کەمئەندامانی کۆبانێ: بە ئیرادەی خۆمان لە کۆبانێ بووین بە گەردەلول

کەمئەندامانی کۆبانێ وتیان: "ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ دەرئەنجامی بەرخۆدانی گەورەیە. نابێت ئەوە لەبیربکرێت، کە ئێمە تەنیا لەکۆبانێ یەک شەقاممان بە دەستەوە مابوو، بەڵام ئێمە بە ئیرادەی خۆمان لەو شەقامەوە خۆمان کرد بە گەردەلول".

ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش بە تانک و توپ هێرشیان کردە سەر شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان. خەڵکی کۆبانێ و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بە شێوەیەکی مێژوویی بەرخۆدانیان کرد و ڕێگریان لەوە کرد، کە شارەکە بکەوێتە دەست چەتەکانی دوژمنی مرۆڤایەتی. لە سەخترین و گرنگترین ڕۆژەکانی بەرخۆدانی کۆبانێدا، وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ و چەندین ئەکادیمیسیەن، ڕۆشنبیر، نووسەر و هونەرمەند ڕۆژی ١ی نۆڤەمبەر (تشرینی یەکەم)یان بە ڕۆژی جیهانی کۆبانێ ڕاگەیاند.

دوای ئەم بانگەوازە مێژووییە لە ئەڵمانیاوە بۆ ئیتالیا، لە سکاندیناڤیاوە بۆ فەرەنسا، لە ئینگلتەراوە بۆ یۆنان، لە کەنەداوە بۆ ئوسترالیا، لە هیندستانەوە بۆ ئیکوادۆر، لە ئیسپانیاوە بۆ ئەمریکا، ملیۆنان کەس چوونە مەیدانەکان و پشتیوانیان لە بەرخۆدانی کۆبانێ کرد.

سەرەتا بۆ ئەوە هاتن بۆ سنوور، کە شکستی ئێمە تۆمار بکەن

ئەو کەسانەی لەو کاتەدا لە کۆبانێ بەرخۆدانیان کرد چۆن پێشوازی لە ١ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی کۆبانێ دەکەن و چۆن یادی دەکەنەوە؟ ئیسماعیل محەمەد ئەندامی کۆمیتەی کەمئەندامانی کۆبانێ وتی، کاتێک شەڕ لە کۆبانێ دەستیپێکرد، ئەندامانی زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرتاسەری جیهان لە سنوور کۆبوونەوە و وتی: "دەیانەویست ئەم شەڕە بەڵگە بکەن، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیانویست بە بەڵگەی بکەن و تۆماری بکەن ئەوە بوو، کە هیچ بەرگرییەک ڕوونەدات. ئەوەی دەیانویست بەڵگەی بکەن تێکشکانی بەرخودانی ئێمە، تێکشکانی خوڵقێنەرانی ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد بوو. ئەمە نەک تەنها وانەیەک بوو، کە دەیانویست بە گەلی کوردی بدەن، بەڵکو دەیانویست لەو ڕێگەیەوە وانەیەک لە کەسایەتیی کۆبانێی دا بە گەلانی جیهان بدەن".

ئیسماعیل محەمەد باسی ئەوەشیکرد، جیهان بینیی، کە دەوڵەتی تورک لەسەر سنوور چۆن پشتگیری لە چەتەکان دەکرد و وتی، "بەڵام بەرخۆدانی کۆبانێ ئەمەی بۆ هەموو جیهان سەلماند، گەلێکی خاوەن ئیرادە هەمووکات و لە هەموو بارودۆخێکدا دەتوانێت بەرگری و بەرەنگاری بکات. گەلانی جیهان ڕووداوەکانی ئەو شەڕەیان بینی، بوونە شایەتی ژان و ئازارەکان، ئازاری هەزاران مرۆڤی ئاوارەیان بینی. ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی کۆبانێ هەبێت، ئەوە لە سایەی گەلانی جیهانەوەیە".

کۆبانێ بە بەرخۆدانی خۆی بوو بە جیهانی

ئیسماعیل محەمەد ڕایگەیاند، دوای ئەم بەرخۆدانە لە کۆبانێ سەدان کەس ویستیان خۆیان بگەیەننە کۆبانێ و وتی" ئەوان ویستویان بێنە ریزی شەڕڤانانەوە، کە لە کۆبانێ بەرخۆدانیان دەکرد. سەدانیان هاتن و دەیانیان شەهید بوون. کاتێک چەتەکان و لایەنگرانیان هەوڵیاندا کۆبانێ بخنکێنن، بەرخۆدانی کۆبانێ بەهێزتر و گەورەتر بوو، هەر ئەوەندەی ئەوان خواستیان بەرخودانی کۆبانێ تێکبشکێنن و ئیرادەیی بڕوخێنن، کۆبانێ بوو بە جیهانی".

ئیسماعیل محەمەد رایگەیاند، کۆبانێ بە یەکگرتوویی لە بەرخۆدان دا ئازادکرا و وتیشی: "با لەبیرمان نەچێت، ئێمە لە کۆبانی تەنها یەک شەقاممان بە دەستەوە مابوو. ئێمە بە ئیرادەی خۆمان لەو شەقامەوە دەستمان پێکرد و خۆمان کرد بە گەردەلول. بەرخۆدانی کۆبانێ بووە سەرچاوەی ورە و هیوای بەرخودان بۆ هەموو جیهان و گەلانی ئازادیخواز و چەوساوە".

ئیسماعیل محەمەد ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی جیهانی کۆبانێ دەرئەنجامی ئیرادە، ڕەنجدان و بەرخۆدانێکی گەورەیە و لە کۆتایدا وتی: "ئێمە ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ پێشکەشی ڕێبەری فەلسەفەکەمان و خاوەنی پرۆژەی دیموکراتیکمان و گەلە خۆڕاگرەکان دەکەین. ئێمە دەزانین ئەو ڕۆژەی ڕێبەرەکەمان ئازاد بوو، ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئازادیی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنرێت".

بەرخۆدان لە دژی داگیرکاری جێگای دڵخۆشی بوو

جوان ئازاد لە ساڵی ٢٠١٢ لە ڕەقا ئەندامی یەکێتیی خوێندکارانی کوردستان (یەخەکە / YXK) بوو و کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر کۆبانێ ڕووی لە کۆبانێ کرد و لەوێ برینداربوو.

جوان ئازاد ڕایگەیاند، بۆ ئێمە قۆناغەکە لە پرۆسەی سەرەتای شۆڕشی ١٩ی تەموزەوە تاوەکو شەڕی کۆبانێ پرۆسەیەکی پیرۆزە و وتی: "دەرفەتێکی مێژووییمان بۆ ڕەخسابوو، بۆ ئێمەی گەنجانی کورد شەڕ بوو لە پێناو وڵاتی خۆتدا، ڕزگارکردنی خاکی خۆمان لە داگیرکەران و بنیاتنانی وڵاتێکی ئازاد جێگەی خۆشحاڵی بوو".

لە کۆبانێ ١٣ هەزار چەتە تێکشکان

جوان ئازاد وتی، ژنان و گەنجان و پیرانی هەرچوارپارچەی کوردستان و هەمووان کۆبانێیان لە ئامێزگرت و وتی: "ئەم بەرخۆدانە پلانی دەوڵەتەکانی پشت داعشی تێکشکاند. بێگومان دەبێت هەموو جیهان پشتیوانی لە گەل و بەرخودان بکەن. ئەگەر گەلێک خاوەنداری لە خۆی نەکات، کەس پشتیوانیی لێناکات. گەلی کوردستان ئەوەی سەلماند. ١٣ هەزار چەتەی داعش لە کۆبانێ تێکشکێنران. لەبەر ئەوە بوو، کە دەبوو ٧٢ وڵات پشتگیری لە قەسەدە بکەن. بەرخۆدانی گەلی کورد و ئیرادەی گەلی کورد وای لە هاوپەیمانان کرد، کە پشتگیری لە قەسەدە بکەن. ئەگەر ئەم بەرخۆدانە نەبوایە ئەو وڵاتانە هەرگیز پشتگیریان نەدەکرد".

جوان کۆبانێ یەکێک لە کەمئەندامەکانی کۆبانێ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بۆ ئەوەی پرۆژەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە جیهان بناسێنن بەردەوام دەبن لە تێکۆشانەکەیان و لە کۆتایی دا وتی: "ئەگەر دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ ئەوەندە بێباکانە هێرش دەکاتە سەر ئیمراڵی، هەروەها بە چەکی کیمیایی و شێوازە دڕندانەکانی تر هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئەوە نیشانەی تەنگاویەتی بەرامبەر بە تێکۆشانی کوردان".

ژ.ت