فۆزا یوسف: دەوڵەتی تورک خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە دەکات

فۆزا یوسف ئەندامی دیوانی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک ئامادەکاری هێرشی نوێ دەکات و وتی، "دوو ساڵی تر شەڕ و قەیران لە ڕۆژەڤدا دەبێت."

فۆزا یوسف ئەندامی دیوانی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە و ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی تەڤدەم بۆ رۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلیتیکا قسەی کرد.

فۆزا یوسف بە فراوانی باسی ئەوەی کرد کە پارتەکەی (پەیەدە) چۆن لە چوارچێوەی ستراتیژی نەتەوەی دیموکراتیکدا سیاسەتی هێڵی سییەمی لە هەرێمەکە بەرێوەبرد و وایکرد کە کورد لەم ساڵانەی ئاڵۆزی و شەڕدا وەک هێزێکی سەرەکی لە هەرێمەکە دەربکەوێت. فۆزا یوسف دەشلێت، مۆدێلەکەیان باوەش بۆ هەموو گەلان و ئایینەکانی هەرێمەکە دەکاتەوە و چارەسەریەکی بناغەییە. لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەرکەوت کە بێ کورد و بێ خۆبەرێوەبەرایەتی خۆسەری لە سوریا چارەسەری پێک نایەت.

'دیمەش لە چارەسەری هەڵدێت'

فۆزا یوسف ئاماژەی بەوەکرد کە لە چارەسەری کێشەکاندا دیالۆه وەک بناغە دەبینن و بۆیەش بڕوایان بەوە نییە کە بە ڕێبازی سەربازی کێشەکانی سوریا چارەسەر ببن. فۆزا یوسف کێشەی دیموکراتبوونی لە سوریا بەبیرهێنایەوە و لەو چارچێوەیەدا ئاماژەی بە هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتی دیمەشق کرد و وتی، "عەقڵیەتی نەتەوە دەوڵەت وەک مۆتەکەیەک سوریای خنکاندووە. لەگەڵ گۆڕانکارییەکان ڕژێمی سوریا دەیەوێت جارێکیتر بە مۆدێلی نەتەوە دەولەت کێشەکان چارەسەر بکات. گۆڕانکاری دیموکراتی قبوڵ ناکات. بە عەقڵیەتی یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک نەتەوە و یەک کەلتور، دەجووڵێتەوە. واتە نمونەی بەرچاو ئەوەیە کە حکومەتی سوریا تا ئێستا خوێندنی بە زمانی دایک قبوڵ نەکردووە و کە دیالۆگ دروست دەبێت، دەیانەوێت خوێندنگاکان بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێم. ئەمە نمونەیەکی بەرچاوە کە تا چ ئەندازەیەک لەبەرانبەر گۆڕانکاری دیموکراتی داخراون. لەگەڵ هەموو هەوڵەکانمان کە دەمانەوێت لە رێگەی دیموکراتی و ئاشتیانە کێشەکانی چارەسەر بکەین، بەڵام بەداخەوە ڕژێمی سوریا لە چارەسەری هەڵدێت."

'دەوڵەتی تورک بە نیازی هێرشێکی نوێیە'

فۆزا یوسف لەبارەی پرسیارێک لەسەر ڕۆڵەی دەوڵەتی تورک و دەستوەردانەکانی ڕاشیگەیاند کە دەوڵەتی تورک هەموو کاتێک بۆ دەستوەردان زەمینێک ئامادە دەکات، بۆیەش لەگەڵ چەتەکانی وەک داعش کاری کرد، هەرچەندە بە شێوەیەکی شاراوە کردی، بەڵام لەبەرئەوەی سەرنەکەوت، ئێستا بە ئاشکرا کاری قێزەون دەکات. فۆزا یوسف وتی، " مەترسی دەوڵەتی تورک نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلان و دیموکراسیە، ئامانجی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە لە داهاتووی سوریادا ببێتە خاوەن قسە و ڕێگا نەدات کورد ببێتە خاوەن پێکە. بۆیەش بە هەموو ڕێگا و ڕێبازێک کار دەکات. بە پێی چاودێریەکانمان دەوڵەتی تورک دەیەوێت جارێکیتر هێرش بکات. بەڵام ئەگەر دەرفەت نەبێت، بە ڕێگای هەواڵگریەوە ئاڵۆزی دروست دەکات، فیتنە دروست دەکات، کەسانی کاریگەر دەکوژێت، بۆ ئەوەی ناوچەکە نائارام بێت. لە ئێستادا ئەو هەموو شتە ئەنجام دەدات."

'شەڕی تایبەت بەڕێوە دەبات'

فۆزا یوسف ئەو شەرە تایبەتەی دەوڵەتی تورک لە دژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەڕێوەی دەبات، وەکو نموونە هێنایەوە و باسی لە بە جاسووسکردن و نانەوەی تۆی فیتنە لە ناو پێکهاتەکاندا کرد و وتی:"لە سایەی هۆشیاری گەل، زۆربەی زۆری ئەو هەوڵانەی دەوڵەتی تورک پوچەڵ کرانەوە. ئێمە لە دژی دەوڵەتی تورکیا رۆژانە کۆمەڵگاکەمان هۆشیار دەکەینەوە و هۆشمەندی سیاسی و پاراستن بەهێز دەکەین. لە رووی دیپلۆماسیشەوە بۆ ئەوەی رووی راستەقینەی سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورک ئاشکرا ببێت و لە دژی ئەو، یەکدەنگیەک بێتە ئاراوە، لە هەوڵدانداین."  

'یەکێتی کورد سەردەخەین'

فوزا یوسف باسی لە هەڵومەرجە سەختەکانی ناوچەکە کرد و وتی، هەڵومەرجە سەختەکان کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییە دیمۆکراتیەکان دروست دەکات، بەڵام بە تایبەت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر توانی لەسەر پێ بمینێتەوە.

فۆزا یوسف لەبارەی یەکێتی هێزە کوردیەکان و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەنەکەسە وتی، ئێمە هەوڵ دەدەین لەسەر بناغەی دیموکراتی یەکێتیەک دروست بکەین، بەڵام ئەنەکەسە بە شێوەیەکی موحافزکار دەجووڵێتەوە و فۆزا یوسف بەشداریکردنی ژنان و هێزەکانی تری وەک نمونە هێنایەوە و وتی، "لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکان ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی پرۆسەکە سەربکەوێت."

'هەم مەترسی و هەمیش دەرفەت هەیە'

فۆزا یوسف لە کۆتایی قسەکانیدا باسی ئەوەشی کرد کە لە سوریا شەڕ بەردەوام دەبێت، لانیکەم ٢ ساڵی تر شەڕ دەبێت و وتی، "بەپێی بۆچوونی ئێمە مەترسیەکی زۆر لەسەر کورد هەیە، بەڵام دەرفەتێکی زۆریش هەیە. کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونەتە هەبوونێکی سیاسی و کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات، بەڵام سیاسەتی قڕکردن بەردەوامە. ئەگەر ئێمە هەڵەی گەورەی سیاسی نەکەین و هێڵی سێیەم بپارێزین و یەکێتی نێوانمان بپارێزین، نەک بە تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو سوریا دەبینە ڕێگای چارەسەری."

ف.ق