خەڵکی حەسەکە بۆ پشتگیریی مەخمور ڕێپێوانیان کرد

خەڵکی حەسەکە بە ڕێپێوانێک پشتیوانیان بۆ نیشتەجێیانی کەمپی مەخمور دەربڕی و داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەن نەکەونە شوێن سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی.

لەژێر درووشمی «بە هێرش و گەمارۆ ئیرادەمان ناشکێنن»، بەیانی ئەمڕۆ، سەدان کەس لە دانیشتووانی حەسەکە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی کەمپی مەخمور، دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ گەمارۆدان و تەلبەندکردنی کەمپەکە.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی حەمامە لە گەڕەکی تەل حەجەر دەستیپێکرد. سەدان کەس لە دانیشتووانی شارەکە، نوێنەرانی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پارتە سیاسییەکان لە چالاکییەکەدا بەشداربوون. وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و لافیتەکان بەرزکرابوونەوە بە درووشمی «بە هێرش و گەمارۆ ئیرادەمان ناشکێنن».

ڕێپێوانەکە بە شەقامە سەرەکییەکاندا تێپەڕی، درووشمەکان بۆ ستایشی بەرخۆدانی گەلی مەخمور بەرزکرانەوە و هەوڵەکانی سوپای عێراق شەرمەزار کران.

کاتێک بەشداربووان گەیشتنە چوارڕیانی شەهید سەرحەد لە گەڕەکی موفتی، ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ وەستانی جەماوەری، لەوێدا هاوسەرۆکی پەیەدە لە حەسەکە، ڕەمەزان فەتاح قسەی کرد. ئاماژەی کرد بە هەوڵی سوپای عێراق بۆ گەمارۆدانی کەمپی مەخمور، گوتی: «حکومەتی عێراق دەخوازێت فشار بخاتە سەر گەلی مەخمور، تا ئیرادەیان بشکێنێت، گەلی مەخمور ملکەچی ئەم سیاسەتانە نابن لە دژیان، بەتایبەت سیاسەتی پەدەکە، ئەو پارتەی لە ساڵی ٢٠١٤ لەکاتی هێرشی چەتەکانی داعش مەخموری جێهێشت و هێزەکەی کشاندەوە بۆ هەولێر».

ڕەمەزان فەتاح دووپاتی کردەوە: «ئەگەر بەرخۆدانی گەلی مەخمور نەبا دژی داعش، ئەوکات داعش ناوچەیەکی بەرفراوانی داگیردەکرد و دەگەیشتە هەولێر».

ئاماژەی کرد بەوە کرد، سوپای عێراق و پەدەکە بەم شێوەیە پاداشتی بەرخۆدانی گەلی مەخمور دژی داعش دەدەنەوە: «پاش ئەم هەموو بەرخۆدانە، ئەمڕۆ حکومەتی عێراق گەمارۆ بەسەر کەمپەکەدا دەسەپێنێت و پەدەکە سیاسەتی خۆی جێبەجێ دەکات».

داوای لە حکومەت و سوپای عێراق کرد، شوێن سیاسەتی قڕکەری دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەکەون. سڵاوی بۆ گەلی مەخمور نارد و پشتیوانی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای بۆ بەرخۆدانەکانیان دووپات کردەوە.

ڕێپێوانەکە بە گوتنەوەی درووشم بۆ ستایشکردنی بەرخۆدانی گەلی مەخموور کۆتایی هات.

ف.ق