خەڵکی کۆبانێ بۆ پشتیوانی لە بەرخودانی گەریلا رژانە سەر شەقامەکان

سەدان کەس لە هاووڵاتییانی کۆبانێ لە دژی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا رێپێوانیان ئەنجامدا و داوایان لە هەموان کرد خاوەنداری لە بەرخودانی گەریلا بکەن.

هاووڵاتییانی کۆبانێ لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد تاوەکو گۆڕەپانی شەهید عەگید ریپێوانیان ئەنجامدا و لە چالاکییەکەدا چەند پۆستەر، کە لەسەریان نووسرابوو "پیلانگێڕی تێکدەشکێت و ئیرادەی ئازاد سەردەکەوێت"  و "نا بۆ کۆمەڵکوژی و پیلانگێڕی" بەرزکرابوونەوە.

راپەڕین کۆبانێ ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی ستار لە چالاکییەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "هێرشێکی ئیمپریالیستیی نێونەتەوەیی ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە بەرخودانی گەریلا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پووچ دەکرێنەوە. دەوڵەتى تورک لە بەرامبەر گەریلادا ناتوانێت سەربکەوێت، بۆیە دەیەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەکار بهێنێت، بەڵام پەدەکەش ناتوانێت دەسەڵاتی ئەردۆغان رزگار بکات. دەبێت هەموان ئەوە باشی بزانن، کە گەلی کورد حسابی ئەوە دەپرسێتەوە".

راپەڕین داوای لە هەموو کەسێک کرد بە هەستیارییەوە سەرنجیان لەسەر هێرشەکان بێت و وتی، "ئەمساڵ دەبێتە ساڵی تێکشکاندنی دوژمن و کۆتایهێنان بە خیانەت. دەبێت ئێمە پشتیوانی لە بەرخودانی گەریلا بکەین".

چالاکییەکە بە وتنەوەى دروشم کۆتایی پێهات.

ژ.ت