هێزەکانی رزگاریی عەفرین: ١٤ داگیرکەر کوژران

هێزەکانی رزگاریی عەفرین لە دژی بارەگایەکی سوپای تورکی داگیرکەر لە عەفرین چالاکییان ئەنجامدا و لەو چالاکییەدا ١٤ داگیرکەر کوژران، کە ١١ داگیرکەریان چەتەن و ٣ داگیرکەری تریان سەربازن. دەستیش بە سەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گیرا.

هێزەکانی رزگاریی عەفرین لەبارەی چالاکیی دوێنێی هێزەکانیان لە عەفرین راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"هێزەکانمان رۆژی ١٩ی ئایار لە دەورووبەری گوندی باسوفان لە عەفرین لە دژی بارەگایەکی چەتە داگیرکەرەکان چالاکییەکی بەفراوان و دەستبەسەردا گرتنیان ئەنجامدا. چالاکییەکە کاتژمێر ٠١:٠٠ دەستیپێکرد. سەرەتا ٤ چەتە کوژران و ٢ چەتەش بە برینداری لە بارەگاکە رایانکرد. لە ماوەی ١٥ خولەکدا بارەگاکە لەلایەن هێزەکانمانەوە کۆنترۆڵ کرا. لە بەردەوامی شەڕدا ٤ چەتەی تر کوژران و چەتەیەکی تر بریندار بوو. چەکێکی دۆشکا بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە تێکشکێنرا.

 لە سەرلەبانیدا و کاتێک سوپای داگیرکەر لە دەورووبەری گوندەکەدا دەستی بە ئۆپراسیۆن کرد، لەوێش لە ئەنجامی چالاکییەکی سابوتاژدا ئۆتۆمبێلێکی داگیرکەران تێکشکێنرا و ٣ سەربازی تورک و چەتەیەک کوژران. لە نزیک نیوەڕۆ و لە کاتژمێر ١٠:٠٠ دا کاتێک هێزە داگیرکەرەکان هەوڵیاندا تەرمی کوژارەکانیان بگوێزنەوە، چالاکیی تری سابوتاژیان لە دژ ئەنجامدرا و لەو چالاکییەشدا ٢ چەتەی تر کوژران و ماتۆڕسکیلێکی چەتەکان تێکشکێنرا. دوای ئە چالاکییانە هێزە داگیرکەرەکان بە پشتیوانی فڕۆکەى چاودێری دەورووبەری بارەگاکەیان و گوندەکانی ناوچەی شێراوا و شەهبایان تۆپبارانکرد.

لەو چالاکییانەدا بە گشتی ١١ چەتە و ٣ سەرباز کوژران و بەلانیکەمەوە ٣ چەتەش بریندار بوون. ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێک و چەکێکی دۆشکا لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەیدا، دووربینێکی هەستگری لەیزەر، دوربینێک و بێ تەلێک تێکشکێنران.

چەکێکی بی کەی سی، ٣ چەکی ئەی کەی – ٤٧ (کڵاشینکۆف)، دووربینێکی شەو، بێ تەلێک و ٣ تەلەفون دەستیان بەسەردا گیرا.

ئەو زنجیرە چالاکییە بۆ تۆڵەى هێرشەکانی ئەمدواییەى سوپای تورکی داگیرکەر بوو، کە لەم مانگەدا لە دژی گەلەکەمان ئەنجامیدابوو".

ژ.ت