیەندرا. دوای ئەوە هێڤین عەلۆش ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەى شەهیدانی کانتۆنی عەفرین وتەیەکی پێشکەشکرد و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری لە دژی ژنان و منداڵان و گەورەکانی عەفرین ئیدانە کرد.

هێڤین عەلۆش وتی، "ئەو بەرخودانە، کە دانیشتونی عەفرین لە ماوەى ٥٨ رۆژدا لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەنجامیاندا، لە مێژوودا تۆمار کرا و ئێستاش بە پیتی زێڕین لە مێژوودا دەنووسرێتەوە. سەرباری دۆخە قورس و دژوارەکە و گەمارۆکان، دانیشتوانی عەفرین بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن".

لە لایەکی ترەوە زەینەب خەلیل ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار رایگەیاند، پێویستە ئاستی تێکۆشان بەرزتر بکرێتەوە تاوەکو گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و داگیرکەریی سەر عەفرین و هەموو پلانەکانی داگیرکەران پووچ بکرێنەوە.

شۆڕش عیسا ئەندامی ئەنجومەنی کامپی سەردەم وتی، "تاوانەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە دژی هاووڵاتییانی عەفرین بەردەوامن تاوەکو هەموو دانیشتوانی عەفرین لە ناو ببەن و بیانسڕنەوە و بەوەش بە ئاسانی گۆڕینی دیمۆگرافی ئەنجام بدەن".

شۆڕش عیسا وتیشی، "ئێمە وەک هاووڵاتییانی عەفرین تاوەکو رزگارکردنی عەفرین لە دەستی داگیرکەری و چەتەکان بەردەوام دەبین لەسەر بەرخودان و بەرەنگاری".

ژ.ت