کاروانێکی هاوکاری گەیشتە شێخ مەقسود

کاروانێکی هاوکاری ئەمڕۆ گەیشتە شێخ مەقسودی حەڵەب کە بە هۆی بومەلەرزەکەوە زیانی زۆر بەر ئەو گەڕەکە کەوتبوو.

ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەی هاوکاری گەیشتە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەڵەب کە لە پێنج بارهەڵگر پێکهاتبوو.

کاروانی هاوکارییەکە لە خاڵی پشکنینی ئەورادەوە چووە ناو گەڕەکی شێخ مەقسود کە لە دوو بەش پێکدەهات. لە بەشی یەکەمدا خێمە و بەتانی پێکدەهات لە هۆڵی عەفرین بەتاڵ کرا و بەشی دووەمیش کە جلوبەرگ و ئامێری چێشتخانەی تێدابوو لە هۆڵی عەولان بەتاڵ کرا. هەردوو هۆڵەکە کەوتوونەتە ناوچەی شقەیفی شێخ مەقسود.

کۆمیتەی خێرخوازی پێشتر رایگەیاندبوو کە بە هاوکاری کۆمینەکان کار دەکات و لیستی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە ئامادە دەکات و بە گوێرەی پێداویستیەکان هاوکارییەکان دابەش دەکەن. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو تا سەرجەم کاروانەکان نەگەنە ناوچەکە دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکان ناکرێت.

زۆر دەوڵەت هاوکارییان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە ناردووە.

حکومەتی دیمەشق رێگە نادات کاروانەکانی هاوکاری خۆبەڕێوەبەری کە لە ١٠ شوباتەوە ئامادەکراون بپەڕنەوە بۆ ئەو دوو گەڕەکەی حەڵەب.

هـ . ب