خۆبەڕێوەبەریی: سەردانی شاندی هاوپەیمانی بۆ هەولێر زیان بە پرسی کورد دەگەیەنێت

نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی لەهەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانی شاندێک بە ناوی هاوپەیمانی بۆ هەولێر زیان بە پرسی کورد دەگەیەنێت و دانانی بەربەستی ڕاستەقینەیە بۆ بەردەم بەڕێوەچوونی دانوستانی کوردان لە ڕۆژئاوا.

نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان لەسەر سەردانی ئەو شاندەی کە پێی دەڵێن “هاوپەیمانی سوریا” بۆ هەولێر، ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

لە بەشێکی بەیاننامەیەکەدا هاتووە: سەردانی شاندێکی هاوپەیمانی نیشتیمانی سوریا بە سەرۆکایەتی نەسر حەریری بۆ هەولێر، لە چوارچێوەیەی زیانگەیاندنی تەواوەتییە بە پرسی کورد و دانانی بەربەستی ڕاستەقینەیە بۆ بەردەم بەڕێوەچوونی دانوستانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.

هەروەها هاتووە: حەریری و شاندی یاوەری، لە بارودۆخێکدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان – عێراق – پەدەکە، کۆدەبێتەوە کە جوگرافیای رۆژاوا لە قۆناغێکی سەخت و مەترسیداردایە، بە تایبەت کە داگیرکارییە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا لە هەرێمەکانی وەک عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی، بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی پێشتری ئەو هاوپەیمانیەتییە و سەرۆکایەتی  نەسر حەریری ئەنجامدراون.

نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی، لە بەیاننامەکەدا دەشڵێت: حەریری و کۆمەڵێک لەو کەسانەی کە سەر بە تورکیان، بە هەموو جۆر و ڕێگایەک لەو پرۆژە دیموکراتییە دەدەن کە لەلایەن کورد و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە پێشکەش کراوە، هاوکات بەرگری توند دەکەن لە پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک.

هەروەها دەڵێت: ئێمە لە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان، پێمانوایە ئەم سەردانە زیان بە بەرژەوەندییەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگەیەنێت و دەبینین ئەم دیدارە لەگەڵ ڕۆحی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا یەک ناگرێتەوە، بە تایبەتی دوای ئاوارەبوون و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە گەلەکەمان بۆ ناوچەکانی دیکە کە لە ئەنجامی سیاسەت و ڕێککەوتنەکانی هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بوون.

نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی ڕاشیگەیاندووە: ئەمڕۆ ئەم هاوپەیمانیە نوێنەرایەتی بەرەی سیاسی تیرۆر دەکات لە سوریا و تیرۆریستان و بەکرێگیراوانی داعش لە خۆ دەگرێت، هەروەها ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بەشداری شەڕیان لەگەڵ تورکیا کردووە لە دژی هەرێمەکانی تری وەک لیبیا و ئازەربایجان پێویستە ئەوەش تێبینی بکرێت، ئەو پێشێلکاری و لەناوبردنانەی کە بەکرێگیراوانی هاوپەیمانی لە دژی گەلەکەمان لە ناوچە داگیرکراوەکان لەلایەن تورکیاوە ئەنجامیان داوە، بە تاوانی جەنگ دەزاندرێن و هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤایەتی.

لەکۆتایی بەیاننامەکەشدا نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی دەڵێت: سەردانەکە و شێوازی پێشوازیکردن لێی لە هەولێر، بە واتەی ڕەزامەندیی دێت لەسەر ئەوەی کە هاوپەیمانی لە ڕۆژئاوا چی دەکات، پێشمانوایە ئەوە نە لە بەرژەوەندی گەلی کورد و نە لە بەرژەوەندی گەلی سوریادایە.

ف.ق