کاروانێکی هاوکاری خەڵكی سلێمانی گەیشتە رۆژئاوای کوردستان

کاروانێکی هاوکاری لە لایەن خەڵکی سلێمانی لە هەریمی کوردستانەوە بۆ کۆچبەرانی گەمارۆدراوی عەفرین و قوربانیانی بوومەلەرزەکە کۆکرایەوە گەیشتە شەهبا لە رۆژئاوای کوردستان.

دوای پێنج ڕۆژ لە ڕاگرتنیان لە بازگەکانی حکومەتی سوری کاروانێکی یارمەتی کە پێکهاتبوو لە حەوت بارهەڵگر هاوکاری کە لەلایەن خەڵکی سلێمانی کۆکرابوەوە، گەیشتە کانتۆنی گەمارۆدراوی شەهبا لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەو بارهەڵگرانە  پێکهاتووە لە شیری منداڵ و پێداویستی پزیشکی و کەلوپەلی جیاوازی دیکە.

مانگی سووری کورد بە هاوکاری بۆردی کاروباری کۆمەڵایەتیی کانتۆنی شەبا یارمەتییەکانی وەرگرتووە و بەسەر کۆچبەرانی عەفرین و لێقەوماوانی بومەلەرزەکەدا دابەشی دەکات.

حەسەن نیبۆ، ئەندامی بەڕێوبەرایەتی مانگی سووری کورد لە کانتۆنی شەهبا، سوپاسی خەڵکی باشور و بەتایبەتی خەڵکی سلێمانی کرد وتی: یارمەتیەکان بە خێرایی دابەش دەکرێن بەسەر کۆچبەران و لێقەوماوانی بومەلەرزەکەدا.

ف.ق