کۆچبەرانی عەفرین: ‌‌هێرشی سەر مەخمور تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی

کۆچبەرانی عەفرین پشتیوانی خۆیان بۆ تێکۆشان و بەرخۆدانی کەمپی مەخمور دەردەبڕن، دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ گەمارۆدانی کەمپەکە. دووپاتیان کردەوە، هێرشکردنە سەر کەمپەکە تاوانە دژی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەمڕۆ، کۆردیناسیۆنی کەمپەکانی کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە بۆ شەرمەزارکردنی هەوڵەکانی سوپای عێراق و پەدەکە بۆ گەمارۆدانی کەمپی پەنابەران.

دەیان کۆچبەری عەفرین و ئەندامانی دامەزراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسییەکان، لە گۆڕەپانی سەرەکی کەمپی سەردەم لە شارۆچکەی ئەحداس لە کانتۆنی شەهبا گردبوونەوە.

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەمپەکان، خڵوسی بەسۆ، ڕاگەیاندراوەکەی بە زمانی عەرەبی خوێندەوە. ئاماژەی کرد بە هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ گەمارۆدانی کەمپەکە و گوتی: «ڕژێمە نەتەوەپەرستەکان بە نوێنەرایەتی هەردوو حکومەتی تورکی و عێراقی بەردەوامن لەسەر سیاسەتی نکۆڵیکردن و قڕکردن و شکاندنی ئیرادەی کورد، دواهەمین هەوڵ هێرشکردنە بۆ سەر کەمپی مەخمور».

ڕاگەیاندراوەکە ڕوونی کردەوە، سوپای عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکان بۆ شکاندنی ئیرادەی پەنابەران بە هێرشکردنە سەر کەمپەکە لەڕێگەی دەیان زرێ‌پۆش و کەرەستەی سەربازییەوە. کەمپەکە دەیان هەزار پەنابەر لەخۆدەگرێت کە بەزۆرەملێ لە خاکی خۆیان لە باکوری کوردستان دەرکراون. ئامانج لەم کارەش گەمارۆدانی کەمپەکە و بێبەشکردنی پەنابەرانە لە سادەترین مافە مرۆییەکان، لەکاتێکدا زۆرینەی پەنابەران لە ژن و مناڵ و بەساڵاچووان پێکهاتوون.

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات: «ئەم هەوڵانە بە هاوکاری پەدەکە بەردەوامە. پەدەکە دەیەوێت لەسەر حسابی پاشەڕۆژی دۆزی کورد دەسەڵاتی عەشیرەت و بنەماڵە بپارێزێت».

دووپاتی کردەوە: «کەمپی مەخمور لەژێر چاودێری کۆمیسیۆنی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، هەر هێرشێک بۆ سەر کەمپەکە، تاوانە دژی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە».

کۆچبەرانی عەفرین سەرکۆنەی هەوڵەکانی سوپای عێراق دەکەن بە هاوکاری لەگەڵ پەدەکە بۆ گەمارۆدانی کەمپی مەخمور و بێبەشکردنی پەنابەران لە سادەترین مافە مرۆییەکان.

ف.ق