فۆزا یوسف: خۆبەڕێوەبەری ناونیشانی چارەسەرییە

ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە فۆزا یوسف رایگەیاند: "هۆکاری گەورەبوونی کێشەکانی سوریا بەر لە ٢٠١١ و دوای ئاداری ٢٠١١ کە گۆڕدرا بۆ پێکدادان، حکومەتی دیمەشق و هێزە نێونەتەوەییەکانن".

پێشهاتەکانی بەر لە ساڵی ٢٠١١ و دوای ئەوە، ئەو دۆخەی پێیدەوترێت قەیرانی سوریا کامانەن؟ کێ وایکرد قەیرانەکە قوڵ ببێتەوە، کێ لە هەوڵی چارەسەرکردنیدایە؟ ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) فۆزا یوسف لە بارەی کێشەکانی سوریا و وردەکارییەکانەوە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

ئەو دۆخەی بە 'کێشەی سوریا، قەیرانی سوریا' پێناسە دەکرێت، چییە؟

ئەو دۆخەی پێی دەوترێت کێشەی سوریا، نەبوونی سیستمی دیموکراتیک، مافی پێکهاتە ئایینیەکان و ژنانە. ئەوانە کێشەی هەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکەن. لەبەر وەها سیستمێک رێگە لەبەردەم کێشەی سیاسی و ئابوری کرایەوە. ئەوەش قەیرانی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە. راستی نەتەوە دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو هێزە جیهانیانەی کە لە شەڕی جیهانی یەکەمدا بەشداربوون، لە سەر نەژادپەرست، ئایینپەرست و رەگەزپەرستی دەوڵەت دایانمەزراند. یەک لەو نەتەوە دەوڵەتانەش سوریا بوو کە لەو شەڕەدا دابەشبوو. دەوڵەتی سوریاش کەوتە هەمان دۆخەوە. چونکە سوریاش پشتی بە نەتەوە-دەوڵەت بەست. بە هەمان شێوە کورد، سریان و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە کە لە سوریا دەژین، نکۆڵییان لێکرا. لەبەر ئەوە جگە لە گوشار، رێگە لەبەردەم کێشەی سیاسی و ئایینی کرایەوە. بەو قۆناغەی پێیدا تێپەڕبووین، لەبەر ئەو شتانەی روویاندا. لە ناو کۆمەڵگای سوریادا، بە هۆی بێزاری بەرامبەر بە سیستمی نادیموکراتیک رێگە لەبەردەم دەستپێکردنی جموجۆڵەکانی ٢٠١١ خۆشکرا. لەبەر ئەوەی مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، کێشەی بنەڕەتی سوریا نەتەوە دەوڵەت و نەبوونی سیستمێکی دیموکراتیکە.

دەوترێت کە سەرەتای دۆخەکە ساڵی ٢٠١١یە، ئاخۆ پێشتر سوریا هیچ کێشەیەکی دیکەی نەبوو؟

بەر لە ساڵی ٢٠١١ش کێشە هەبوو. بۆ نمونە؛ سیاسەتی نەژادپەرستی لە رۆژئاوای کوردستان تا ساڵی ٢٠١١. هۆکاری دەرکەوتنی گروپە توندڕەوەکان بوو لە زۆر ناوچە سیاسەتە ئایینیەکان بوون. پرسی جددی رەگەزپەرستی هەبوو. دۆخی ساڵی ٢٠١١ لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی مایەپووچبوونی نەتەوە دەوڵەتەوە هاتە ئاراوە. نەتەوە دەوڵەت چیتر ناتوانێت خۆی بەڕێوەببات. بە گۆڕین و وەرچەرخان پێویستی بە دامەزراندنی سیستمێکی دیکە هەیە. چونکە بە بنبەست گەیشتنێک هەبوو. نەک هەربۆ کوردان، بۆ هەموو گەلانی سوریا بە بنبەست گەیشتن هەبوو. ئەوەی سەرنجڕاکێشبوو ئەوەبوو کە جموجوڵەکە لە دەرعا دەستیپێکرد. لەوێوە دەردەکەوێت کە کێشەکانی سوریا گەیشتوونەتە ئاستێکی لەو جۆرە کە مرۆڤ ناتوانێت بەرگەی بگرێت و پشوودرێژبێت بەرامبەری. هەربۆیە ساڵی ٢٠١١ گەلان راپەڕینیان کرد.

مرۆڤ دەتوانێت لە دوو رووەوە هەڵیبسەنگێنێت. یەکەم؛ بنچینەی دەستپێکردنی سەرهەڵدانەکە توڕەیی و بێزاری گەل بوو. داواکارییەکانی گەل زۆر بوون. سەرەکی ترین داواکاری یەکسانی بوو. بۆ ئەوەش دەبێت سیستم بگۆڕێت. داواکاری بۆ هێنانەکایەی دیالۆگ هەبوو. لەبەر ئەوەی هەژاری و نادادپەروەری زۆر بوو. ئازادی نەبوو، گوشار زۆربوو. لە هەموو شوێنێک سیستمی هەواڵگری و ئەمنی هەبوو. لە ناوچەکانی کوردان ناسنامەی کوردان نکۆڵی لێدەکرا، پرسی ئابوری و دیموکراتیک هەبوون. لە ناوچەی نیشتەجێبوونی عەرەبەکان کێشەی دیموکراسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی زۆر بوون. ناسنامەی کۆمەڵگای نکۆڵی لێدەکرا. کاتێک مرۆڤ هەموو ئەوانە دەهێنێتە بەرچاو، دەبینێت کە گەلانی سوریا دەیانویست سیستمێک دروست بکرێت کە جێگەی هەموو گەلان ببێتەوە.

زیان و لێکەوتەکانی رووداوەکانی ٢٠١٦ تا ئێستا کامانەن؟

قەیران، لە ماوەی ١٢ ساڵدا بووە هۆی ئازاردان و وێرانکاری. ملیۆنان کەس کۆچبەر بوو، بە سەدان هەزار کەس کوژران و بە سەدان هەزار کەسیش برینداربوون. ژێرخانی سوریا زۆر وێرانبووە، هەندەێک شار تەختبوون. شەڕی داعش و کێشەکانی سوریا کە زۆر خایاندووە، کاریگەری نەرێنی لە سەر سورییەکان داناوە و بووەتە مایەی ئاوارەییان. هەژاریش لەوە زیاد بووە. زیاتر لە نیوەی گەلانی سوریا لە هەژاریدان. لە رووی زانست و پەروەردەشەوە زیانی زۆر هاتووەتە ئاراوە. بەوهەموو لێکەوتە و خەسارانەوە کۆمەڵگا برینداربووە. ١٢ ساڵە رووبەڕووی ئەو کێشانەن و هەموو ئەوانەش رێگە بۆ کێشەی گەورەتر دەکەنەوە.

کام هێزانە لەوەد دەستیان هەبوو؟ هۆکاری دەستوەردانی دەرەکی چی بوو؟

حکومەتی سوریا، ئەگەر لەو بارەوە رێکاری ئاشتیانە، دیموکراتیک و دیالۆگی بگرتایەبەر، ئەنجامەکان بە ئەگەری زۆر جیاواز دەبوون. بەهۆی دەستوەردانی دەرەکیش هەڵوێستی حکومەت لە دژی بزوتنەوەکانی گەل، توندتر بوو. بە دەستوەردانی هێزە دەرەکیەکان، هەر کەس بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆی دەستوەرانی کرد. تورکیا لە رێگەی بەرەی نوسرە و گروپەکانی دیکەوە دەستوەردانی کرد. ساڵی ٢٠١٥ روسیا دەستوەردانی کرد. دوای ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ پرسی سوریا بووە پرسی ناوچەیی و نێونەتەوەیی. چونکە زۆر هێز لە سوریا جێگیربوون، لە رێگەی پێکدادانی دژوار، بە بەشداری هێزەکانیان، بووە پرسێکی هەرێمی و نێونەتەوەیی. هەموو هێزێک بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانیان ویستیان پێرسپێکتیڤ و رێنمایی بدەن بە هێزەکانیان لە سوریا. لە رێگەی پشتیوانی ئەوانەوە هێزەکان رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و قەیرانی سوریا درێژەی کێشا و کەوتە رێڕەوێکی دژوارەوە. ئەم قەیرانە دوو لایەنی هەیە:

یەکەم، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق کە هیچ ئیرادەیەکی چارەسەریان بۆ سوریا نەخستووەتەڕوو، هەموو قورسایی خۆی خستووەتە سەر هێزەکانی دەرەوە. ئیدارەی دیمەشق بەردەم هەڵاتووە و ئەو هێزانەشی کە بە خۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن هەموو قورساییان خستووەتە سەر هێزە دەرەکیەکان و کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە دەرەکیەکان. هاوپەیمانی سوریا، هێزە بەرەهەڵستکارەکان، سوپای ئازاد، زۆرینەی گروپە چەتەکان چوونە دەرەوە و شوێن سیاسەتی کەسی کەوتن. بۆ چارەسەری دیموکراتیکی قەیرانی سوریا زیاترین هەوڵ لەلایەن هێزەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا خرایەگەڕ. بەڵام ئەوە بەردەوام پشتگوێ خران. لە هیچ پلاتفۆرمێکی نێونەتەوەییدا کە گفتوگۆیان لە بارەی سوریاوە دەکرد، بەشدارییان پێنەکرا. ئەوە بووە مایەی ئەوەی هێز و ئیرادەی سوریا بەرەوپێش نەچێت.

لایەنی دووەمیش هێزە نێونەتەوەییەکان بوون کە دۆسیەی سوریایان لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بەکاردەهێنا. ویستیان قەیران بە قەیران چارەسەر بکەن. لە کێشەی سوریادا هێزە نێونەتەوەیی و هەرێمایەتیەکان بەرپرسیارێتی زۆریان لە ئەستۆیە. لەبەر ئەوەی ستراتیژی دانوستانەکان لە ژنێڤ راست نەبوو، بێ ئەنجامبوو. ئاستانەش نەیتوانی چارەسەری لێبکەوێتەوە. سوچیش چارەسەری بەدواوە نەبوو. زۆر هەوڵ هاتنە ئاراوە بەڵام هێزە نێونەتەوەییەکانیان نەیانویست قەیرانی سوریا چارەسەر بکرێت و بابەتەکەیان درێژ کردەوە. لەبەر ئەوەبوو کە سوریا رووبەڕووی دۆخێکی لەم جۆرە بووەوە. لەبەر کاراکتەرەکان لە سوریا و بێ ئیرادەیی ئێستا، ئیرادەی چارەسەری پێشنەخرا. ئەوەی دیکەش رۆڵی هێزە نێونەتەوەییەکان بوو، ئەوان خوازیاری ئەوەبوون کە ئاڵۆزی لە سوریا زیاتر بێت.

خۆبەڕێوەبەری لەپێناو چارەسەری کێشەکە چی کرد و چ رۆڵێکی هەبوو؟

خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێشخەری چارەسەری خستەڕوو. لە دۆخی سیاسی ئەمڕۆکەدا، جارێکی دیکە دەیەوێت کە پرۆژەی چارەسەری خۆی پێشکەش بکات. چونکە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە سوریا هێزێکی گرنگە. لە سەدا ٣٠ی گەلانی سوریا لە ژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریدا بەڕێوەدەبرێن. ئەوان هەموو پرۆژەیەکی چارەسەریان پێیە، هەمیش بە ئیرادەی سیاسی و سەربازی خۆیان بەرەوپێشچوون. هەربۆیە دەستپێشخەری خۆبەڕێوەبەری گرنگە. خۆبەڕێوەبەری نەک هەر بەرامبەر گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵکوو رایگەیاندووە کە بەرامبەر هەموو گەلانی سوریا خۆی بە بەرپرسیار دادەنێت. هەروەها ویستی ئەوە تێبگەیەنێت کە لە چوارچێوەی سوریادا دەژی. بۆ چارەسەری کێشەی سوریا ئیرادەی خۆی خستەڕوو.

خۆبەڕێوەبەری، شێوازێکی ئیدارەدانی هێنایە کایەوە. بەڵام بەردەوام ئەوە پشتگوێ و پەراوێز دەخرێت. ئاشکرایە کە بە بێ خۆبەڕێوەبەری هیچ سەرکەوتنێک دەستەبەر نابێت. تاکە مۆدێلێک کە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی هەموو گەلانی سوریا بێت، خۆبەڕێوەبەرییە. بۆ وڵاتانی عەرەبیش رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. چونکە لەهەموو هەوڵ و هەنگاوەکان کە لەم بابەتەدا ئەنجامدراون، خۆبەڕێوەبەری هۆشداری داوە کە هەڵەکانی ئاستانا و سوچی جارێکی دیکە دووبارەنەکرێنەوە.

هـ . ب