خوێندکارانی زانکۆی رۆژئاوا پشتگیریان لە خویندکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد

لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە شاری قامیشلۆ- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆ پشتیوانی خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە ڕووبەڕووی هێرش و ژەهراویکردن بوونەتەوە، راگەیەندراوێک خوێندرایەوە.

راگەیەندراوەکە لەلایەن سەلوە عەبود، وتەبێژی کۆمەڵەی خوێندکارانی زانکۆی ڕۆژئاوا خوێندرایەوە و وتی: "ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد و شەش مانگی تێپەڕاندووە، ڕۆڵی خوێندکاران لەم ڕاپەڕینەدا زۆر گرنگ بوو لەسەر ئاستی پیشەنگایەتی، بەتایبەتی ڕۆڵی خوێندکارانی کچ، ئەو کراسە ڕەش و تەنگەی کە لەلایەن ڕژێمی ستەمکاری ئێرانەوە بە سەرکوت و زۆرداری دوورابوو، بە پیشەنگایەتی ژنانی گەنج لە لایەن کۆمەڵگەوە یەک بەیەک دڕێندران، ئەمەش ترس دەخاتە دڵی ڕژێمی چەوسێنەری ئێرانەوە کە دەیەوێت ڕژێمەکەی هەمیشەیی بکات بۆیە ئەو پلان دادەنێت و هێرشی دڕندانە ئەنجام دەدات. 

"زیاتر لە ٧ هەزارخوێندکار ژەهراوی بوون"

سەلوە عەبود لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە زیاتر لە ٧هەزار خوێندکار ژەهراوی بوون، کە چواریان گیانیان لەدەستداوەو وتی: ماوەی ٤٤ ساڵە ڕژێمی ئێران دەستی بە دەستگیرکردن و کوشتن و لەسێدارەدان کردووە و  ئەو شێوازەی کە ئەو بەرگری لە ڕژێمەکەی دەکات بەم دواییانە زیادی کردووە، بۆ ژەهراوی بوونی خوێندکارانی کچ بێگومان ئەمە ئامانجێکی ئاسایی و ڕێکەوت نییە، لە ژەهراوی کردنی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک سنە و مەهاباد و ئیلام و کرماشان و سەقز و مەریوان و بۆکان و لە شارەکانی ئێران لە تاران و قوم و ئەسفەهان و کەرەج و شیراز ١٧٠ خوێندنگە هیرشی ژەهراویکردنیان کراوەتەسەرو تا ئێستا زیاتر لە ٧ هەزار خوێندکار ژەهراوی کراون و بەلایەنی کەمەوە ٤ خوێندکار گیانیان لەدەستداوە، خوێندکاری زانکۆیان تێدایە بەڵام زۆربەیان خوێندکاری ناوەندی و ئامادەیین.

"ڕژێمی ئێران ناتوانێت ڕێ لە ڕەشەبای گۆڕان و ئازادی بگرێت"

سەلوە عەبود ئاماژەی بەوەدا کە ڕژێمی فاشیستی ئێران نەیتوانی ڕێ لە ڕەشەبای گۆڕان و ئازادی بگرێت و وتیشی: ئەم هێرشە دژی ئەو خوێندکارانە ئەنجام دەدرێت کە ئێستا دیواری ترسیان شکاندووە و گۆڕانێکی دیموکراتیکیان دەوێت، بەڵام ئەم هێرش و ستەمانەی ڕژێم ڕێگر نابێت لە ڕەشەبای گۆڕان و ئازادی، ئەم ڕەشەبای ئازادییە ڕەگی لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی گەنجانی ٦٨دا گرتووە و ئێستا لە هەموو چیا و دەشت و شارەکانی کوردستان دەگەڕێت دەمانەوێت بەبیر هەموو کەسێک بهێنینەوە کە لەم گەنجە شۆڕشگێڕانە بزووتنەوەیەکی وەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەرکەوتووە، ئێستا پێشەنگایەتی هەموو گرووپ و گەلانی چەوساوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات ڕێبەری ئەو بزووتنەوەیە ڕێبەر ئاپۆیە، کە فەلسەفەی ئازادی کۆمەڵگەی بە "ژن، ژیان، ئازادی" داڕشتووە، ئێستا ئەم فەلسەفەیە بۆتە دروشمی سەرەکی ئەم ڕاپەڕینە، ناوەندی ٦٨ی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە ئەوروپا بوو، بەڵام لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا، ئێستا ناوەندی گەنجانی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئاڵای پێشەنگایەتی لە دەستی گەنجانی ڕۆژهەڵات و ئێراندایە، ئەم شەپۆلەی ئازادی ژنان و گەلان کە ئێمە بە "ژن، ژیان، ئازادی" دایدەڕێژین، لە باکوور درەوشاوە و لە ڕۆژئاوا و ئێستا لە ڕۆژهەڵات دەگاتە لوتکە.. 

ئیوە بەتەنها نین

سەلوە عەبود لە بەیاننامەکەدا دووپاتیکردەوە کە خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەنیا نین و پشتیوانیان لێدەکەن و بەم شێوەیە کۆتایی بە ڕاگەیەندراوەکە هینا: بۆیە دەڵێین گەنجان و ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەنیا نین ئێمە وەک خوێندکارانی زانکۆی ڕۆژئاوا بە هەموو شێوەیەک لە پشتیوانیداین، بانگەوازی هەموو گەنجانی شۆڕشگێڕ و خوێندکارانی جیهان دەکەین، دڵی شۆڕشی ئازادی ئێستا لە ڕۆژهەڵات و ئێرانە با پێکەوە لەگەڵ گەنجان و خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تۆڕی پشتیوانی دروست بکەین، ڕژێمە دیکتاتۆری و هەژموونگەرەکان لە ڕێگەی پشتیوانی شۆڕشگێڕانەوە دەچەوسێنرێنەوە".

بەیاننامەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.

ف.ق