هێزەکانی رزگاریی عەفرین: لە عەفرین ٢ داگیرکەر کوژران

هێزەکانی رزگاریی عەفرین رایانگەیاند، لە عەفرین لە رۆژانی ١١ و ١٦ی تشرینی دووەمدا لە دژی دەوڵەتی تورکی فاشیستی داگیرکەر و چەتەکانی چالاکی ئەنجامدران و لەو چالاکییانەدا ٢ داگیرکەر کوژران.

چالاکییەکانی تۆڵەکردنەوە لەلایەن هێزەکانی رزگاری عەفرین لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە عەفرین بەردەوامییان هەیە.

هێزەکانی رزگاریی عەفرین لەبارەی ئەنجامی چالاکیی هێزەکانیان لە دژی داگیرکەران لە عەفرین راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رۆژانی ١١ و ١٦ی تشرینی دووەم لە هەرێمی عەفرین لە دژی چەتەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ٢ چالاکی نیشانەشکێنی ئەنجامدراون و لەو ٢ چالاکییەدا ٢ چەتە کوژران.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا لەسەر رێگای گوندی کەفەر شیلێی عەفرین لە دژی کاروانێکی سوپای تورکی داگیرکەر چالاکیی سابوتاژیان ئەنجامداوە. لەو چالاکییەدا ٤ سەربازی تورک بریندار بوون، کە برینی دوانیان قورسە و هەروەها زرێپۆشێکی ئەو سوپا داگیرکەرە تێکشکێنراوە.

هێزەکانی رزگاریی عەفرین لە راگەیاندراوەکەیاندا، بەڵێن و پەیمانی خۆیان دووبارە کردووەتەوە کە بەردەوام بن لە ئەنجامدانی چالاکییەکانی تۆڵەکردنەوەیان لە دژی داگیرکەران.

ژ.ت