خەلەف بانگەشەکانی 'پەیمانی' عەین عیسای بەدرۆخستەوە

فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی گرێ سپی رایگەیاند، هیچ رێکەوتنێک لەبارەی عەین عیساوە لەگەڵ رووسیا نەکراوە.

ریاز ئەلخەلەف فەرماندەی گشتی ئەنجومەنی سەربازی گرێ سپی بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار رایگەیاند، هێزەکانیان ئەم ئێوارەیە وڵامی هەوڵەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێگای ئێم ٤ داوەتەوە.

ئەلخەلەف باسی ئەوەی کرد کە هەموو هەواڵ و زانیاریەکان کە دەڵێن، قەسەدە لەگەڵ هێزەکانی رووسیا رێکەوتووە دوورن لە راستیەوە و وتی، "دوای ٦ مانگ لە هێرشە قوڕسەکانی دەوڵەتی تورک، نەخشەی کۆنتڕۆڵکردن وەک خۆیەتی."

هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە زۆر خاڵی سەربازی لە بەرەکانی شەڕ هەن و جموجووڵی سەربازی رووسیاش لە بەرەکانی دواوە بەردەوامە.

لەبەردەم بارەگای رووسیا لە ناوچەی عەین عیسا رۆژانە چالاکی شەرمەزاکردن ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورک دەوروبەری بارەگاکە تۆپباران دەکات، بەڵام روسیا تاوەکۆ ئێستا هیچ هەڵوێستێکی پیشان نەداوە.

لە ئەنجامی پەیمانی سوچیدا لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، کە لەنێوان رووسیا و دەوڵەتی تورک ئیمزا کرا، هێزەکانی رووسیا و حکومەتی سوریا لە هەرێمەکانی ژێر داگیرکەری تورک و چەتەکانی بڵاوبوونەتەوە، بۆ ئەوەی چاودێری ئاگربەست بکەن. لەگەڵ ئەوەی کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەین عیسا بەردەوامە و رێگای ئێم ٤ تۆپباران دەکات و خەڵكی مەدەنی دەکاتە ئامانج، بەڵام رووسیا و حکومەتی سوریا بێدەنگن.

ف.ق