هەپەگە: هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە

هەپەگە ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر گۆڕەپانی وەرخەلێ بەردەوامە و لە گوندی هرور هاوڵاتیەک بە قورسیی برینداربوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێوارەی ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس و تەقەمەنیی مەیدانی بەرخۆدانی وەرخەلێی کردە ئامانج.

ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٠:١٠ بۆ ١٢:٠٠ی شەو، لە مەیدانەکانی گردی سلێمان، گردی سۆر، گردی سپی، مەرڤانۆس، تابوری عەرەبان و بانیستا لە هەرێمی ئاڤاشین، جموجوڵی هێلیکۆپتەرەکان بینرا، هاوکات گردی شەهید ڕزگار، گردی شەهید ئینتقام و مام ڕەشۆ، بە هێلیکۆپتەری جەنگیی بۆردوومان کران.

ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ ١٠:٠٠ی  بەیانی گوندەکانی ئێدنێ و سەراڕو لە شارەدێی کانی ماسیی سەربە ئامێدی لە بنکەکانی سەر سنوورەوە تۆپباران کران، بەهۆی تۆپبارانەکانەوە زیانێکی زۆر بەر ڕەز و باخی هاوڵاتیان کەوت و خەڵکەکەش بە ناچاریی گوندەکانیان جێهێشت.

ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٠:٣٠ بۆ ١٢:٣٠ خولەکی شەو، هێلیکۆپتەر بەسەر هێڵی قاشورا لە مەتینا سووڕایەوە، هەر ئەو کاتەش، مەیدانەکانی کۆردینە، قەڵای قومری، کێستە، گردی شەهید چیا، دۆڵی دەردارا و زەوییەکانی گوندی ئێدنێ، بە هێلیکۆپتەر هێرشیان کرایەسەر.

ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە، تا بەیانی ٢٦ی ئەم مانگە، لە شارەدێی کانی ماسی سەربە ئامێدی، دەوروبەری گوندەکانی هرور، کێستە و قەڵای قومری، لە بنکەکانی سەر سنوورەوە بە تۆپ و هاوەن بۆردوومان کران، کە زیانی بە ماڵ و مۆڵکی خەڵک گەیاند.

لە ئەنجامی ئەو هێرشە نامەردانانەدا، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی هاوڵاتییانی مەدەنی ئەنجامی دەدات، هاوڵاتییەک لە گوندی هرور بە قورسیی برینداربوو.

ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٩:٣٠ بۆ ١٠:٥٠ خولەکی شەو، مەیدانی چەمچۆ لە هەرێمی زاپ، لە سەر سنوورەوە تۆپباران کرا."

ف.ق