خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆبەرێوەبەریەکەمان بە فەرمی بناسێت

بەبۆنەی نۆیەمین ساڵیادی شۆرشی ١٩ی تەمموزەوە، خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە خۆبەڕێوبەرییان بەفەرمیی بناسێت.

ئەمڕۆ خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی نۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمموز، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنە نیشتمانییەکان لەپێناو چەسپاندنی دیموکراسیی و دادپەروەریی لە سوریا، دەربڕی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سوریا لە سەردەمی بەعسەوە بەدەست سیستمی دەسەڵاتداریی ناوەندییەوە دەیناڵاند، دوای دەیان ساڵ لە دوورخستنەوە و نکۆڵییکردن لە خەڵکی سوریا، ئەم ڕژێمە وڵاتی بەرەو ئاڵۆزیی و بشێویی برد، هەربۆیە لە ١٠ ساڵ لەمەوبەرەوە هاوڵاتیان لە دۆخێکی سەخت دان، هەروەها تیرۆر و داگیرکاریی زیاتر بووە و سوریا بووەتە مەیدانی شەڕی سێیەمی جیهانی، کە خەونەکانی هاوڵاتیانی سوریای گۆڕیوە و دیموکراسیی بە با داوە، بەتایبەتیش کە چارەسەریی و سەقامگیری پێکنایەت و سوریا بووەتە مەیدانێک بۆ ئەجیندا هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان.

لە بەردەوامییدا هاتووە: شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ لە کۆبانێیەوە دەستیپێکرد و لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوبووەوە، ئەم شۆڕشە پشتی بەستووە بە گرنگیی گۆڕانکاریی دیموکراتی لە سوریا، پێشخستنی بەڕێوبەرایەتیی کۆمەڵایەتی، پاراستنی یەکێتی کۆمەڵایەتیی، لەڕێگەی پرۆژەی برایەتی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیی، کە بنەمای شۆڕشی دیموکراتییە، ئەم پرۆژەیە بە فرەڕەنگیی و جیاوازییەکانەوە، وایکرد کە ژیانی هاوبەش پێکبێت و مسۆگەر بکرێت، شۆڕش هەروەها گرنگیی گۆڕانکاریی ئاشتییانە و پێکهێنانی خەیاڵی گەلی سوریای بێ جیاوازیی و بە پێشخستنی سیستمێکی جێگرەوەی ناناوەندیی لە سوریا، بەبنەما گرت.

لە بەشێکی دیکەدا نۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمموز لە هەموو پێکهاتەکان پیرۆزکراوە و بەڵێنی بۆ پابەندبوون بە ئامانجەکانی ئەو شۆڕشە و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل دووپات کراوەتەوە و هاتووە: کار دەکەین بۆ ڕزگارکردنی هەرێمە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی و گەڕانەوەی کۆچبەران بۆسەر خاکی خۆیان، داوا لە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین، کە یەکبگرن و پرۆژەی برایەتی گەلان بپارێزن، چونکە ئەمە ڕێگای هێزی هەموومانە، داواش لە لایەنەکانی سوریا دەکەین کە بۆ پێکهێنانی دادپەروەریی، دیموکراسی و ڕزگارکردنی هەرێمە داگیرکراوەکان کاربکەن.

هەروەها، داوا لە هەموو لایەنەکانی سوریا کراوە، کە نەبنە کلکی هیچ کەسێک و خزمەت بە سوریا و گەلەکەی بکەن، “وەک خۆبەڕێوبەریی ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنە نیشتمانییەکانی سوریا، کە کار بۆ پێکهێنانی دادپەروەریی، دیموکراسی و ئارامیی لە سوریا و دەرکردنی داگیرکەران و ڕزگارکردنی هەرێمە داگیرکراوەکان بکەین”.

لە کۆتاییشدا هاتووە: بە گوێرەی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لەو ڕێکخراوە دەکەین، کە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی، وەک هەرێمێکی دانەبڕاو لە سوریا بە فەرمیی بناسێت، ئێمە هەڵویستمان لەسەر گرنگیی چارەسەریی لە سوریا، بەپێی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێدەکەینەوە و ئەو سیاسەتانەی لە سوریا لەلایەن هەندێک لایەنەوە بەڕێوەدەبرێت، شەرمەزار دەکەین، هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە بابەتەکان لە یەک جیابکەنەوە و هەرێمەکەمان وەک هەرێمەکانی دیکەی سوریا بناسن، واتا بە داخوازیی گەلەکەمان بۆ خۆبەڕێوبەریی لەناو وێرانیی و ئاڵۆزییەکانی سوریا بدەن.

ف.ق