هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپراسێۆنێکیان لە خۆرهەڵاتی کەرکوک ئەنجامدا

دژ بە جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە خۆرهەڵاتی کەرکوک، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەو میحوەرە ئۆپراسێۆنێکیان ئەنجامدا.

سەرلەبەیانی دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپراسێۆنێکان دژ بە جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش ئەنجامدا، ئۆپراسۆنەکە لەناوچەی شێخ بزێنی سەر بەناحیەی شوان لە خۆرهەڵاتی کەرکوک ئەنجامدرا کە ئەو ناوچەیە بە ناوچەیەیەکی بۆشایی ئەمنی دەناسرێت بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە نێوان هەردوو هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان کە لەئیستادا لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە هیچ جۆرە هەماهەنگییەک نییە لە نێوان هێزە عێراقیەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنیە وایکردووە چەکدارانی داعش ئەو بۆشاییە بقۆزنەوە و بە ئاسانی جموجۆڵی تیدا بکەن.

دوای ئەوەی چەند رۆژ لەمەوبەر سێ گەنجی کورد لە گوندی (توڵکی) ناوچەی شێخ بزێنی سەر بەناحیەی شوان لە کەرکوک کە لەکاتی ئێوارەوە بەدوای ئاژەڵی وونبوودا دەگەران، چەکداری نەناسیان لێ پەیدا بووە، گولەبارانیان کردوون، دوایی تەرمەکانیان سوتاندوون و گڕیان لە ئۆتۆمبێلەکەشیان بەرداوە، پاشان پێرێ ریکخراوی تیرۆرستی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لەو کردەوە تیرۆرستییە ڕاگەیاند. ئەو ناوچەیەی گەنجەکانی تیدا شەهیدبوونە ناوچەیەکی دوورەدەستی سنوورەکە بووە کە چۆڵەوانییە و هەوراز و نشێوی زۆری تێدایە.

ئەو سێ گەنجەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە شەهید کراون بریتیبوون لە ئارام مستەفا لەدایکبووی ساڵی 1988ـە و پێشمەرگەیە، لەگەڵ ئەودا هەرێزی تەمەن 25 ساڵانی برای کە دوو هەفتەیە هاوژییانی پێکهێناوە وە پێشەوا عەبدولڕەحمانی تەمەن 23 ساڵی ئامۆزایان لەو رووداوەدا بوونەتە قوربانی.

گەرچی ناوچەی شێخ بزێنی لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە، بەڵام شوێنی رووداوەکە لەو بۆشاییانەدایە کە هیچ هێزێکی تێدا نییە و دەکەوێتە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانەوە.

سەرلەبەیانی دوێنێش هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچەیە ئۆپراسێۆنێکیان ئەنجامدا بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لە پاشماوەکانی داعش و رێگریکردن لە جموجۆڵی ئەو رێکخراوە تیرۆرستیسە، ئۆپراسێۆنەکە تا کاژمێر پێنج-ی ئێوارە بەردەوام بوو، لیوا هیوا ڕەش جێگری لێپرسراوی میحوەری چواری كەركوك و بەرپرسی میحوەری خۆرهەڵاتی کەرکوک، دەربارەی ئۆپراسێۆنەکەیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ووتی: "لای هەمووان ئاشکرایە کە سێ گەنجی کورد لەلایەن چەکدارانی دعش لەم ناوچەیە شەهید کران ئەم کارە تیرۆرستیەش کاریگەری زۆری لەسەر خەڵکی ئەم ناوچەیە هەبوو، ئەم ناوچەیە دەکەوێتە نێوان هێزەکانمان و هێزە عێراقیەکان و نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان هیزەکانمان لەگەل هێزە عێراقیەکان ئەم ناوچەیەی لە بۆشاییەکی ئەمنی بەجێهێشتووە، بوونی کەسانی دیکە کە عەرەبی ناوچەکانی خوارون هاتوونەتە ئەم ناوچەیە ئەمەش کار ئاسانی بۆ جموجۆڵی داعش کردووە."

سەبارەت بەئامانج لەم ئۆپراسیۆنە لیوا هیوا ڕەش ووتیشی: "ئامانجمان لەم ئۆپراسۆنە ریگریکردنە لە دووبارە کردنەوەی کرداری تیرۆرستی هاوشێوەی شەهید کردنی ئەو سێ گەنجە کوردە، لەئیستادا هەوڵێک هەیە بۆ دانانی ژووریکی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان کە ئەمش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سەقامگیری لەم ناوچەیەدا، لە ئۆپراسێۆنەکەدا هیچ حەشارگەیەکی چەکدارانی داعشمان نەدۆزییەوە، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن لە گەڕان و پشکنین بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە."

ژ.ت