هێرشی سەر عەفرین و حەسەکە شەرمەزار کران

لە ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر زیندانی سناعەی حەسەکە بە پشتگیری دەوڵەتی تورک و پێنجەمین ساڵیادی هێرشی سەر عەفرین، لە حەسەکە، تەبقا و رەقا گەل رژایە نێو گۆڕەپانەکان.

دانیشتوانی کانتۆنی حەسەکە یادی شەهیدانی هەنگاوی 'گورزی گەلان' کردەوە و هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان لەدژی عەفرین شەرمەزار کرد. چالاکیەکە لە نزیک زیندانی سناعەی گەڕەکی غوێرانی حەسەکە بە بەشداری سەدان دانیشتوان ە ئەندامانی دەزگاکانی مەدەنی و سەربازی ئەنجامدرا. بەشداربووان وێنەری ١٢١ شەهید هەنگاوەکەیان بەرز کردەوە.

سەرەتا ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی حەسەکە رۆژدا ئەحمەد رایگەیاند کە هێرشی سەر زیندانی سناعە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بە ئامانجی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی گەلانی هەرێمەکە ئەنجامدراوە.

رۆژدا وتی، " لە سایەی یەکگرتنی گەلەکەمان و هێزە سەربازیەکان، پلانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تێکشکێنرا و بانگەوازی پاراستنی دەستکەوتەکانی شەهیدان کرد.

دواتر تەلعەت یونس هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی هەرێمی جزیر قسەی کرد و وتی، " بەرخۆدانی گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بەرامبەر چەتەکانی داعش و تێکشکاندنیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا. کەس ناتوانێت ئیرادەی گەل تێکبشکێنێت، ئێمە هەموو کاتێک بۆ ئاسایش و ئارامی گەلەکەمان گیانمان بەخت دەکەین."

چالاکی بە دروشمی ' شەهید نامرن' کۆتایی هات.

ف.ق