گەلی هەرێمی فورات سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید جانشێر دەکەن

گەلی هەرێمی فورات سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید جانشێر دەکەن، دووپاتی دەکەنەوە، درێژە بە تێکۆشان و بەرخۆدان دەدەن تا ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان.

ئەمڕۆ سەدان کەس لە کۆبانێ و سیرین و عەین عیسا، بە مەبەستی سەرەخۆشی، ڕوویانکردە خێمەی پرسەی گەریلای هەپەگە، شەهید باسل ئەحمەد (جانشێر ئادار)، کە ٥ ی ئایاری ٢٠٢٣ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوو.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان هاوسەرۆکی پەیەدە لە هەرێمی فورات، ساڵەح نوح سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کرد و گوتی: «گەل هەزاران شەهیدی بەخشیوە بۆ بەگژاچوونەوەی ستەم و ڕزگارکردنی خاک لەدەستی داگیرکەران، بێگومان بەرخۆدان و تێکۆشان درێژەی دەبێت». 

هاوسەرۆکی پەیەدە لە لە کانتۆنی گرێ‌سپی، سەبری نەبۆ دووپاتی کردەوە: «گەنجانمان لەچوارچێوەی مافی پاراستنی ڕەوا ئەرکی پیرۆزی خۆیان جێبەجێ دەکەن لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و پارچەکانی دیکەی کوردستان، دژی سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک».

بەڵێن دووپاتکرایەوە بە درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان، تا بەدیهاتنی سەرکەوتن و دوورخستنەوەی داگیرکەری تورک لە خاکە داگیرکراوەکان.

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە  و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، لەگەڵ گوتنەوەی درووشمی «شەهید نامرن».

ف.ق