کۆمیتەی کۆچبەران ئاماری ٣ ساڵ داگیرکەری و تاوانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بڵاوکردەوە

کۆمیتەى کۆچبەران ئاماری ٣ ساڵ لە تاوانکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری لە گرێسپی و سەرێکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "٥١١ کەس دەستگیرکراون، ١٨٣ کەس ڕفێندراون، ٣٢٥ کەس ئەشکەنجە کراون. ٩٢ زیندانییان ڕفاندووە بۆ تورکیا و ٥٦ کەس کوژراون".

بە دەستپێکردنی هەڵمەتی کۆمیتەى کۆچبەرانی سەرێکانی بە هاوکاریی دەزگای هاوپشتی بۆ قوربانیان (Tazour) لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی "گەڕانەوەی پارێزراو مافی ڕەوای ئێمەیە" ئاماری تاوانکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری لە ناوچە داگیرکراوەکانی گرێسپی و سەرێکانی بڵاوکردەوە.

جوان ئیسۆ بەرپرسی کۆمیتەی کۆچ و کۆچبەرانی سەرێکانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بۆ ڕاگەیاندنەکان باسی لەو هەڵمەتە کرد، کە لە کامپی واشوانی دا دەستیان پێکردووە.

کۆمەڵکوژی، ڕفاندن و ئەشکەنجەدان

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە، "لە کاتی داگیرکردنی ئەو دوو هەرێمە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ەوە، ٥١١ کەس دەستگیرکراون، کە ٦٨ کەسیان ژن و ٤٢ کەسی تریشیان منداڵن.

هەر لەو ماوەیەدا ١٨٥ کەس ڕفێنراون. ٣٢٥ کەس ئەشکەنجەدراون و بەلایەنی کەمەوە ٥ کەس لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.

٩٢ زیندانی گوازراونەتەوە بۆ تورکیا، کە ٤٨ کەسیان لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە سزای زیندانیان لە نێوان ١٣ ساڵ تاوەکو زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.  

هاوکات ٥٦ کەس کوژراون، کە ١١ کەسیان ژن بوون و ١١ کەسی دیکەش لەسێدارەدراون".

داگیرکاری، زەوتکردن و تاڵانکردن

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "زیاتر لە سەدا ٨٥ی دانیشتوانی سەرێکانی نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵەکانیان.٢ هەزار و ٥٠٠ بنەماڵەی کۆچبەر لە شوێنی خەڵکە ڕەسەنەکە جێگرکراون. ٥٥ خێزانی داعشی عێراقی لە ماڵە دەستبەسەردا گیراوەکانی سەرێکانی دا  جێگیرکراون.

داگیرکەران دوای ئەو داگیرکارییە دەستیان بەسەر زیاتر لە ٥ هەزار و ٥٠٠ ماڵی هاوڵاتیان و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ دوکاندا لەو دوو ناوچە داگیرکراوەدا گرتووە.

 ٥٥ گوندیش لە دانیشتوانە ڕەسەنەکەی چۆڵکراون. زیاتر لە ملیۆن دۆنم (١٠٠ هەزار هێکتار) زەویی هاووڵاتییان دەستی بەسەردا گیراوە".

١٤٥ کەس گیانیان لەدەستداوە

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە، "هیچ ئاسایش و ئارامییەک لە هەرێمەکەدا نەماوە و بەلایەنی کەمەوە ٧٢ تەقینەوە ڕوویانداوە و ١٤٥ هاوڵاتی مەدەنی بە ژن و منداڵەوە کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.

 هەروەها ٤٦ جار گروپەکانی سەر بە سوپای وەتەنی سوریا لەسەر دزی و تاڵانی بە یەکدا هەڵپژاون و لەو پێکدادانانەدا بەلایەنی کەمەوە ٣ کەسی کوژران و زیاتر لە ٢٥ کەسی تریش برینداربوون".

ژ.ت