هێزەکانی رزگاری عەفرین: لە ساڵی رابردوودا ٢٠٤ داگیرکەر کوژراون

هێزەکانی رزگاری عەفرین رایانگەیاند، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا ٢٠٤ داگیرکەری دەوڵەتی تورک کوژراون کە ٢٠یان پۆلیسی تایبەت، ٧٢یان سەرباز و ١١٢کەسیشیان چەتەن.

هێزەکانی رزگاری عەفرین بە راگەیەندراوێک ئاماری ساڵی ٢٠٢٢ی چالاکییەکانیانی لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"لە ساڵی ٢٠٢٢ دا هێرشەکانی سوپای تورک و گروپە چەتەکان بە شێوەیەکی دژوار بەردەوام بوون. دوای ئەوەی عەفرین داگیرکرا گەلەکەمان کە لە ماڵوحاڵی خۆیان کۆچبەر بوون، هەموو رۆژێک رووبەڕووی هێرشی دژوار دەبنەوە. سوپای تورک و گروپە چەتەکانی کە هیچ یاسایەکی شەڕ ناناسن، لە دژی گەلەکەمان هەموو جۆرەهێرشێکی نامرۆڤانە ئەنجام دەدەن. لە ناوچە داگیرکراوەکان کەسانی وڵاتپارێز و بە شکۆ دەرفێنن، ئەشکەنجەیان دەدەن و دەیانکوژن. هەروەها بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە سیاسەتە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٢٢شدا بەردەوام بوو. هاوکات لەگەڵ گۆڕینی دیموگرافیا  نەک هەر مرۆڤەکان بەڵکوو جوگرافیای عەفرینیش زۆر جار ئامانجی هێرشەکان. سوپای تورک و چەتەکانی نەک هەر دوژمنی گەلی هەرێمەکەن، لەهەمان کاتدا دوژمنی ژینگەشن. لەئەنجامی تۆپبارانەکان کە ئیتر لەناوچەکە ئاسایی و رۆژانە بوونەوە، ژینگەی ناوچەکە زیانی گەورەی بەرکەوتووە. لەپاڵ ئەوەدا چەتە دز و تاڵان کارەکان بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان، دارستانەکانی ناوچەکە لەناو دەبەن.

لەبەرامبەر ئەو کردەوانەی دوژمندا، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا چالاکیەکانی تۆڵەسەندنەوە وەڵامدانەوەمان بە شێوەیەکی بەهێزتر بەردەوامبوون. زۆر چالاکی کاریگەر کە تیایاندا گورزی گەورە لە داگیرکەران درا، ئەنجامدران. ئاماری شەڕەکان کە لەناوچەکە رویاندا بەم جۆرەیە:

لە ساڵی ٢٠٢٢دا هێرشەکانی سوپای تورک و چەتەکانی لە رێگەی تۆپبارانەوە بۆ سەر ناوچەکە بێ پسانەوە بەردەوامبوو.

بە دریژایی ساڵەکە ٢٧ هەزار و ٤٩٨ جار بە کاتیوشا، هاوەن و تانک تۆپباران ئەنجامدرا.

لە هێرشەکانی داگیرکەراندا ٧ مەدەنی شەهیدبوون کە یەکێکیان منداڵ بوو

١٨ جار بە فڕۆکەی شەڕ و ١٣ جاریش بە درۆن هێرش ئەنجامدرا.

لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٧ کەس کە یەکێکیان منداڵ بوو شەهید بوون، ٤٤ کەسیش کە ١٠ کەسیان منداڵ بوون برینداربوون.

٢٠٤ داگیرکەر کوژراون

لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەدژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی ٧٠ چالاکی ئەنجامدراون. لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ٢٠ پۆلیسی تایبەت، ٧٢ سەربازی سوپای تورک و ١١٢ چەتە کوژراون و ١٦ پۆلیسی تایبەت، ٦٧ سەرباز و ٥٦ چەتەش برینداربوون.

ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانەی لەناوبراون

لە ئەنجامی چالاکی هێزەکانماندا ١٤ ئۆتۆمبێل کە سیانیان زرێپۆشبوون، تانکێک، ٨ ماتۆڕسکیل، ٨ سەنگەر، ٥ خێمە، ٢ شوێنی مانەوە، کاتیوشایەک، چەکێکی ئێم-١٦، چەندین جبەخانە و کەلوپەلی تەکنیکی تێکشکێنراون. ٢ ئۆتۆمبێلی کرپی، ١ عەقرەب، ٢ تانک، ١ ریۆ، ١ کاتیوشا و ئۆتۆمبێلێکیش گورزیان لێدراوە. هەروەها لە ئەنجامی چالاکییەکەداندا ٨ چەکی ئەی کەی -٤٧، ١ بی کەی سی، یەک چەکی نیشانشکێن، ١ دەمانچە، ٤ بێتەل، ٤ رەخت، ٥ تەلەفون و بڕێکی زۆر تەقەمەنی لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستی بەسەرداگیراوە.

١٩ هاوڕێمان شەهید بوون

لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٩ هاوڕێمان شەهیدبوون و چوونە کاروانی شەهیدانەوە".

هـ . ب