هێرشی ئەردۆغان لەبەرامبەر گەلی كورد بۆ رزگاربوون و ترسە لەشكست و بنكەوتن

شەرڤان دەروێش، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبج رایگەیاند؛ داعش چاوەڕوانی هێرشی دەوڵەتی توركە بۆ ئەوەی جارێكی تر سەرهەڵبداتەوە.

چارەنووسی دەوڵەتی تورك بەساڵانە لەنێوان لێوەكانی ئەردۆغاندا گیری خواردوە. ئەو تاقی تەنیا سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیر، سەرۆكی دەزگای دادوەری و سەرۆك ئەركان و ئەرتەش و سەرۆك پەرلەمان و ...هتد دامەزراوەكانی تری حكومەتە. دیكتاتۆری تورك بەگوێرەی راپرسییه‌كان شوێنێكی لەداهاتووی هەڵبژاردنەكانی توركیادا نابێت، دەیەوێت بەهەرشێوەیەك بووە دەسەڵاتەكەی بپارێزێت. لەبەر ئەوەی كوردەكان و دیموكراتیكخوازان دەنگی پێنادەن بۆیەش لەئێستادا بیرلەكۆكردنەوەی دەنگی نەتەوە پەرەستەكان دەكاتەوە. بیرۆكەیەك كە رێگەی لەهێرش بۆ سەر كوردەكان دەرباز دەبێت. دامەزراوە و كەسایەتیە نزیكەكانی ئەردۆغان لەئێستاكەدا كانتۆنی شەهبا و مەنبج وەكو ئامانج نیشان دەدەن.

دوای هێرشی ئەرتەشی تورك و بەكۆشتدانی سەدان سەربازیان لەشەڕ لەگەڵ گەریلاكانی ئازادیخوازی گەلی كوردستاندا لەزاپ و ئاڤاشین و مەتینا، ئەردۆغان ئێستا باسی هێرش بۆ سەر رۆژئاوا دەكات. ئەردۆغان وەكو ئەوەی كە دیارە تا ئێستاكە نەیتوانیووە رای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی دژ بەداعش لەهێرش بۆ سەر كۆبانی و هەرێمەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فۆرات بەدەست بهێنێت، ئێستاكە  هیوای لەسەر پەیوەندیەكان بەروسیاوە هەڵچنیوە، بۆ ئەوەی ئاسمانی رۆژئاوای روباری فۆرات بۆ فرۆكە شەڕكەرەكانی تورك لەباكوری سوریای بۆ بكاتەوە. ئەردۆغان و دەروبەرە نزیكەكانی لەئێستادا باس لەئامادەكاریە ئاسمانی و زەمینیەكان بۆ سەر مەنبج و كانتۆنی شەهبا دەكەن.

شەرڤان دەروێش وتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبج لەوتوێژێكدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز رایگەیاندوە؛ هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك هاوكاتە لەگەڵ شەشەمین ساڵرۆژی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مەنبج لەدەست گروپە چەتەكانی داعش.

شەرڤان راشیگەیاند كە ئەوان هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك بەهەند وەردەگرن و دەڵێت:"دەوڵەتی تورك هەلۆمەرجە جیهانیەكە بۆ مناوەرەی سیاسی و هێرشكردن سەرمان گۆنجاو دەبینێت. ئەگەر هێرشێك پێكبێت، بەگوێرەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەكان مافی پاراستنی رەوای خۆمان بەكار بهێنین. بەڵام شەڕێكی وەها دەبێت هۆی كۆچبەربوونی ملیۆنان مرۆڤ و رەنج و ئێشی زۆر گەورە. چەكەسێك قورسایی ئەم بارە لەئەستۆ دەگرێت؟

شەرڤان دەروێش بانگەشەكانی دەوڵەتی تورك كە گوایا لەپێناو بەرقەراری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی بڕیاری هێرشی داوە، بەدرۆ و دەلەسە بەناو كرد و رایگەیاند؛ هەر هێرشێكی سەربازی نوێ ئەگەر پێكبێت، تەنیا دەبێتە هۆی قوڵكردنەوە كێشەكان و رەوشی نالەباری سوریا. دەروێش ووتیشی؛ داعش چاوەڕوانی هێرشی دەوڵەتی توركە بۆ ئەوەی دووبارە سەرهەڵبداتەوە.

ئیسماعیل موسەوی جێگری هاوسەرۆكی كانتۆنی شەهبا لەوتوێژێكیدا لەگەڵ هاوار نیوز رایگەیاندوە؛ ئامانجی دەوڵەتی تورك شتێك بەدەر لەوەی كە لەناوچە داگیركراوەكانی تردا درۆستی كردوە نییە. موسەوی ئاماژەی بەكۆچبەربوونی دەیان هەزار كەس لەخەڵكی شارەكانی باب، جرابلۆس، عەفرین و سەرێكانی و گرێ سپی كرد و دەڵێت:"تەنیا ئێمە ئامانجی دەوڵەتی تورك نین. دەوڵەتی تورك هێرشی شەنگاڵ و هەرێمەكانی پاراستنی مێدیاش دەكات.

ئیسمائیل موسەوی ئامانجی راستەقینەی دەوڵەتی توركی بۆ زیندووكردنەوەی سنورەكانی عۆسمانی بەداگیركردنی هەرێمەكانی عراق و سوریا گەڕاندەوە و دەڵێت:"دەوڵەتی تورك و گروپە چەتەكانی لەساڵانی رابردوو كۆشت و بڕێكی زۆریان لەهەرێمەكە پێكهێنا. لەعەفریندا ماڵانیان هەڵوەشاندەوە و سوتاندیان. هێرشەكانیان بۆ سەر شەهباش هیچ كاتێك رانەوەستاوە و سەرقاڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكەن.

جێگری هاوسەرۆكی كانتۆنی شەهبا جەختی لەوە كردەوە كە؛ ئەگەر دەوڵەتی تورك هێرش بكات، تەنیا چەكەكانی خەڵكی كورد، عەرەب و توركمانی عەفرینە كە لەشەهبان رووبەروویان دەبنەوە و بەرخۆدان دەكەن.

هـ . ب