خۆپیشاندان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە عەین عیسا

گەلی عەین عیسا لەڕێگەی خۆپیشاندانێک داوایان کرد تێکۆشان و بەرخۆدان بەگوڕتر بکرێت لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی، هەروەها دوایین بڕیاری دەوڵەتی تورکیان ڕەتکردەوە سەبارەت بە قەدەغەکردنی دیدار.

ئەمڕۆ، سەدان کەس لە شارۆچکەی عەین عیسا و کۆچبەرانی کانتۆنی گرێ‌سپی خۆپیشاندانێکی فراوانیان ئەنجامدا، بۆ شەرمەزارکردنی بڕیارەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ قەدەغەکردنی دیداری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ٦ مانگی تر، کە ماوەی دوو ساڵە ڕێگرە لەوەی پارێزەر و بنەماڵەکەی سەردانی بکەن.

خۆپیشاندانەکە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شارۆچکەکە دەستیپێکرد، بەشداربووان وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای کۆنگرەی ستاریان بەرزکردەوە، لەگەڵ گوتنەوەی درووشمەکانی: "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بڕوخێ ئەردۆگان، بژی ڕێبەر ئۆجالان".

پاش گەیشتنی بە چوارڕیانی شەهید جودی، خۆپیشاندانەکە گۆڕا بۆ وەستانی ناڕەزایەتی، پاشان ئەندامی کۆنگرەی ستار، هەدلە حاجی موسلم، ئاماژەی بەوە کرد "دەسەڵاتی فاشیستی تورک دوو ساڵە  گۆشەگیرییەکی توند دەسەپێنێت بەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بە مەبەستی شکاندنی ئیرادە و ڕێبازەکەی کە گەلانی ئازاد باوەڕیان پێیەتی لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسی، گەلان لە هزری ئەودا ڕزگاربوون لە سیاسەتی نکۆڵی و ستەم دەبینن".

پاشان هەدلە ڕەخنەی لە بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان گرت، بەرامبەر کارە نامرۆییەکان دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هاوڕێیانی لە زیندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

لەکۆتایی قسەکانی، جەختی کردەوە لەسەر پێویستی بەگوڕکردنەوەی تێکۆشان و بەرخۆدان تا شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی، لەگەڵ کاری فراوان بۆ تیشک خستنەسەر ڕەوشی زیندانیان لە ئیمراڵی و زیندانەکانی تری تورکیا.