هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاماری کار و چالاکیی ساڵی ٢٠٢٢یان بڵاوکردەوە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماری کار و چالاکیی ساڵی ٢٠٢٢یان بڵاوکردەوە.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەکادیمیای شەهید سامی یوسف لە شاری قامیشلۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢٢یان بڵاوکردەوە.

عەلی حەسەن وتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و حەمرین عەلی هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆی هەرێمی جزیری ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢٢یان بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی خوێندەوە.

سەرەتا ساڵی نوێیان لە سەرجەم گەلانی ناوچەکە پیرۆزکرد و هیوای خواست لە ساڵی نوێدا ئارامی و سەقامگیری لە هەموو هەرێمەکاندا بەدیبێت. بەڵێنی کارکردن بۆ پاراستنی گەل و خاکی هەرێمەکە نوێکرایەوەو ستایشی هاوکاریی هاووڵاتیان بۆ هێزە ئەمنییەکان کرا.

هەروەها دزی و تاڵانکاریی چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ناوی سوپای نیشتمانی لە ناوچە داگیرکراوەکان ئیدانە کرا.

هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کراوە و تیایدا هاتووە: "ئەمساڵ بە تایبەتی شار و شارۆچکەکانی نزیک سنوور، بە گشتی هەرێمەکانمان ڕووبەڕووی چەندین شەڕی سەخت بوونەوە. لە ئەنجامدا دەیان هاوڵاتی شەهیدبوون. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت بەم دەستدرێژی و هێرشانە گەلەکەمان کۆچبەر و ئاوارە بکات و ماڵ و موڵکیان تاڵان بکات".

جموجوڵی چەتەکانی داعش

ئاماژە بەوەشکراوە، شانەکانی چەتەکانی داعش سوودیان لە هێرشەکانی تورکیا وەرگرتووە و جموجوڵەکەیان زیاد کردووە و ڕاشیانگەیاند، ئامانجیان لە هێرش و پەلامارەکان بۆ لاوازکردنی پرۆسە ئەمنییەکان و زیادکردنی جموجۆڵی شانە تیرۆریستییەکان و لاوازکردنی ئاسایشی هاوڵاتیانی ناوچەکەیە.

وردەکارییەکانی ڕاگەیاندراوەکە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

"یەکێک لەو هێرشانە کە هەوڵی ئەنجامدانیان دا، بەڵام لە سایەی هێزەکانمان و بە بەشداریی قەسەدە تێکشکێنرا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی زیندانی سەناعە لە حەسەکە و چەندین گەڕەکی دەورووبەری، کە ئامانجیان دەربازکردنی چەتە داعشە زیندانیکراوەکان بوو، بەڵام  هەوڵەکانیان تێکشکێنران و بە هاوکاری گەلەکەمان ئێمە لە دژیان سەرکەوتین.

هێزەکانمان بەردەوام بوون لە شەڕی دژ بە هەموو جۆرەکانی تیرۆر و شانە شاراوەکانیان چاودێری کرد. هێزەکانمان لە قۆناغی دووەمدا بە پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) بەردەوام بوون لە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئارامی لە کامپی هۆل بۆ باشترکردن و ڕێکخستنەوەی دۆخی ئەمنی و دۆخی کۆچبەران لە کامپەکە.

هێزەکانمان دەیان چەتەی داعشیان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرت. چەندین شانەی تیرۆریستی و هەواڵگریی لە ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بێکاریگەر و پووچەڵکرانەوە.

ژمارەی ئەو شانانەی، کە بێ کاریگەر کراون ٧٦ شانە بوون. هەروەها تیمەکانی ئەندازیاری مین، ٦٧ مین و بۆمب و ٢ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان پوچەڵکردەوە. لە چوارچێوەی کارە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە دژی تیرۆر، هێزە تایبەتەکانمان (هات / HAT) ٤٤ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی چوونە سەر چەتەکان و شانەکانیان ئەنجامدا.

بەمەبەستی ڕێکخستن و باشترکردنی ئەدائی ئەمنی، هێزەکانمان لەمساڵدا سێیەمین کۆنگرەیان سازکرد و گفتوگۆ لەبارەی پێکهاتەی رێکخستنی، بەڕێوەبەری و ئیداری و ئەمنیی تایبەت لەگەڵ بەشەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو کرا و بەدەنگدانی بەشداربووان ژمارەیەکک گۆڕانکاریی رێکخراوەی ئەنجامدران.

ئەمساڵیش لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکەم خولی ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، دوو خولی تایبەت بە ریزی ئەفسەران کۆتاییان پێهات. فاکەڵتیی شەهید تۆڵهەڵدان بۆ زانستەکانی پۆلیس لە شاری حەسەکە کرایەوە و پێشوازی لە خولی دووەمی ئەفسەران لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد. هەروەها ٢٣ خولی پەروەردەیی تایبەت بۆ بەشە جیاوازەکان کرایەوە، کە ٢ هەزار و ٢٨٢ ئەندام تیادا دەرچوون و لەوانەش ٢٩١ ئەندامیان ژن بوون. ٢٢٨٢یان ژن بوون.

بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان

بەپێی پێویستییەکانی ئەم پرۆسەیەی ئێستا، کە پێیایدا تێدەپەڕین و هەوڵەکانی دوژمنان بۆ زیانگەیاندن بە ژێرخانی کۆمەڵایەتی لەناوەوە و بەتایبەتی لاوان، لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتی دژ بە هەرێمەکانماندا هەوڵی تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەکان دراوە، بەڕێوبەرایەتیی  گشتی شەڕی دژ بە تیرۆر دامەزرا. ژمارەی دۆسیە تایبەتەکان لەسەر ماددەی هۆشبەر، کە بەڕێوەبەرایی گشتیی دژی تاوان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژ بە ماددە هۆشبەرەکان کاری لەسەرکردووە، بەم شێوەیەیە: ٢ هەزار و ٣٧ دۆسیە، لەوانە ٥٣٥ دۆسیەیان هی بازرگانی، ٣٨٧ دۆسیەیەیان هی پروپاگەندە، ١ هەزار و ١١٥ دۆسیەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەوە. بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراون بریتین لە: حەشیش ٥٥٩٤٠١ گرام، ٣ نەمامی حەشیش، ٨ جگەرەی حەشیش، ٣٨٦٢٤١ حەبی هۆشبەر، ١٨٤٥٩٦ گرام ماددەی کریستاڵ و ١٤٤ گرام تۆوی حەشیش و ٥٣٤ گرانی هێرۆئین.

تاوان

ئەمساڵ هێزەکانمان هەموو هەوڵی خۆیان داوە بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی هەموو ئەو تاوانانە، کە ئاسایشی ژیانی هاوڵاتیان و ماڵ و موڵکیان دەخاتە مەترسییەوە، لە دژی هەموو جۆرە تاوانێکی ڕێکخراو، کە زیان بە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەگەیەنێت بەرەنگاریمان کرد و تۆمەتبارەکانمان ڕادەستی دادگا کرد.

هێزەکانمان لە شەڕی دژ بە تاوانەکاندا هەزار و ٣١٨ دۆسیەی دزییان چارەسەر کردووە، زۆربەی دزەکانیان دەستگیرکردووە و ڕادەستی دادگایان کردون. هەروەها چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەکانی قاچاخچێتی و بازرگانییکردن بە چەکەوە کردووە، دەست بەسەر ئەماندا گیراوە:

٢٣٣ چەکی کیلشینکۆف ٢٦٠ دەمانچە، ١٩٣ چەکی ڕاوکردن، ٤٩ نارنجۆکی دەستی و ١١٥٠ گولـلەی جۆراوجۆر.

هەروەها ٢١٦ تاوانی کوشتنیان ڕوونکردووەتەوە و ٣٥١ کەسیان دەستگیرکردووەوە ڕادەستی داواکاری گشتییان کردوون.

بەقاچاخبردنی شوێنەوارەکان و ساختەکردنی دراوی بیانی

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی پاراستنی ژێرخانی ئابووری دەستیان بەسەر ٤٧٣ هەزار دۆلار و ٢ ملیۆن ٢٨٠ هەزار لیرەی سوریی ساختەکراودا گرت.

هەروەها لە بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی لەناوبردن و تاڵانکردنی شارستانیەت و کلتوری هەرێمەکەدا، بە دواداچوون بۆ ٦٨ دۆسیەی گەڕان بەدوای شوێنەوارە کۆنەکان و فرۆشتن، یان ساختەکردنی ئەو بەرهەمانە کراوە و ١٥١ کەس لە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونانەدا دەستگیرکراون.

هاتوچۆ

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوام بوون لە پەروەردەکردن و ڕاهێنانی ئەندامانی بەشی هاتووچۆ. شانبەشانی ئەوەش بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خولێکی فراوانی بۆ ئەندامانی پۆلیسی هاتوچۆ ڕێکخستووە و سەبارەت بەجێبەجێکردنی یاسای نوێی هاتوچۆ، کە ئەنجومەنی یاسادانانی خۆبەڕێوەبەری گۆڕانکاریی زۆری تێدا کردووەوە و ئەنجومەنی گشتیش پەسەندی کردووە.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ - ژنان

لە ئاستی ژناندا؛ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ – ژنان، بە درێژایی ساڵی ڕابردوو کار و چالاکیی زۆریان بۆ زیاترکردنی رێکخستنەوەی بەشەکان، نووسینگەکانیان و ئەزموونی ئەندامانیان ئەنجامدا.  ٣٢ ئەندامیان بەشدارییان لە خولی یەکەمی ئەفسەرانی تایبەت بە ژنان کرد و بەپلەی ئەفسەر دەرچوون.

هەروەها بۆ زیاتر خۆڕێکخستنەوەیان بەپێی پێشهاتەکانی گۆڕەپانی ئەمنیی هێزەکان، سێیەمین کۆنفرانسی خۆیان سازدا. ئاماری کار و چالاکییەکانیان دژ بە تاوانەکان، ئاماری ئەو دۆسیەیانەی هێزەکانمان چارەسەریان کردوون، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

٨٨٢ سکاڵایان پێگەیشتووە، کە؛

٦  دۆسییەیان پەیوەندیدار بووە بە ماددەی هۆشبەر

٩ دۆسیەی ساختەکاری

٧٢ دۆسیەی ناسنامەی هەڵە،

٩  دۆسیەی تاوانی کوشتن، کە تیایدا ژنان تاوانبارن و ٥ حاڵەتی کوشتن، کە ژنان تێیدا قوربانین.

٢٠ حاڵەتی خۆکوشتن و ٢ هەوڵی خۆکوشتن".

شەهید

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماری ئەندامە شەهید و بریندارەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناخۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە پێناو پاراستنی گەل و ناوچەکەدا ٥ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ- ژنان شەهید بوون و ئەندامێکی دیکەش برینداربووە بۆ.

٦٩ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهیدبوون و ٤١ی دیکەش برینداربوون.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین، کە ببین بە بەربەست لە دژی چاوچنۆکەکان و لایەنەکانی دژ بە هەرێمەکە. ئێمە درێژەپێدەری رێگای ئەو شەهیدانەمان دەبین، کە بەخوێنی خۆیان ڕێگای ئازادیان بۆ دیاریکردووین".

ژ.ت