هاوسەرۆکی پەیەدە: تاکە چارە پاراستنی ڕەوایە

هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم رایگەیاند، فاشیزمی تورک خەریکە دەمرێت، بۆیە لە ڕێگەی تیرۆری داعشەوە هێرشی دەستپێکردووە و بە کوردستانیانی وت: "تاکە چارەسەر لە دژی فاشیزم خۆپاراستنە".

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوا و باشوری کوردستان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)کرد.

موسلیم رایگەیاند، فاشیزمی تورک لە لێواری مەرگدایە، بۆیە وەک داعش تیرۆرکاری دەکات و وتی: "لەم هێرشانەی دواییدا لە شەهباوە تاوەکو قەندیل هێرشی کردووەتە سەر هەمەوو شوێنێک. بە فڕۆکەى جەنگی لە هەموو شوێنێک دەدات. فاشیزمی تورک خەریکە دەمرێت، دیار نییە چی دەکات. هەر خەریکی هێرش و پەلامارە. ئەمەش بەهۆی بێچارەییەوە ئەنجام دەدات. پیلانگێڕییەکەیان لە ئەستەنبوڵ شکستی هێنا، هیچ کام لەو شتانەی کە دەیانویست بۆیان ئەنجام نەدرا، جیهان باش لەوە ئاگادارە، کە چۆن سۆیلو پیلانگێڕییەکی ئامادە کردووە".

دەیەوێت بە هێرشی تیرۆریستی کوردستان چۆڵ بکات

موسلیم رایگەیاند، دەوڵەتی تورک شکستی هێنا لە سیناریۆکەی لە ئیستەنبول، بۆ ئەوەی کورد بترسێنێت ئەم هێرشانە ئەنجام دەدات و لە بەردەوامیشی دا وتی: "لەبەر ئەوەی پلانەکانی شکستی هێنا، وەک داعش تیرۆرکاری دەکات. هەر وەک چۆن داعش هەمووانی دەترساند، ئەویش لەهەوڵی تۆقاندنی گەلی کورددایە. هەوڵ دەدات بە فڕۆکە جەنگییەکانیی گەلی کورد بترسێنێت. فاشیزمی تورک هەمیشە ئەوەی سەلماندوە، کە دوژمنی کوردە. دەیەوێت بە هێرشە تیرۆریستییەکانی کوردستان چۆڵ بکات. بەهێرشکردن کار بۆ ئەو ئامانجە دەکات. ئەم هێرشەش ئەڵقەیەکی ئەو پلانەیە. ئێمە بە تایبەتی دەڵێین، فاشیزمی تورک خەریکە دەمرێت. ئەو شێت و هار بووە، بۆیە ڕوون نییە، کە چی دەکات. بۆیە هەموو چاوەڕێ دەکرێت هەموو تاوانێک و شتێکی چاوەڕوانەکراو ئەنجام بدات".

'پێویستە هەموو کەسێک خۆی بپارێزێت'

ساڵح موسلیم وتیشی: "کورد ئاگاداری ئەو سیاسەتەی هێرشکردنە. بە دڵنیاییەوە کوردەکان شار و گوندەکانیان چۆڵ ناکەن. گەل لە ماڵی خۆیدایەتی. ئەوەی داوامان لێکراوە بیکەین پاراستنی خۆمانە و لە هەر چوارپارچەی کوردستان لەسەر بنەمای پاراستنی ڕەوا، پێویستە هەموو کەسێک ئەوەی لە توانایدا بێت بیکات. ئایا داگیرکەریی زەمینی دەست پێ دەکات یان نا، ئێمە نازانین. ئەگەر دەست پێبکات جگە لە پاراستنی ڕەوا هیچ چارەیەکی دیکە لە بەردەستی گەلی کورددا نییە".

موسلیم داوای لە هێزە کوردییەکان و ڕای گشتیی هەموو جیهان کرد کە:

"پێویستە جیهان لەبەرامبەر ئەو هێرشە دڕندانەیەی دەوڵەتی تورک، کە لە دژی گەلی کورد ئەنجامی دەدات، بوەستێتەوە و ئەو هێرشانە بینن. ئەگەر فاشیزمی تورک بەم شێوەیە رێگەپێدراو بێت دەبێتە هەڕەشە بۆ هەمووان، بۆیە پێویستە هێزە کوردییەکان لە هەموو شوێنێک خۆیان بپارێزن و پشتیوانی یەکتر بکەن و پێکەوە کار بکەن".

ژ.ت