ڕێکخستنی ئالوبەیت دامەزرا

ئەمڕۆ یەکەمین کۆنفرانسی دامەزراندنی ڕێکخستنی سەیدانی ئالوبەیت لە شاری تەبقە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەچێت، وا بڕیارە مەجلیس و هاوسەرۆکانی ڕێکخستنەکە هەڵبژێردرێن.

بە سەرپەرشتی ئالوبەیت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەژێر دروشمی "ئەی پەیامبەر، بە ئەخلاقی تۆوە، بڵند دەبین"، یەکەمین کۆنفرانسی دامەزراندنی ڕێکخستنی ئالوبەیت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر سەکۆی ناوەندی کەلتووری شاری تەبقە بەڕێوەدەچێت.

ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی و نوێنەرانی دامەزراوە ئایینییەکان، بەشێک لە نوێنەران و شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و مەجلیسی سوریای دیموکراتیک و پارتە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن.

کۆنفرانسەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان هاوسەرۆکی مەجلیسی جێبەجێکردنی تەبقە، هیند عەلی، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و پیرۆزبایی بەستنی کۆنفرانسی کرد، دووپاتی کردەوە: "ئەم کۆنفرانسە بە ڕۆڵ و فەزڵی شەهیدان دەبەسترێت کە هەموو شتێکیان بەخشی لەپێناو ئازادیی هەرێمەکە".

کۆنفرانسەکە بە پێشکەشکردنی وتارەکان بەردەوامە، لە پرۆگرامەکەشیدا چەندین وتاری لەخۆدەگرێت بەناوی ئیسلامی دیموکراتیک و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و مەجلیسی سوریای دیموکراتیک و هتد.

کۆنفرانسەکە خوێندنەوەی ئایەتەکانی قورئان و سرودە ئایینییەکان دەگرێتەخۆ، لەگەڵ گفتوگۆکردن دەربارەی پەیڕەوی ناوخۆیی و پەسەندکردنی، پاشان هەڵبژاردنی مەجلیس و هاوسەرۆکانی ڕێکخستنەکە.