هێزەکانی رزگاری عەفرین: لە ساڵی ڕابردوو ٢٦٥ داگیرکەرلە عەفرین کوژراون

هێزەکانی ڕزگاری عەفرین لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماری چالاکییەکانی لەدژی داگیرکەران لە لە عەفرین ئاشکرا کرد و وتی،" لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ٢٦٥ داگیرکەر کوژراون کە ٣٠کەسیان سەربازی سوپای تورک بوون".

هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئامار و ئەنجامی چالاکیی شەڕڤانانی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ـدا دژی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە عەفرین و دەوروبەرری بڵاوکردەوە.

لە دەستپێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوای داگیرکەردنی عەفرین، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەموو جۆرە کردەوەیەکی دژە مرۆڤانەی لە ناوچەکە ئەنجامدا، لەوانە؛ کوشتن، ڕفاندن، ئاسمایلاسیۆن و قڕکردن و بەردەوامیشە، لەلایەکەوە دیمۆگرافیای عەفرین دەگۆڕێت، لەلایەکی تریشەوە هەوڵی لە ناوبردنی سروشت و شوێنەوارە میژووییەکانی عەفرین دەدات، ڕۆژانە هاوڵاتیان و سروشتی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، ئەو خەڵکەش بەهۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ئاوارەبوون، دیسان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە قڕکردنێک دەبنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە: "  لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بەگشتیی دژی سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانی ، ١٥٣ چالاکی ئەنجامدراوە، کە لە ئەنجامیاندا ٢٥٦ چەتە و سەربازی دەوڵەتی تورک کوژراون، کە ٣٠ چەکداریان سەربازی سوپای تورک و ٢٣٥ی تر ئەندامی گروپە چەتەکان بوون.

لە بەردەوامییدا هاتووە: لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا، بە گشتیی ٢١٤ داگیرکەر برینداربوون، کە ١٧٢ـیان چەتە و ٤٢ـشیان سەربازی سوپای تورک بوون..

لە ماوەی ئەمساڵدا، ٣٥ ئۆتۆمبێل، سێ دۆشکا و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تێکشکێندراون، هەروەها ١١ ئۆتۆمبێلی سەربازی لەوانە تانکێک و زرێپۆشێکیش گورزیان لێدراوە.

لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ٣٧٥ جار ناوچەکە تۆپباران کراوە، لەو هێرشانەدا، ٧ هاوڵاتی مەدەنی لەوانە منداڵێک شەهید بوون و ١٤ی دیکەش بریندرابوون، هەروەها چەتەکان دوو جار هێرشی زەمینییان بۆسەر ناوچەکە ئەنجامداوە.

لە کۆتاییشدا هاتووە: لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک وچەتەکانیدا، هەروەها ٢٠ هەڤاڵمان شەهیدبوون.

ک-ش